ئەو خۆراکانە چین کە سوڕی خوێن چالاک دەکەن و ئازار و گرژی ماسولکەکان کەم دەکەنەوە؟

پزیشک هەڤین کەمال شا لە نووسێنیکدا ئاماژە بە چەند جۆرێک خۆراک و میوە دەکات، کە سوڕی خوێن چالاک دەکەن و ئازارو گرزی ماسولکەکان کەم دەکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک هه‌ڤین که‌مال شا، پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن،  نووسیویەتی سووڕی خوێن ھۆکاری گواستنەوەیە لە لەشدا، خواردن و ئۆکسجین دەگەیەنێتە ھەموو ئەندامەکانی لەش، لە مێشک بگرە تا دڵ و تا دەگاتە ماسولکە و پێست. خۆراکی تەندروست یەکێکە لەو ڕێگایانە بۆ چالاککردنی سوڕی خوێن، لەگەڵیدا وەرزش، ئاو خواردنەوە، کۆنتڕۆڵکردنی کێش، جگەرەنەکێشان، دوورکەوتنەوە لە کافایین ..ھتد.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەندێک خۆراک بە ڕێژەیەکی زۆر سوڕی خوێن چالاک دەکەن، لەوانە:

- بیبەری توونی سوور: ئەم جۆرە بیبەرانە تەنیا وەک بەھاراتێک تام و چێژ نادەن بە خۆراکەکانت، بەڵکو بەڕێژەیەکی زۆر ماددەی " کاپسەسین" یان تیادایە کە خوێنبەرەکان پاکدەکەنەوە، ھەروەھا ئازارشکێنن و ماسولکەکانیش خاودەکەنەوە، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی چالاکبوونی زیاتری سووڕی خوێن و شتێکی باشە بۆ فشاری خوێن .

 

- چەوەندەر: ئەم خۆراکە ڕێژەیەکی زۆری نایترەیتی تیادایە، کە لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ نایتریک ئۆکساید، نایتریک ئۆکسایدیش بۆرییەکانی خوێن نەرم دەکاتەوە و سوڕی خوێن چالاک دەکات لە خانە و شانەکانی لەشدا.

 

- بێرییەکان: ئەمیش خێزانی میوەکانی وەکو شلک، توو، گۆڵدن بێری، بلو بێری و شاتوو و توتڕک ..ھتد دەگرێتەوە، بەڕێژەیەکی زۆر ئەنتی ئۆکسیدیان تیادایە، کە بەناوی "ئەنتۆسایەنین"ە پارێزگاری لە دیواری بۆرییەکانی خوێن دەکات، و ناھێڵێت ڕەق ببن، ئەم مادەیە یارمەتی ڕژانی نایتریک ئۆکساید دەدەن کە فشاری خوێن نزمدەکەنەوە .

 

- ماسییە چەورەکان : وەکو سەلمۆن، ماکیریل کەجۆرە ماسییەکی دەریایە، ھالیبوت ..ھتد، زۆر گرنگن بۆ تەندروستی دڵ، لەبەرئەوەی ڕێژەیەکی زۆر ئۆمێگا سێ یان تیادایەو کاریگەرییان ھەیە لەسەر چالاککردنی سوڕی خوێن و دابەزینی فشاری خوێنیش .

 

-ھەنار: دەنکە سوورەکانی ھەنار پڕن لەخۆراکە ماددەی بەسوود، بەتایبەت ئەنتی ئۆکسیدەکان و نایترەیت، ئەمەش دەبێتە ھۆی کشانی بۆری خوێنەکان و کەم کردنەوەی گرژی ماسولکەکان، لەگەڵیدا ئاسانی ھاوچۆکردنی سوڕی خوێن، دەبێتە ھۆی زیادکردنی ڕۆشتنی ئۆکسجین و خۆراک بۆ ھەموو بەشەکانی تری لەش، دەبێتە ھۆی چالاکی و ووزەی زیاتر لە مرۆڤدا .

 

- سیر: بە ڕێژەیەکی زۆر جۆرێک لە سەلفەری تیادایە کە ناوی (ئەلیسین) ە، کە بۆری خوێن خاو دەکاتەوە. لە توێژینەوەکاندا بینراوە ئەو کەسانەی بە ڕێژەیەکی زۆر سیر بەکاردەھێنن لە خۆراکەکانیاندا، کێشەی چالاکی سوڕی خوێنیان نییە و دڵ ناچار نابێت فشاری زیاتری بچێتە سەر بۆ چالاککردنی سوڕی خوێن .

 

- کاکڵەی گوێز: ڕێژەیەکی زۆر جۆرێک لە ئۆمێگا سێی تیادایە کەناوی "ئەلفا-لینۆلینیک- ئەسید "ە، بینراوە سوڕی خوێن چالاک دەکات و ھەروەھا بەپێی توێژینەوەیەکیش ئەگەر بۆ ماوەی ھەشت ھەفتە بە ڕێکی گوێز بخورێت ئەوا پارێزگاری لە تەندروستی بۆری خوێن دەکات و پاکیان دەکاتەوە و فشاری خوێن دادەبەزێنێت.

 

- ترێ: توێژینەوەکان سەلماندویانە ئەو ماددە دژە ئۆکسیدەی لەناو ترێدا ھەیە یارمەتی بۆری خوێن دەدات کە بکشێن و باشتر کاربکەن، جگە لەوەی ترێ ئەو ھەوکردن و گەردانەی لەناو خۆێندا ھەن و وادەکەن خوێن لینجتر بێت دەیانگرێت و پاکیان دەکاتەوە، بەمەش سوڕی خوێن چالاکتر دەکات .

 

-زەردەچەوە: دژە ھەوکردنێکی بەھێزە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماددەی "کۆرکمین"ەی تیایدایەتی، کەلەگەڵیدا توێژینەوەکان دەڵێن کۆرکمین ڕێژەی دەردانی نایتریک ئۆکساید زیاد دەکەن، کە بۆری خوێن دەکشێنێت و بەو جۆرەش سوڕی خوێن چالاک دەبێت و گرژی ماسولکە ناھێڵێت .

 

- سپێناخ: یارمەتی بەھێز بوون و گەورەبوونی بۆریەکانی خوێن دەدات، بەو جۆرەش ڕێژەیەکی زۆرتر لەخوێن ھاتوچۆ دەکات، ھەروەھا بیندراوە خواردنی سپێناخ بەڕێژەی زۆر پارێزگاری لە دیواری بۆرییەکانی خوێن دەکات .

 

- مزرەمەنییەکان: جگە لەوەی ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین (سی)یان تیادایە، بە ڕێژەیەکی زۆریش دژە- ئۆکسیدیان تیادایە، کە ھەوکردن کە مدەکەنەوە، جەڵتە و کڵۆت لەناو خوێندا کەم دەکەنەوە، سوڕی خوێن چالاکدەکەن و گرژی و ئازاری جومگە کەم دەکەنەوە، توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەوانەی ڕۆژانە شەربەتی پرتەقاڵی فرێش دەخۆن، فشاری خوێنیان نزم دەبێتەوە .