نەشمیل ڕەسوڵ: دەبێت خەڵک هۆشیاربن دەربارەی زانیارییە پزیشکیەکان

بەشداریکردنی پزیشکەکان لە بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکاندا و قسەکردنیان لەسەر هەموو بابەتێک دوودڵی لای خەڵکی دروستکردووە، بە شێوەیەک کاریگەری دەروونی دروست بکات، میدیاش ڕۆڵی سەرەکی هەیە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بەشێک لە پزیشکەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەچنە سەر شاشەی تەلەفیزیۆن و تۆڕی کۆمەڵایەتی و هەر جارێک بە بابەتێکی جیاواز هاوڵاتیان دەخەنە دوودڵییەوە، چونکە لە بەشێک لە ڤیدیۆکانیاندا خودی قسەی خۆیان بە ناڕاست دادەنێن کە پێشووتر کردوویانە، میدیاکانیش لە تەشەنەسەندنی گرفتەکەدا دەستێکی باڵایان هەیە و بۆ کۆکردنەوەی بینەر بازاڕی پزیشکەکانیان گەرم کردووە، لە کاتێکدا ڕینمایی و زانیارییەکانی ئەو پزیشکانە ڕەنگە بۆ هەموو کەسێک وەک یەک نەبێت.

 

"بەشێک لە پزیشکەکان بۆ گەرمکردنی بازاڕی خۆیان زانیاری بڵاودەکەنەوە"

نەشمیل ڕەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، ئاماژەی بەوەکرد لە ئێستادا سەردەمەکە بە جۆرێکە لێشاوێکی زۆر هەیە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی  و میدیاکاندا، گومانی تێدا نییە بڵاوکردنەوەی زانیاری سودی هەیە، بەڵام ئەگەر بە ئاگاییەوە زانیارییەکان بڵاونەکرێنەوە زەرەری هەیە و لێکەوتی خراپی دەبێت بۆ گوێگران، چونکە زانیارییە زیاد لە پێویستەکان دەکرێت ڕاست بێت، یاخود ڕاست نەبێت.

 

ئەو پزیشکە بە گرنگی دەزانێت هەر پزیشکێک یاخود کەسێکی دیار لە ناو کۆمەڵگە کە بابەتێک بڵاودەکاتەوە، ئەو زانیاریانە بڵاوبکاتەوە کە سودبەخش بێت. نەک بابەتێک بڵاوبکاتەوە ببێتە هۆی سەرلێشێوانی بینەر و بینەر تووشی دڵەڕاوکێ و خەمی زۆر بکات، وتیشی: ئەو پزیشکانەی دێنە سەر شاشەکان و زانیاری بڵاودەکەنەوە هەندێکیان پێیان وایە زانیارییەکەیان بۆ هەموو کەسێکە. لە کاتێکدا مەرج نییە ئەو زانیارییەی ئەو دەیڵێت بۆ هەموو کەسێک ڕاست بێت، بەڵام زانیارییەکان بڵاودەکەنەوە بۆ گەرمکردنی بازاڕی خۆیان، دواجار زەرەر لە تاکی گوێگر و بیسەر دەدات.

 

"زانیاری پزیشکی بەردەوام لە گۆڕاندایە بۆیە مەرج نییە قسەی پزیشکێک لە سەردەمێکدا جێگیر بکرێت"

نەشمیل ڕەسوڵ باسی لەوەکرد، زانست ڕۆژ بە ڕۆژ لە گۆڕاندایە بۆیە ئەمە کاریگەری هەیە لەسەر تاک، کاتێک گوێ لە زانیاری پزیشکێک دەگرێت و دوای ماوەیەک ئەو زانیارییە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، خودی تاکەکە تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت، دەشڵێت: ئەگەر من بە خەڵکی بڵێم گوێ لە پزیشک مەگرن دەڵێن ئەی گوێ لە کێ بگرین، کەواتە ئەرکی خەڵکی نییە، بەڵکو ئەرکی پزیشکەکانە بە هۆشیارییەوە زانیاری بدەن، زانیارییەکەشیان تا ئەو ئاستە بێت، کە سودیان پێ ببەخشێت نەک زیانیان لێبدات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پزیشکە ڕوونیکردەوە، نەک تەنها ڕێنماییە پزیشکییەکان، بەڵکو چارەسەری نەخۆشیش ئەگەر یەک جۆر نەخۆشیان هەبێت، لە تاکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، وتیشی: بەرنامەی پزیشکی لە تەلەفیزیۆنەکاندا زۆرن، ئەمانە بە بازاڕ کراون، چونکە سەر لە بەری میدیاکان و تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ کۆکردنەوەی بینەر کار دەکەن، ئامانجیان گەیاندنی زانیارییەکە نییە، بەڵکو ئامانجیان کۆکردنەوەی بینەرە، گرنگ نییە چەنێک باشە گرنگی بەوە دەدەن چەند کەس بەدوای دەکەوێت.

 

"ڕێژەی زۆری بەرنامە پزیشکییەکان دڵەڕاوکێی لای خەڵکی دروستکردووە"

نەشمیل ڕەسوڵ باسی لەوەکرد، خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ و سەرلێشێوان بووە، بەوەی هەر پزیشکێک بە جۆرێک باس لە بابەتێکی پزیشکی دەکات، ئەگەر بە نمونە قەڵەوبوون و دابەزاندنی کێش وەربگرین، هەر پزیشکێک بە شێوازێک بانگەشەی بۆ دەکات، ئەمەش کاریگەری خراپ دەخاتە سەر تاک، هەڵەکەش هەڵەی پزیشک و میدیاکانە کە بەو شێوازە کار دەکەن، جگە لەوەش هەڵەی تاک خۆیەتی کە هێندە هۆشیار نییە و دەکەوێتە ژێر کاریگەری قسەی پزیشکەکانەوە.

 

"پێویسە میدیا خۆی ڕێک بخاتەوە و چیتر کار بۆ کۆکردنەوەی بینەر کار نەکات"

لە کۆتایدا نەشمیل ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکی لە ئێستادا لە بری خوێندنەوەی پەرتوکێک کاتی خۆی بە سەیرکردنی ئەو بەرنامانەوە بەسەر دەبات کە سەر لەبەریان دوودڵی دروست دەکەن، ئەمەش کاریگەری خراپ لەسەر دەروونی تاکەکان دروست دەکات و دەبێتە هۆی سەرلێشێوانیان، وتیشی: هەموو تاکێک دەزانێت و دەبێت هۆشیاری ئەوەی هەبێت چی باشە و چی خراپە بۆی، زانیاری لە ڕێگەی بەرنامە و ڤیدیۆیەکەوە بەدەست ناهێندرێت و دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن و ڕێنمایی لێوەربگرن، میدیاش پێویستی بە خۆڕێکخستنەوە هەیە، پێویستە لە بری کارکردن بۆ کۆکردنەوەی لایک و بینەر، ببنە ڕۆشنکەرەوەی تاک، نەک هۆکار بۆ سەرلێشێواندنیان.