زیانی خواردنەوە گازیەکان لەسەر منداڵان

تارا عەلی بابان، پزیشکی پسپۆری گەشە و خۆراکی مناڵان، زیانەکانی خواردنەوە گازییەکان دەخاتەڕوو، کە هیچ بەهایەتی خۆراکی تێدا نییە و دەبێتە هۆی لاوازبوون و نەمانی زیرەکی لە منداڵدا

ناوەندی هەواڵ

 

تارا عەلی بابان، پزیشکی پسپۆری گەشە و خۆراکی مناڵان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک زیانەکانی خواردنەوە گازییەکان دەخاتەڕوو، وەها دەنووسێت: "بەداخەوە دەبینین و دەبیستین کە ڕێژەیەکی زۆر لە مناڵان بە ئاگاداری دایک و باوکیان ڕۆژانە خواردنەوە گازیەکان (بیبسی، کۆلا، سێڤن ئەپ، فانتا، دۆی غازدار، شەربەتی غازدار، تایگەر...) دەخۆنەوە، ئەمەش بێ گومان کاریگەری لاوەکی زۆر دەبێت لەسەر مناڵەکە".

 

هەندێک لە کاریگەرە لاوەکیەکانی (زیانەکانی)خواردنەوە گازیەکان:

١. هیچ بەهایەکی خۆراکی تێدانیە وەک (پڕۆتین ، ڤیتامینەکان وکانزاکان) کە زۆر گرنگن بۆ گەشەی مناڵ، خواردنەوەی لەلایەن ئەو مناڵانەی کە لە تەمەنی گەشەدان دەبێتە هۆی بەدخۆراکی و یان مناڵەکە بەرەو لاواز بوون دەبات، یان بەرەو قەڵەوبوون، ئەمەش دەبێتە هۆی بەدخۆراکی درێژخایەن و کورتەباڵایی.

٢ .کاریگەری دەبێت بۆ سەر تەندروستی مێشک و هەڵسوکەوتی مناڵەکە کەوا دەکات مناڵەکە زوو توڕە ببێت و دەبێتە هۆی سەر ئێشە، جوڵەی زۆر، کەم بوونەوەی تەرکیزی مناڵەکە و تێکچونی خەو.

٣. لەبەر بوونی ترشی فۆسفۆڕی تێیدا ئەبێتە هۆی پوکانەوە و بێ هێزبوونی ئێسقان، وە ئەمەش دەبێتە هۆی کورته باڵایی.

٤. ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە، ئەمەش سەرەتایەک دەبێت بۆ نان نەخواردن و بەدخۆراکی.

٥. لەبەر بوونی کافاین تێیدا، کاریگەری دەبێت لە سەر مژینی کالسیۆم و چڕی ئێسقان.

٦. ڕێژەیەکی زۆر شەکری تێدایە کە دەبێتە هۆی تێکدانی ڕێژەی ئەنسۆلین و شەکر لە خوێنداو ئەمەش هۆکارێکی مەترسی دارە بۆ نەخۆشی شەکرە.

٧. کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەم ودانی مناڵ.