ژنان قوربانی نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکین لە سەردەشت

لە شاری سەردەشت کەمیی پزیشکی پسپۆڕ و دەرمانخانە و تاقیگە و دامەزراوە پزیشکییەکان دروستبووە و ژنانیش هەندێک جار دەبنە قوربانی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ و پێداویستییەکان لە ناوچەکەدا.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- شاری سەردەشت سەر بە پارێزگای ورمێ یەکێکە لەو شارە دوورەدەست و گەشەنەسەندووانەی دانیشتووانی گوندنشینی زۆرە، هەرچەندە شاری سەردەشت بە یەکەم شاری کیمیاکراوی جیهان ناسراوە و تا ئێستاش سەدان هاوڵاتی کیمیاکراو لەوێ دەژین، بەڵام ڕووبەڕووی کەمیی توندی پزیشکی پسپۆڕ و دەرمانخانە و تاقیگە و دامەزراوە پزیشکییەکان دەبێتەوە، لەلایەک ئەم کەمییە بووەتە هۆی زیادبوونی تێچووی چارەسەری نەخۆشەکان، لەلایەکی دیکەشەوە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کوالیتی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە هەرێمەکەدا، لەم شارەدا بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆر و پێداویستییەوە، ژنان دەکاتە قوربانی.

 

دەرمانخانە لە هەندێک ناوچە بوونی نییە

لەیلا لە یەکێک لە دەرمانخانەکانی شاری سەردەشت کار دەکات، سەبارەت بە کەمیی دەرمان لە شاری سەردەشت وتی: ئێستا هەندێک دەرمان کەم بوون و کۆمپانیاکان دەرمانی پێویست و دەگمەن ناگەیەننە دەرمانخانەکان، زۆربەی دەرمانەکانی دەمار و نەخۆشی تایبەت لە دەرمانخانەکانی سەردەشت بەردەست نین، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەمان ئەو دەرمانانە لە شارەکانی دیکەدا هەیە، بەڵام لە سەردەشت نین و تەنانەت کەمی دەرمانخانەش هەیە، کە شارەکانی نلاس و رەبەت لە نزیک سەردەشت دەرمانخانەی تێدا نییە، لە پاییزی ساڵی ڕابردوو و لە سەردەمی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" کە خەڵک دەستڕێژیان کرایەسەر، دەرمان و سیروم و باندج لەلایەن کۆمپانیاکانەوە نەدرانە دەرمانخانەکان.

 

ڤیان پەرستاره له نەخۆشخانەی سەردەشت، ئاماژه بە هەڵەی پزیشکان و مەترسی سەر ژیانی ژنان دەکات و وتی: ساڵانە چەندین هەڵەی پزیشکی ڕوودەدەن کە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی ژنانی دووگیانی شاری سەردەشت، لە دوایین حاڵەتدا، مریەم میری، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵی گوندی بیتۆش بوو کە دووگیان بوو بە منداڵی چوارەم، بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لەدەستدا، مریەم لە زستانی ساڵی ڕابردوودا هێنرایە نەخۆشخانە، لەو ڕۆژەدا بەهۆی بەفرەوە پەڕینەوەی ڕێگاکان قورس بوو، ئەگەر ڕێگای سەردەشت بۆ ورمێ ستاندارد بووبێت یان ئەگەر پزیشکی پسپۆڕ و پێداویستی لە سەردەشت هەبووایە، مریەم ڕەنگە لە ژیاندا بمایە.

 

"یەک نەخۆشخانە لە ناوچەکەدا هەیە"

نەرمین، ژنێکی گەنجە و سەبارەت بە ئەزموونی خۆی سەبارەت بە نەبوونی ناوەندە پزیشکییەکان و پسپۆری تایبەت دەڵێت: چەند مانگێک دوای ئەوەی هاوسەرگیریم کرد، خوێنم لێهات و هەستم بە باشی نەدەکرد، چوومە نووسینگەی تاکە پزیشکی ژنان لە شاری سەردەشت، سکرتێرەکە وتی دوای مانگێک سەرەم دێت، بەڵام بەهۆی بوونی خوێنەوە دوو ڕۆژ دواتر  چوومە نۆرینگەکە و پزیشکەکە پشکنینی بۆ کردم، دکتۆر وتی کە پێویستە سۆنەرم بۆ بکرێت، سۆنەرێکی فریاگوزاریم بۆ کرا، دوو هەفتە چاوەڕێی دەرئەنجام بووم، جا ئەگەر فریاگوزاری نەبووایە، دەبووایە زیاتر لە مانگێک چاوەڕێم بکردایە، پاشان ئەنجامی سۆنەرەکە دەرکەوت کە کیسم هەیە و کێشەکە زۆر جددی نییە، ئەگەر من لە شارێکی تر بوومایە، ڕەنگە ئەو پڕۆسەیەی کە لێرە مانگێکی خایاند بە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ تەواو بووایە، بەڵام لە سەردەشت تەنانەت نەخۆشخانەیەکیش لەناو شاردا نییە و بۆ شارەکانی سەردەشت و نلاس و رەبەت تەنها یەک نەخۆشخانە هەیە کە پسپۆڕی پێویستی نییە.