گەمارۆی غەززە چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە ئاستەنگ دەکات

زۆربەی نەخۆشەکانی شێرپەنجە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە ناتوانن بەردەوام بن لە چارەسەرەکانیان، گیان لەدەست دەدەن، ئایە موراد ئاماژە بەوەدەکات ناتوانێت بەردەوام بێت لە چارەسەرکردن بەهۆی قەدەغەی گەشتکردنەوە.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە- نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە غەززە بەهۆی هێرشی ئیسرائیل و کێشە لە سیستمی تەندروستیدا ناتوانن چارەسەر وەربگرن و بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، بەهۆی قەدەغەکردنی گەشت بۆ غەززە و دواخستنی جێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆڵەکانی چارەسەر، زیاتر لە سێ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە کە ئەگەری چاکبوونەوەیان هەیە گیانیان لەدەستداوە.

 

هەروەها ناوەندی مافەکانی مرۆڤی فەڵەستینی ڕایگەیاند کە زیاتر لە هەشت هەزار نەخۆشی شێرپەنجە لە غەززە هەن کە چارەسەریان بۆ نەکراوە. هەروەها ئەم ژمارەیە لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی "داواکاری بۆ چارەسەر لە هەلومەرجی گونجاودا" لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە. ئایە موراد، تەمەن ٢٠ ساڵ، یەکێکە لەو نەخۆشانەی شێرپەنجە کە ناتوانێت بەردەوام بێت لە چارەسەرکردن لە غەززە.

 

"هەموو خولەکێک ژیانم لە مەترسیدایە"

ئایە موراد، کە چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە وەرناگرێت، دەیەوێت بەردەوام بێت لە چارەسەرکردنی لە دەرەوەی وڵات و ناتوانێت مۆڵەتی گەشتکردن وەربگرێت، ئایە موراد ڕایگەیاند کە هەموو بەندەرەکان و دەروازەکان بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە داخراون و وتی: ئێمە چەند ڕۆژێک چاوەڕێ دەکەین بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی گەشتکردن، پێویستە ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەم بۆ وەرگرتنی هەندێک دەرمان کە بە دەگمەن لە نەخۆشخانە و کلینیکە تایبەتەکاندا دەست دەکەون، ئێستا مەترسیدارە بۆمن، جگە لەو نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەی کە من بە بەردەوامی تێیدا دەژیم، ئاڵۆزی جۆراوجۆری ئەم نەخۆشییە هەیە، هەموو خولەکێک کە درەنگ دەبێت ژیانم دەخاتە مەترسییەوە، چارەسەری شێرپەنجە پڕۆسەیەکی جدییە و نەبوونی چارەسەری پێویست دەبێتە هۆی دروستبوونی تراومای دەروونی جیاواز.

 

"چارەسەر مافێکی یاسایی و ناچارییە"

هادیل حەمودا، پارێزەر ڕایگەیاند چارەسەر مافێکی یاسایی و ناچارییە بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگە، پێویستە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی وەزارەتی تەندروستی پێشکەشی دەکات گەرەنتی بکرێن و داوای کرد هەموو یاسا و پەیماننامە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکرێن.

 

"پێشێلکردنی مافی نەخۆشەکانی شێرپەنجە تاوانێکی سیستماتیکە"

هادیل حەمودا وتی گەمارۆکانی سەر کەرتی غەززە هەمیشە ڕێگری دەکات لە دەستگەیشتن بە دەرمان و کەلوپەلی پێشکەوتوو و وتی: ئیسرائیل یاسا پێشێل دەکات، نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە گەشتەکانیان بە بیانووی ساختە قەدەغە دەکرێن، ئەمەش بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە زیانی هەیە، هەرچەندە نەخۆشەکانی شێرپەنجە مۆڵەتی پێویستیان پێدەدرێت، بەڵام قوربانییەکانیان بەردەوامن بەهۆی دەستبەسەرکردنەوە کە ٦ کاتژمێر بەردەوامە، لەوانە گەڕانێکی درێژ، و ڕووبەڕووی کێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە، هەروەها ڕێککەوتننامەی چوارەمی جنێڤیش پێشێل دەکرێت، پێشێلکارییەکانی دژ بە نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە غەززە تاوانێکی سیستماتیکە.

 

"پێویستە تاوانەکان تۆمار بکرێن"

هادیل حەمودا داوای لە ناوەندی فەڵەستینی و کۆمسیۆنی سەربەخۆ و ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئەلمیزان کرد تاوانەکانی ئیسرائیل دژ بە نەخۆشەکانی شێرپەنجە بە بەڵگەنامە تۆمار بکەن و لەبەردەم لیژنەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشکەشیان بکەن، هەروەها داوای لە ڕۆژنامەنووسان کرد کە ئەو تراژیدیا و پێشێلکارییانە بۆ خەڵک ڕابگەیەنن و وتی : ئەوەی ڕوودەدات دەبێت بڵاوبکرێنەوە بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی جیهان ئاگاداری بارودۆخەکە بن.