پزیشکان: لەڕێگەی پشکنینی تۆڕی چاوەوە نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشی زەهایمەر دیاریدەکرێت

توێژینەوەیەک لەسەر بوونی پەیوەندی چاو بە نەخۆشی زەهایمەر "لەبیرچوونەوە" ئاشرایکردووە، دەکرێت لە ڕێگەی پشکنینی تۆڕی چاوەوە نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشی زەهایمەر دیاری بکرێت.

ناوەندی هەواڵ


توێژەرانی ئەمریکی، توێژینەوەیەکی ورد و چڕیان لەسەر تۆڕەکانی چاو و شانەکانی مێشکی ٨٦ کەسی مردوودا ئەنجامداوە کە بەر لە مردنیان تووشی نەخۆشی زەهایمەر بوون، لە پاش توێژینەوەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی، لە ڕێگەی پشکنینی تۆڕی چاوەوە دەتواندرێت نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشی زەهایمەر دیاریبکرێت.

 

دیاریکردنەکەش بە لێکۆڵینەوە لە بڕێکی زیادەی ماددەی ئامیلۆید بێتا-٤٢ دەبێت کە لە مێشکی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی زەهایمەردا کۆدەبێتەوە و لە تۆڕی چاودا دەردەکەوێت.

 

نەخۆشی زەهایمەر "لەبیرچوونەوە" یەکێکە لە ترسناکترین نەخۆشیەکان کە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەتایبەت لە بەساڵاچوواندا، بەڵام ئەگەر زوو نەخۆشیەکە دەستنیشان بکرێت و نیشانەکانی بناسرێتەوە، ئەوا ئەگەری کەمکردنەوە و وەرگرتنی چارەسەر زیاتر دەبێت.