گوڵی هێرۆ وەک چارەسەرێک بۆ نەهیشتنی ئازار

گوڵە هێرۆ ڕەنگ و ڕەواڵەتێکی جوانی ھەیە، بێ بۆنە و بە قەد وباڵا بەرزەکەی بەناوبانگە، بۆ نەهێشتنی ئازار بەکاردێت و کاریگەرییەکی بەهێزی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵە هێرۆ، پێشی دەوترێت هەرمەڵە، ئەم گوڵە چەندین ڕەنگی هەیە، بەڵام ڕەنگە سەرەکییەکانی مۆر و سپی و پەمەییە، باڵای گوڵە هێرۆ یەک تا دوو مەتر و زیاتر بەرز دەبێت، تەمەنی گوڵەکەی نزیکی ٢٥ ڕۆژە، هەروەها هێرۆ بۆ دەرمانی هەڵامەت و کەمکردنەوەی ئازار بەکاردێت، جگە لەمانەش، وەک ڕەمزێکە بۆ شاژن ڤیکتۆریا کە شاژنی ئینگلتەرا بووە، گوڵە هێرۆ پێویستی بە خاکێکی بەپیت و شێدار و خۆراکێکی تەواو هەیە بۆ گەشەکردن، ئەوکەسانەی بەردی گورچیلەیان هەیە دەتوانن لەماوەی ٥ بۆ ٦ ڕۆژدا بەردەکەیان فڕێبدەن لە رێگەی کوڵاندنی گوڵە هێرۆ و خواردنەوەی ئاوەکەی وەک چا.

 

نەمبیستووە ھەرگیز لەدەمت بێنی وەفایێ

ھەرچەندە سەراپا گوڵی، ئەمما گوڵی ھێرۆ

 

ھێرۆ، یان ھەرمەڵە لە کوردستاندا بە چەندین ڕەنگ لە دەستپێکردنی بەھاردا دەردەکەوێت، تەمەنی هێرۆ ساڵێک بۆ دوو ساڵە و گوڵێکی ناسک و گەورە دەگرێت، وەک زنجیرەیەک یەک لەدوایەک خونچە دەکە، ئەم گوڵە ڕەنگ و ڕواڵەتێکی جوانی ھەیە، بەڵام گوڵێکە لە گوڵە بێ بۆنەکان، بە قەد و باڵا بەرزەکەی بەناوبانگە، کە خەڵکی بۆ ڕازاندنەوەی باخچەکانیان و سودە تەندروستیەکەشی دەیڕوێنن.

 

گوڵە هێرۆ پێویستی بە خاکێکی بەپیت و شێدار هەیە بۆ گەشەکردنی، کاتێکیش کە وەرزی بەسەر دەچێت و وشک دەبێت، تۆوەکەی هەڵدەگیرێت، زۆرکات لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت بۆ ئەوەی دووبارە بچێندرێتەوە لەو وەرزەی کە دەتوانێت تیایدا دەست بە ژیانەوە بکاتەوە.

 

گوڵە هێرۆ و سودەکانی

گوڵە هێرۆ چارەسەرێکی کاریگەرە بۆ کۆکە ڕەشە و حەساسیەتی قورگ و لابردنی بەرد و ڕمڵی گورچیلە، چارەسەرێکی کاریگەریشە بۆ میزە چورکێ و ئازار. گوڵە هێرۆ وەک چا دەکوڵێندرێت و پێش نانخواردن دەخورێتەوە.

 

ئەگەر بەردی گورچیلە هەبێت، ئەوا بە کوڵاندنی گوڵە هێرۆ و خواردنەوەی ئاوەکەی لە ماوەی ٥ بۆ ٦ ڕۆژ کەمتردا، بەردەکە فڕێدەدرێت، هەروەها هەوکردنی گورچیلە ناهێڵێت و بە چارەسەرێکی سەرەکی دادەندرێت بۆ هەڵامەت.