هۆکارو نیشانەکانی ئازاری کلێنچکە

پزیشک هەڤین کەمال شا لە نووسینێکدا هۆکارو نیشانەو چارەسەرەکانی بۆ ئازاری کلێنچکە خستووەتەڕوو کە لەبەشی خوارەوەی ئێسکی بڕبڕەکانی پشتدا ڕوودەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک هەڤین کەمال شا، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار دەربارەی ئازاری کلێنچکە نووسیویەتی: بە ئازاری "coccydynia" ناودەبرێت ، ئازارێکی بێزارکەرە لەناوچەی ئێسکی خوارەوەی بڕبڕەکانی پشتدا ڕوودەدات کەپێ دەوترێت کلێنچکە.

 

ھۆکارەکانی :

- لەئەنجامی پێکان و کەوتن بەپشتدا .

- دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ڕوویەکی تەسک و ڕەق کەدەبێتە ھۆی ھەوکردنی جومگەکە .

- داخورانی جومگەکە بەھۆی ھۆکارەکانی داخوران وەک ھەر جومگەیەکی تر .

- لەئافرەتدا زۆر جار بەھۆی منداڵبوونی سروشتی ڕوودەدات، کە ئێسک و جومگەکەکە زەبریان پێدەگات لەئەنجامی فشاری منداڵەکەوە .

 

نیشانەکانی :

ئازاری کلێنچکە، ئازارێکی بێزارکەرەو ھەندێک جاریش تیژە، لەھەندێک چالاکیدا زیاتر دەبێت، وەکو دانیشتن، لەکاتی ھەڵسان لەدانیشتنەوە بۆ وەستان بەسەرپێوە، یاخود وەستان بۆ ماوەیەکی زۆر، پیسایکردن و لەکاتی سێکسکردندا . بۆ ئافرەتان ھەندێک کات لەکاتی سوڕی مانگانەدا ئازارەکە زیاد دەکات.

 

بۆکەمکردنەوەی ئازارەکە چی دەتوانیت بکەیت؟

- لەکاتی دانیشتندا دۆشەکەڵەی تایبەت بەکاربێنە، کەناوەکەی کونێکی تیادابێت، یاخود لەشێوەی حەرفی (V) ی ئینگلیزی بێت .

- لەکاتی دانیشتندا دەتوانیت خۆت بچەمێنیتەوە بۆ پێشەوە، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە .

- جەوەنەو پاکی سارد یاخود گەرم دەتوانیت بەکاربێنیت بۆ شوێنی ئازارەکە، بەپێی نەخۆشەکە بەکامیان ئارامتر دەبێت.

-ئازارشکێنەکان دەتوانرێت بەکاربھێنرێن بە تایبەتی دژەھەوکردنە ناستێرۆیدەکان ، بەڵام باشترە لەژێر ڕێنمایی

پزیشکدا بێت لەبەر زیانە لاوەکییەکانیان .

-ئەنجامدانی چارەسەری سروشتی و وەرزشی تایبەت بەو کێشەیە، کەپزیشکی پسپۆڕ بۆت دادەنێت.

 

ئەگەر ئازاری کلێنچکەت بەو ڕێگا چارانەی سەرەوە چاک نەبوو، ئەوا پزیشکەکەت لەوانەیە پشکنینی کۆمت بۆ بکات بۆ زانینی ھۆکاری تر، تیشکی ڕەش و سپی" x ray" و  تیشکی تەنووری ھەندێک جار پێویستن بۆ بینینی شکاوی، داخوران، یاخود ھەندێک حاڵەتی دەگمەنی وەک شێر پەنجە .

 

چارەسەرکردنی ئازاری درێژخایەنی کلێنچکە :

-لێدانی دەرزی ستیرۆید ، پرۆلۆتێراپی ، پلازما بۆ کلێنچکە لەژێر دەلالەتی سۆنەردا .

-بەکارھێنانی ئامێری شۆک وەیڤ و تێنس لەگەڵ یەکدا بۆ شوێنی ئازارەکە .

-سوتان و سڕکردنی گرێ دەماری" ganglion impar"  بە هۆی ئامێری ڕادیۆفریکوینسی  radiofrequency" لەژێر دەلالەتی ئامێری "C arm" دا بۆ نەھێشتنی ئازاری درێژخایەنی کلێنچک .

نەشتەرگەری, کەئەمیش زۆر بەدەگمەن دەکرێت و ئێسکەکە لادەبرێت .