"دووبارە بەکارهێنانەوەی بوتڵی ئاو دەشێت ببنە هۆی ژەهراوی بوون"

ناوەندێکی پزیشکی ئاماژە بەوەدەکات، ئەو بوتڵە دووبارە بەکارهاتووانەی ئاو کە بەشێکیان پلاستیکن و بەشێکیش لە مادەی ئاسن و مس دروستدەکرێن، دەشێت ببنە هۆی ژەهراوی بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا ڕایگەیاند، بەشێکی ئەو بوتڵانە کە ئاویان تێدەکرێتەوە، ئەگەر پێش دووبارە بەکارهێنانەوەیان بەجوانی نەشۆردرێن ئەوا دەبنە ژینگەیەک بۆ گەشەکردنی میکرۆبەکان و دەشێت ببنە هۆی ژەهراوی بوون.

 

لەو بارەیەوە پزیشک ماریان سومگۆ، پسپۆڕی خۆراک لە ناوەندەکە وتی: ئەو بوتڵانەی کە بۆ دووبارە تێکردنەوەی ئاو ئاسایین بەسوودن بۆ ئەوانەی کە بەردەوام پێویستە جەستەیان بە شێداری بمێنێتەوە وەک وەرزشکاران و کەسانی بەتەمەن، بەلام ئەگەر بەباشی پاکنەکرێنەوە ئەوا دەشێت ژینگەیەکی لەباربن بۆ بەکتریاکان و ببنەهۆی ژەهراوی بوون کە هەریەک لە نیشانەکانی سکچوون، ڕشانەوە، هێڵنجدان و تا دەگرێتەوە.

 

پزیشک ماریان سومگو پێشنیاری کرد، بە فڵچە، ئاو و سابوون بوتلە کانزاییەکانی تایبەت بە ئاو بشۆردرێن، ئینجا ئاویان تێبکرێتەوە.