منداڵان لە دەربڕینی قسەدا شەرم و ترسیان هەیە

چەندین هۆکار هەن وا لە منداڵان دەکەن ترسیان هەبێت لە دەربڕین و ڕووبەڕووبونەوە، باشترین ڕێگە چارەسەریش پاڵپشتی خێزانەکانیانە بۆ باشترکردنی دۆخیان.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێک لە کێشەکانی منداڵان، نەتوانینی قسەکردنە لەبەردەم ژمارەیەکی زۆر خەڵکیدا، زۆرکات منداڵان تووشی بارودۆخێک دەبن، تیایدا پێویستە لەبەردەم ئامادەبووانێکدا بە ئاشکرا قسە بکەن، وەک ناو پۆلی خوێندنگەکانیان، یاخود نمایشێکی هونەری و تاقیکردنەوەی زارەکەی، بەڵام لەم حاڵەتانەدا منداڵان دەترسن و توانای قسەکردنیان لەدەست دەدەن.

 

بە گشتی منداڵ لەو جۆرە حاڵەتانەدا هەناسەیان تەنگ دەبێت و قسەکردن دەوەستێنن، بەڵام هەندێکیان نیشانەی جیاوازیان هەیە وەک "سووربوونەوەی دەموچاویان، دەستجوڵاندنێک بە شێوازی شڵەژاوی"، هەندێک لە نووسەران و کەسانی شارەزا پێیان وایە قسەکردن بە شێوازێکی ڕەق و زبر بەکارهێنان لەگەڵ منداڵەکاندا یاخود نەزانینی چۆنیەتی قسەکردن لەگەڵ منداڵدا ببێتە هۆی شەڵەژاندنی ئەو منداڵانە، دواتر کاریگەری نەبڕاوەی لەسەر جێدەمێنێت.

 

نابێت منداڵ هەمیشە شەرم و ترسیان هەبێت

نابێت منداڵ شەرم و ترس بەردەوام بێت لەلای، چونکە کاریگەری لەسەر ژیانیان دروستدەکات، هەندێک لە لایەنە نەرێنییەکانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەرمنی و ترسەی منداڵ لە تەمەنی منداڵیدا هەیبووە، هەندێک دۆخ هەیە منداڵ تیایدا شەرمنی و ترسی دەڕەوێتەوە، لەوانە "هەبوونی هاوڕێی باش، بەشداریکردن لەو چالاکیانەی چێژبەخشن وەک مۆسیقا و شانۆ"، ئەگەر منداڵ بەردەوام لە ترس و شەرمدا بێت، بەردەوام هەست بە تەنهایی دەکات، توانای متمانە بە خۆبوونی کەم دەبێتەوە و بەردەوام تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت.

 

نووسەری ئیسپانی ئارانتزا مارتین، ئاماژەی بەوەداوە، زۆربەی خوێندنگەکان چارەسەری ئەم جۆرە کێشانە لەگەڵ خوێندکاراندا ناکەن، بۆیە دەتوانرێت ئەم ئامۆژگارییانە لە ماڵەوە جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی منداڵ لە قسەکردن لەبەردەم خەڵکدا نەترسێت.

 

پێویستە خێزانەکان ئەم خاڵانە جێبەجێ بکەن

پێویستە لەوکاتەی کەسێکی دەرەوەی خێزان پرسیارێک لە منداڵ دەکات، دایک و باوک وەڵام نەدەنەوە، بەڵکو ڕێگە بدەن منداڵەکە خۆی وەڵامبداتەوە ئەگەر کاتیش بخایەنێت، هەروەها دەبێت منداڵ فێری ڕاگرتنی هەناسەدان بکرێت، بۆ ئەوەی لە کاتی قسەکردنیدا هەناسەی تەنگ نەبێت و بتوانێت چەند دێڕێک بەسەر یەکەوە بڵێت.

 

گرنگە منداڵ ئەو یاریانە بکەن کە تیایدا ترسیان دەشکێت، ئەمەش دووبارە هاوکارە لە زاڵبوونی بەسەر شەرم و ترسەکانی ناخیدا، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی دیکە بریتییە لە فێرکردنی توانای نووسین، بە جۆرێک خێزانەکان منداڵەکانیان فێربکەن بنووسن و هەستەکانی خۆیان لەسەر لاپەڕەکان دەرببڕن، یادەوەرییەکانیان لە ڕێگەی نووسینەوە باس بکەن، لەم ڕێگەیەوە منداڵان دەتوانن باشتربن لە دەربڕینی هەستەکانیان.

 

پشتگیریکردنی خێزان بۆ منداڵان و بەخشینی متمانە پێیان، سەرەکیترین هۆکارە کە وا لە منداڵێک دەکات باوەڕی بە خۆی هەبێت.