ئێران لە ڕووی تەندروستییەوە هەڵاواردن لە دژی شارە کوردییەکان بەڕێوە دەبات

نەخۆشخانەی سەردەشت ڕووبەڕووی نەبوونی کەرەستە و ئامێری فێنککەرەوە و پیسی بووەتەوە و هاوڵاتییانی شاری سەردەشت لەو باوەڕەدان کە حکومەتی ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک هەڵاواردن لە دژی شارە کوردییەکان دەکات.

ناهید ساڵحی

 

سەردەشت- نەخۆشخانەی سەردەشت لە دەرەوەی ناوەندی شاردایە، سەرەڕای سەرچاوەی سنووردار و دۆخی خراپی، تاکە نەخۆشخانەیە کە خزمەت بە شارەکانی ڕەبەت و نێلاس و دەیان گوندی بەستراو بەوانەوە دەکات، نەخۆشەکان دەبێت ئۆتۆمبێلێک بەکرێ بگرن بۆ ئەوەی بچنە نەخۆشخانە، ئەمەش تێچووی زیادەی لێدەکەوێتەوە، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکە دوورە لە شارەکانی مهاباد و پیرانشار و بانە و ڕێگاکانی بەرەو ئەویش خراپن، خەڵکی ناوچەکە ناتوانن بچنە نەخۆشخانەکانی شارەکانی دیکە، نەبوونی کەرەستە و پێداویستی لە نەخۆشخانەکەشدا، نەخۆشەکان ناچار دەکات ڕوو لە ورمێ، تەبرێز و تاران بکەن، کە تێچوویەکی زیاتری دەوێت و ڕێگەکەشی دوورترە.

 

لە نەخۆشخانەکەدا پێداویستییەکان کەمن، بەشی ژنان بەهۆی گەرماوە ڕووبەڕووی سەختی دەبێتەوە و ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەکەدا دەخەوێنرێن بەهۆی گەرماوە نەخۆشییەکانیان قورستر دەبێت، بەشی فریاکەوتنی پیاوان و بەشەکانی دیکە سیستەمی هەواگۆڕکێی دروستیان هەیە و دۆخەکە باشترە، بەڵام بەشی ژنان ئەو ئاسانکاریانەیان بۆ دابین نەکراوە.

 

هەڵاواردن لە دژی شارە کوردییەکان بەڕێوەدەچێت

هاوکات لەگەڵ کێشەکانی هەواگۆڕکێ، ئامێرەکانی تاقیگەکانیش گونجاو نین و هەندێک جار پزیشکەکانیش متمانە بە ئەنجامی پشکنینەکان ناکەن، بۆیە نەخۆشەکان دەنێرنە نەخۆشخانەکانی دیکە کە تێچوویان زیاترە، ئەو کەموکوڕیانەی کە هەن، دەبنە هۆی خراپی خزمەتگوزاری و کەمبوونەوەی متمانەی خەڵک بە نەخۆشخانەکە، خەڵکی ناوچەکە پێیان وایە ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵاواردنی حکومەتی ئێران بەرامبەر بە شارە کوردییەکان.

 

خەڵکی سەردەشت پێشتر بە چەکی کیمیایی هێرشیان کرداوەتەسەر، بە هۆی نەبوونی بەڵگەنامەیشەوە دۆسیەی زۆرێک لەو کەسانە وەک قوربانیی چەکی کیمیایی وەرناگیرێت و حکومەتیش گرنگی بەو کەسانە نادات.

 

"٢٤ کاتژمێر لە نەخۆشخانە بووم و دۆخم خراپ بوو"

شیدا یەکێکە لە نەخۆشەکان کە بە هۆی هەوکردنی گورچیلەوە چووەتە نەخۆشخانەی سەردەشت، دەڵێت: پزیشک پێم دەڵێت پێویستە لە نەخۆشخانە بمێنمەوە، بەڵام کاتێک دەچمە تەوالێت دڵم تێکدەچێت بەهۆی بۆنی ناخۆشەوە، سەرەتا وامزانی بەهحی نەخۆشییەکەمەوە ئەو هەستەم هەیە، بەڵام نەخۆشەکانی دیکەش هەمان گلەییان هەبوو، سیستمی تەندروستی چەند مانگێکە خراپە و ناتوانرێت چاک بکرێتەوە، دوای ئەوەی ٢٤ کاتژمێر لە نەخۆشخانە بووم دۆخم باشتر نەبوو، بۆیە پزیشکەکان ویستیان بمگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی مهاباد یان ورمێ، دواتر منیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی مهاباد کە لە نەخۆشخانەکەی سەردەشت باشتر بوو

 

"دۆخێکی سەختە بەرگەی ناگرین"

هەروەها پەرستارێکی نەخۆشخانەی سەردەشت دەڵێت: ئێمەی پەرستاران هیچ دەسەڵاتێکمان نییە لەو بابەتانەدا و دەبێت بەرگەی ئەم دۆخە بگرین، هەروەها بەرپرسانی نەخۆشخانەکەش بەرپرسیار نین لەم دۆخە و بەڕاستی دەرفەتەکان لێرە زۆر سنووردارن، ەمیشە کێشە لە ئامێرەکانیشدا دروستدەبێت و ناچارین بەرگەی ئەم دۆخە بگرین.