دەردە ڕێوی لە منداڵیدا گەشە دەکات

دەردە ڕێو دەبێتە هۆی ڕووتانەوەی مووی سەر و جەستە بە شێوەی پەڵە پەڵە و هەندێک جار نەخۆشییەکی بۆماوەییە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەردە ڕێوی نەخۆشییەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێویەوە نییە، بەڵام ئەو ئاژەڵە کراوەتە قوربانی قسەی مرۆڤ، نەخۆشییەکە مووی قژ دەوەرێنێت و لە چەند شوێنێکی جیاوازی سەر، برۆ، ڕیش، یاخود لە لەشدا دەردەکەوێت، ئەم جۆرە نەخۆشییە لە منداڵیەوە گەشە دەکات، بەڵام هەندێک جار لە کاتی گەورە بوونیشدا ئەگەری تووش بوون هەیە.

 

چەند هۆیەک هەن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دەردە ڕێوی وەک بۆماوەیی، کاریگەری ژینگەیی دەوروبەر، تووشبوون بە نەخۆشییە بەرگرییەکان، ژینگە، هەڵگرتن بە ڤایرۆس و بەکتریا و پاڵەپەستۆی دەروونی.

 

یەکێک لە نیشانە گرنگەکانی دەرکەوتنی ئەم نەخۆشییە هەڵوەرینی مووە بە ڕێژەی بەرز، كە بە شێوەی پەڵە پەڵەی خڕ و هێلكەیی مووەکان نامێنن و شوێنەكەی دیار دەبێت، ئەو شوێنانەشی مووكانی لێ هەڵدەوەرێت لوس دەبێت و ڕەگی مووەكان دیارنامێنن.

 

كاتێك کەسێک هەستی کرد مووەکانی بە ڕێژەیەكی بەرچاو هەڵوەری، پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشكی پسپۆڕی پێست بكرێت و چارەسەری خێرای پزیشكی وەربگیرێت، چونکە دەردە ڕێوی وا لە كەسەكە دەكات كە هەست بە دڵەڕاوكێ و خەمۆكی بكات، ئەمەش سوڕی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە خێراتر دەکات.

دەردە ڕێوی ٤ جۆری هەیە، ئەوانیش:

 

  • دەردە رێوی گشتی: مووی هەموو لەش دەوەرێت.
  • دەردە رێوی زۆر: هەموو مووی قژ دەوەرێت.
  • دەردە رێوی ناوچەیی: بە پەڵە پەڵە قژەكە دەوەرێت.
  • دەردە ڕێوی چێوەیی: مووی چواردەوری خوارەوەی سەر دەوەرێت.
  •  

چارەسەری نەخۆشی دەردە رێوی

تا ئێستا چارەسەرێكی تەواوەتی نەدۆزراوەتەوە بۆ دەردە رێوی، چونكە لە كەسێكەوە بۆ كەسێك دەگۆڕێت بەپێی بەهێزی بەرگری لەشی کەسەکان، هەندێك جاریش مووەكان لە خۆیانەوە دێنەوە، پزیشكی پسپۆڕییش لەو بوارەدا، كۆمەڵێك چارەسەر دەدات بە نەخۆشەكە بۆ ئەوەی هەڵوەرینەكە ڕابگرێت و دووبارە مووەکان بڕوێتەوە و چاك ببێتەوە.