زینک بەرگری لەش زیاد دەکات

زینک ڕۆڵی گرنگی لە کرداری هەرسکردندا هەیە و لە ڕێی خۆراکەوە بەدەستدەهێنرێت، بۆ ئەوەش دەبێت ئەو خواردنانە بخورێت کە زینکیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

زینک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کارەکانی لەش، بەتایبەتی پرۆسەی هەرسکردن-میتاپۆلیزم،  پارێزگاری لە سیستەمی بەرگری لەش دەکات و شانە تێکچووەکان چاک دەکاتەوە، جەستەی مرۆڤ بە سروشتی زینک هەڵناگرێت، بۆیە پێویستە ئەو خواردنانە بخورێت کە ئەم ئاوێتەیەیان تێدایە.

 

پێویستە ژنانی تەمەن ١٩ ساڵ زیاتر ڕۆژانە ٨ میلیگرام زینک بخۆن، بەگوێرەی ماڵپەڕی پزیشکی "Healthline"  کۆمەڵێک خۆراکی دەوڵەمەند بە زینک هەن، دەتوانن زینکی پێویست بۆ لەش دەستەبەر بکەن.

 

گۆشتی سوور سەرچاوەیەکی باشی زینکە، بەو پێیەی ١٠٠ گرام گۆشتی مانگا، بە نزیکەی ٤.٧٩ میلیگرام ئەم پێکهاتەیەی تێدایە، هەروەها گۆشتی سوور سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ماددەی ئاسن و ڤیتامین بی و کریاتین، کە بۆ لەش بەسودن.

 

چەرەساتەکانی وەک گوێز، بادەم و کاجو و سنەوبەر خۆراکێکن کە دەوڵەمەندن بە زینک، هەروەها چەوری و ڤیتامین و کانزاکانی تری بەسوودیان تێدایە، بەگوێرەی ماڵپەڕی پزیشکی بایۆمێد سێنتڕاڵ، گوێز ئەگەری تووشبوون بە کۆمەڵێک نەخۆشیی مەترسیداری وەک شێرپەنجە و دڵ کەمدەکاتەوە.

 

هێلکەش بڕێکی باشی زینکی تێدایە، لەگەڵ کۆمەڵێک ڤیتامین و کانزای تر، لەوانە ڤیتامینەکانی بی و سیلینیۆم، هەروەها هێلکەیەکی تەواو سەرچاوەیەکی گرنگی کۆلینە، کە ماددەیەکی خۆراکییە زۆربەی خەڵک بەشی پێویستیان پێناگات، ئەم زانیارییەش لە گۆڤاری کۆلێژی خۆراکی ئەمریکیدا هەیە.

 

خواردنی ١٠٠ گرام شوکولاتەی تۆخم بڕی ٣.٣١ میلیگرام زینک دابین دەکات، بەڵام پسپۆڕانی بواری خۆراک ئامۆژگاری دەکەن کە زیادەڕەوی لە خواردنیدا نەکرێت، بەهۆی دەوڵەمەندی بە کالۆری و شەکر.

 

گوێچکە ماسی سەرچاوەیەکی تەندروستە بۆ زینک و کالۆری کەمی تێدایە، ٦ گوێچکە ماسی ٣٣ میلیگرام زینک دابین دەکات، پزیشکانی پسپۆڕی دووگیان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە گوێچکە ماسی بە باشی بکوڵێنرێت پێش خواردن، بۆ ئەوەی ئەگەری ژەهراویبوون کەم بکاتەوە.