٢١ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی وەرزشی یۆگا
یۆگا بووەتە وەرزشێکی جیهانی و لە ئێستادا لەلایەن ڕەگەز و تەمەنە جیاوازەکانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، یەکێکە لەو وەرزشانەی بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ بەسودە.

شنیار بایز
ناوەندی هەواڵ- وەرزشی یۆگا، لە ئێستادا یەکێکە لە وەرزشە باوەکانی سەردەم، ئەم وەرزشە لە چەندین جوڵە پێکدێت، کار لەسەر ئارامکردنەوەی ڕۆح و بیری کەسەکە دەکات، بەدەر لەوەش سودێکی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەبەخشێت، هەندێک کات وەک چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێنرێت.
ئەم وەرزشە بەردەوام لە پێشکەوتندایە و ڕۆژ بە ڕۆژ لێکۆڵینەوەی زیاتری لەبارەوە دەکرێت.
جۆرەکانی وەرزشی یۆگا:
ڕاجا یۆگا: سەرەکیتین جۆری یۆگایە، زیاتر لایەنی دەروونی دەگرێتەوە وەک لە جەستە.
کریا یۆگا: جۆرە یۆگایەکی کردارییە، زیاتر جوڵەی جەستە دەگرێتەوە و بۆ بەهێزکردنی جەستە بەکاردێت.
هاتا یۆگا: زیاتر گرنگی بە کۆئەندامی هەناسەدان دەدات.
گرنگی وەرزشی یۆگا
یۆگا ئارامی بە مێشک و لەش دەبەخشێت، یارمەتی مرۆڤ دەدات کۆنتڕۆڵی هەناسەدان بکات تا سیستمی هەناسە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک کاربکات، وزە بە مێشک و لەش دەبەخشێت و یارمەتی پاراستنی هاوسەنگی لەش دەدات، جگە لەمانە دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێشی لەش و زیادکردنی چالاکی سوڕی خوێن، هەروەها وەک چارەسەرێکی سروشتی لە بواری پزیشکیدا بەکاردێت.
لە ڕووی دەروونیشەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەروونی مرۆڤ جێدەهێڵێت و پەستانی دەروونی کەم دەکاتەوە، یارمەتی کەمبوونەوەی دڵەڕاوکێ و ماندووبونی جەستە دەدات.
شەوانە پێش خەوتن دەتوانرێت چەندین ڕاهێنانی جیاجیای یۆگا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بە جەستەیەکی تەندروست و دەروونێکی ئارامەوە بخەویت.
ت.پ