ژیاننامەی ئەمڕۆ: خانمی درامای سوری

''دەمەوێت کۆن ببم نەک پیر بم''

ناوەندی هەواڵ

 

مونا واسف ئەکتەرێکی کوردە و بە ڕۆڵگێرانی لە فلیمی ''پەیامبەر'' ناوبانگی جیهانی دەرکرد، سەرەتا لە نمایشی جلوبەرگەوە دەستی پێکردووە و دواتر ڕووی کردووەتە جیهانی شانۆ و کاری دراما و سینەما، نازناوی ''ئەستێرەی جیهانی عەرەبی، خانمی درامای سوری، دایکی میهرەبانی درامای سوری'' پێدراوە و خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەری و چەندین ڕێزلێنان و خەڵاتە.

 

مونا جلیمران موستەفا واسف، لە ٩ی شوباتی ١٩٤٢ لە شاری دیمەشق لە باوکێکی کورد و دایکێکی مەسیحیی لەدایکبووە، ئەکتەر و دیبلۆماتکارە، منداڵی گەورەی خێزانەکەیەتی دوو خوشکی بەناوەکانی هەیفا و غادە کە ئەکتەرن.

 

ڕێگای بەناوبانگبوونی لە نمایشی جلوبەرگەوە دەست پێکردووە، لە سەرەتای شەستەکاندا و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا ڕووی کردووەتە جیهانی هونەر، یەکەمین کاری شانۆیی "العطر الأخضر" بووە و لەوکاتەوە تا ئێستا لەبەرچاو دانابڕاوە.

نازناوی ''خانمی درامای سوری'' و ''ئەستێرەی جیهانی عەرەبی'' لێنراوە، سەرەڕای قورسی تراژیدیا، زۆر باش ڕۆڵەکەی بەرجەستە دەکات، بەهەمان شێوە کۆمیدیا بەهەموو وردەکارییەکانیەوە، کارامە و لێزانە لە هەڵبژرادنی بەرهەمەکانی و ئەو کارانەی لەگەڵیدا دەگونجێت.

 

واسف لە سینەمادا خاوەنی نزیکەی ٣٠  فلیمە سەرەتایی ڕۆڵگێڕانی لە فلیمی "سلطانة" بووە ساڵی ١٩٦٦، خاوەنی ٧ کاری شانۆیی، ١٣٠ درامای تەلەفیزیۆنیە.

لەکارە هونەریە شانۆیەکانی (العطر الأخضر١٩٦٠، الأعماق ١٩٦٤) سینەمایی (الرسالة ١٩٧٦، غابة الذئاب ١٩٧٧،) لە کارە درامیەکانی ئەم دوایەیی (ممالك النار ٢٠١٩، الهيبة ٢٠١٧...هتد).

 

ئەو فلیمەی بە جیهانی ناساند

دەرهێنەری جیهانی موستەفا عەقاد بەهرە شاراوەکانی دەرخست و هەڵیبژراد بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵی ''هیند بنت عوتەبە'' لە فلیمی جیهانی "الرسالة" لە ساڵی ١٩٧٦دا، ڕۆڵەکەی سەرسوڕهێنەرانە بەرجەستە کرد و فلیمەکەش سەرکەوتنێکی گەورە و نایابی بەدەست هێنا.

 

ئەکتەری کورد مونا واسف نیشانەیەکی دیار و ناسراوی لە مێژووی درامای سوریدا هەیە و نازناوی ''دایکی میهرەبانی'' لێنراوە بەناوبانگترین دراماکانی ''فارس من الجنوب، الخنساء، الحب والشتاء، دليلة، باب الحارة ''ن، زۆرێک لە ڕەخنەگران وای دەبینن ڕێڕەوە هونەریەکەی پڕە لەکاری ناوازە و جوان لە شانۆ و سینەما و تەلەفیزیۆن.

 

پلەی جێگری سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی لە ساڵی ١٩٩١ تا ١٩٩٥ وەرگرتووە، هەروەها پلەی باڵێوزی نیازە باشەکانی وڵاتە یەگرتووەکانی لە ٢٠٠٢ وەرگرتووە، هەروەها لە چەند ڤیستیڤاڵێکدا لیژنەی دادوەری شانۆ، سینەما و تەلەفیزیۆن بووە.

 

چەندەها خەڵاتی پێبەخشراوە

کۆمەڵێک خەڵاتی ڕێزلێنان و بڕوانامەی شانازی لە ڤیستیڤاڵە عەرەبیەکان وەرگرتووە، دیارترینیان ''وسام الأستحقاق'' بە پلەی نایاب وەرگرتووە، خەڵاتی لە ڤیستیڤاڵەکانی دیمەشقی سینەمایی ١٤، ئەسکەندەریەیی سینەمای لە میسڕ، جەمیلە بەعەلبەک لە لوبنان، وەهرانی سینەمای لە جەزائیر پێبەخشراوە.

 

ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن ماڵپەری'' خبر عاجل'' لوبنانیەوە خەڵاتی باشترین ئەکتەری عەرەبی پێدراوە، لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن ڤیستڤاڵی مۆرێکسی لوبانیەوە خەڵاتی ڕێزلێنانی کۆژمێری ڕێڕەوی هونەری پێدراوە.

 

مونا ساڵی ١٩٦٣ هاوسەرگیری لەگەڵ دەرهێنەر محەمەد شاهین کردووە، کوڕێکیان هەیە بەناوی ''عەمار'' بە عەمار عەبدول حەلیم بەناوبانگە، لە دیارترین ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریایە لە ئەوروپا و ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مونا لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆچی دواییکردووە.

ت.پ