سوهەیلا قادی، شۆڕشگێڕێکی ئاوارەی وڵاتی خۆی

سوهەیلە قادری ژنە پێشکەشکارو چالاکوانی بواری مافاکانی ژنان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و وەک ئاوارەیەک ٤٨ ساڵ لە باشوری وڵاتەکەی تێکۆشان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

سوهیلە قادری ساڵی ١٩٧٣ لە پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. کاتێک تەمەنی ٧ ساڵ دەبێت کۆتای بە ڕژێمی پاشایەتی ئێران دێت، بەم هۆیەوە خێزانەکەی ئاوارەی باشوری کوردستان دەبن و بڕیاری چوونە ناو حیزبی دیموکرات دەدەن، سوهەیلا لەناو ئەو پارتەدا گەورە دەبێت و بەم هۆیەشەوە لە منداڵیەوە گەواهیدەرێکی شۆڕشگێڕانی کوردستان بووە.

 

لە ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجدا، کۆمیتەی پەیوەندی ڕێکخستنیان لەناو پارتەکەیاندا دامەزراند، هەر لەو ساڵەدا پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان دروست دەکات و دەبێتە ئەندامێکی چالاک. لە ساڵی ١٩٩٠ دا خولێکی وانەبێژی دەبینێت و دەبێتە مامۆستای گەورە ساڵان و لە دژی نەخوێندەواری تێدەکۆشێت، پاشان لە ساڵی ١٩٩١دا بۆ ماوەی ساڵیک لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان کار دەکات و دواتر لە "تیشک کەناڵ" دەبێتە بێژەر.

 

لە ساڵی ١٩٩٢ لە بناری قەندیل ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ هاوخەباتێکی خۆی پێکدە‌هێنێت، دەبێتە خاوەنی کوڕێک و کچێک، دوای بەستنی کۆنگرەی ٤ی پارتەکەی بە جێگری بەرپرسی کۆمسیۆنی ڕادیۆ دیاری کراو لە ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٣ بەشداری لە چەند خولێکی زانستە سیاسیەکاندا دەکات.

 

لە ساڵی ٢٠٠٧ سوهەیلە دەبێتە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی ئێران، پاشان وەک پێشمەرگەیەک لە کورد تیڤی درێژە بە خەباتەکەی دەدات، ساڵی ٢٠٠٨ بەشداری دووەمین کۆنگرەی پارتەکەی دەکات و تێیدا وەک ئەندامی کۆمیتەی جێگری ناوەند هەڵبژێردەبژێردرێت.

 

سوهەیلە قادری جگە لە ڕاگەیاندن و سیاسەت، توانایەکی باشی هەبووە لە نوسینی هۆنراوەدا، یەکەمین کۆمەڵە هۆنراوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ بە ناوی "تاسەکانی دایکم" لە وڵاتی سوید بە چاپ گەیەندراو بڵاوکراوەتەوە، دووەمین بەرهەمیش لە ساڵی ٢٠١٩ دا بە ناوی "گوڵی وڵاتی بەفر" لە پاش مردنی بڵاوکرایەوە.

 

کاتێک سوهەیلە و هاوڕێکانی لە شاری کۆیە لە کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتەکەیاندا بوون، لە ڕۆژی ٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە تۆپباران کران و لەگەڵ ١٥ لە هاوڕێیانی شەهید بوون، لە هەمان ڕووداودا ٥٠ ئەندامی پارتەکەی بریندار بوون و تا ئێستا ڕژێمی ئێران بە تاوانی پێشێلکردنی سنورەکانی عێراق لە هیچ دادگایەکی نێودەوڵەتی داوای لەسەر تۆمارنەکراوە.

 

دوا مەنزڵێ سوهەیلە قادری لە شاری کۆیەی باشوری کوردستانە لە نزیک شوێنی کۆمەڵکوژییەکە.

ت.پ