"سوفراجێت" درامایەکی مێژووییەو ئەو باجەی ژنان بۆ مافەکانیان داویانە ئاشکرا دەکات
"سوفراجێت" بەدواداچوون بۆ ئەو خەباتە سەخت و ئیلهامبەخشە دەکات کە ژنان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لە بەریتانیا بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردن ئەنجامیاندا.
ناوەندی هەواڵ
فیلمی "سوفراجێت" لە ساڵی ٢٠١٥ نمایشکراوە، درامایەکی مێژوویی بەهێزە و مێژووی خەباتی ژنان بۆ مافی دەنگدان دەخاتە ڕوو، لە دەرهێنانی سارا گاڤرۆن و نووسینی ئابی مۆرگانە، ئیلهام لە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمی لەندەن وەرگیرتووە، لە ناوەڕۆکی فیلمەکەدا چیرۆکی گەشتەکانی ژنان لە بەرامبەر نادادپەروەری و بەدواداچوونیان بۆ مافە سەرەتاییەکان دەگێڕێتەوە.
فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ژیانی مود واتس کە کرێکارێکی سادەی جلشۆرە، سەرەتا ناسیاسییە، تادێت ئاگاداری ئەو نادادپەروەرییانەیە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە و پەیوەندی بە بزووتنەوەی "سوفراجێت" ەوە دەکات.
مود واتس وەک زۆرێک لە ژنان کە لە لایەنە جیاوازەکانی ژیاندا تووشی ستەمکاری دەبن، بەدوای مافی یەکسان لەگەڵ پیاواندا دەگەڕێت و پەیوەندی بە بزووتنەوەی "سوفراجێت" دەکات، کە کەسایەتییە دیارەکانی وەک ئیملین پانخورست پێشەنگایەتی دەکات.
فیلمەکە گۆڕانی شۆڕشگێڕانەی ژنێکی ئاسایی نیشان دەدات، کاتێک لە ناڕەزایەتی ئاشتیانەدا دەڕواتە کردەوەی ڕادیکاڵتر، وەک مانگرتن و بۆردوەمان، لە شەڕی مافی دەنگدان و دادپەروەریدا، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەو باجە سەختەی کە ژنان داویانە، لە سەرکوتی دەوڵەتەوە، توندوتیژی پۆلیس، لەدەستدانی کار و هەڵوەشاندنەوەی خێزان، بە درێژایی بەرخۆدانەکەیان.
بزووتنەوەی "سوفراجێت" نوێنەرایەتی قۆناغێکی مێژوویی سەخت دەکات کە تێیدا ژنان بەشداری مانگرتنیان لە خواردن کردووە و ڕووبەڕووی توندوتیژی پۆلیس بوونەتەوە بۆ ئەوەی دەنگیان ببیسترێت، فیلمەکە باس لە یەکێک لە سەرەتاییترین بزووتنەوەکانینژنانی مێژوو دەکات، کە چیرۆکێکی پڕ لە بەرخۆدانە.
تیشک دەخاتە سەر داواکارییەکانی ژنان بۆ مافی دەنگدان نەک تەنها لەسەر ئەو بارودۆخە سەختانەی کە ژنانی چینی کرێکار لەو کاتەدا ڕووبەڕوویان بووەتەوە، لەوانە سەعاتێکی زۆر و کەمی حەقدەست و هەراسانکردن لەلایەن خاوەنکارەکانەوە.
فیلمەکە خۆی جیا دەکاتەوە بەوەی کە ڕێبازێکی ژیاننامەیی نەریتی پەیڕەو نەکات، بەڵکو بە تیشک خستنە سەر ژنانی ئاسایی ناو بزووتنەوەکە، لایەنی دڕندە و ماندووکەری خەبات ئاشکرا دەکات، دیمەنەکانی ناڕەزایەتی و دەستێوەردانی پۆلیس لە بەهێزترین ساتەکانی فیلمەکەن، هەروەها فیلمەکە کاریگەری کەسایەتییەکی مێژوویی ڕاستەقینە بە ناوی ئیملین پانکیرست لەسەر ڕەوتی بزووتنەوەکە دەکۆڵێتەوە.
کاری مولیگان ڕۆڵی سەرەکی ”مود واتس” دەگێڕێت، هەروەها لە فیلمەکەدا مێرڵ ستریپ ”وەک ئیملین پانکیرس” و هێلێنا بۆنهام کارتەریش بەشدارن، فیلمەکە مامەڵەیەکی بەهێز لەگەڵ مێژوو و ململانێ کۆمەڵایەتییەکان و چیرۆکی تاکەکانی خۆڕاگر و ئیرادەدار پێشکەش دەکات.