پەرتوکی ژنانی کورد لە سۆنگەی دوورخستنەوەو پەنابەرییەوە: Sleeping in the Courtyard

هۆلی مەیسۆن بەدرا، نووسەری پەرتوکی ژنی کورد، دەڵێت: ژنانی کورد تەنها لەسەر ئازارەکانی خۆیان نانووسن، بەڵکو لەسەر ژیان دەنووسن، عاشق دەبن، دەیانەوێت، دەڵێن، دەگرین، خەون دەبینن و جیهانێکی دیکە بە زمانی خۆیان دروست دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

”خەوتن لە حەوشە: نووسەرانی هاوچەرخی کورد لە ڕەوەنددا” Sleeping in the Courtyard: Contemporary Kurdish Writers in Diaspora، ئەنتۆلۆژیای نووسەرانی ژن و نا دووانەیی کوردە کە لە ساڵی ٢٠٢٥ چاپخانەی زانکۆی ئارکانساس چاپی کردووە، پەرتوکەکە لەلایەن هۆلی مەیسۆن بەدرا، نووسەری کورد-ئەمریکی سەرپەرشتی کراوە و شیعر، کورتە چیرۆک، ڕاستی، بەرهەمی گرافیک لەخۆدەگرێت.

 

نووسەرانی کوردیش تێیدا بەشدارن

لە ناو پەڕەکانی ئەم بەرهەمەدا، دەنگی نووسەرانی کوردی نیشتەجێی کوردستان و وڵاتانی دیاسپۆرا کۆ دەبنەوە، پەتوکەکە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە، بەڵام ئەمە تەنها ئەنتۆلۆژیای نووسەرانی کورد بە زمانى ئینگلیزی نییە، هەندێک لە بەرهەمەکان لە زمانی کوردی، عەرەبی، تورکی، فارسی و سویدی وەرگێڕدراون  لە هەمان کاتدا، هەندێک لە نووسینەکانیش بە شێوەزارە کوردییەکان و بە شێوازە ڕەسەنەکەی خۆیان لە تەنیشت وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەیانەوە جێیان گرتووە، ئەم هەڵبژاردەیە بۆ پاراستنی زمانی کوردی و بەرەنگاربوونەوەی مێژوویەکی قەدەغەکردن و سڕینەوەی زمانی کراوە، لە ناو نووسەرانی ئەم کۆمەڵەیەدا ناوی وەک مەرال شیمشەک، چۆمان هەردی، نازەند بەگیخانی، ژیلا حوسێنی، نارین ڕۆستەم، هیوا پەناهی، پینار بانو یاشار، مەریەم ڕەبیعا ئۆزومجو، ڕۆژ محەمەد و هەڕۆ کوردا هەن.

 

”خەوتن لە حەوشە” ”Sleeping in the Courtyard”

پەرتوکی ”خەوتن لە حەوشە” ”Sleeping in the Courtyard” تەنیا کۆمەڵەیەکی ئەدەبی نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەو دەنگانەی کە بەهۆی کۆچبەری، نامۆیی، جەنگ، جینۆساید و سڕینەوەی کولتوورییەوە لە یەکتر دوور کەوتوونەتەوە، دیسانەوە لە یەکتر کۆ بکاتەوە، ناوی پەرتوکەکە کە بە کوردی دەبێتە ”خەوتن کە حەوشە”، هەستێکی تایبەتی خۆیشی هەیە: حەوشە ماڵ نییە، بەڵام دەکرێت ببێتە شوێنی تەنهایی و بیری ماڵ، یادەوەری و هەستی ئارامی، نووسەرانی ئەم کۆمەڵەیە بە دەستەواژەی خۆیان وتیان: مرۆڤ دەکرێت لە وڵات دوور بکەوێتەوە، بەڵام ناتوانێت لە زمان و یادەوەرییەکانی خۆی دوور بکەوێتەوە، لەم پەڕانەدا ئەدەب دەبێتە شوێنی گەڕاندنەوەی ئەو دەنگانەی کە بێدەنگ کرابوون.

 

بابەتی پەرتوەکە

ئەم پەرتوکە تەنها لەسەر جەنگ، کۆچبەری و ئازارەکانی گەلی کورد ڕاناوەستێت، لەناو نووسینەکاندا بابەتەکانی وەک خۆشەویستی، هاوڕێیەتیی ژنان، خێزان، ئارەزوو، ناسنامە، خەون و هیوایش جێیان گرتووە، کە ئەمەش یەکێکە لە لایەنە گرنگەکانی ئەم کۆمەڵەیە: نووسەرانی ژن تەنها وەک زیانڤەرکەوتووانی مێژوو” نیشان نادرێن. ئەوان بە دەنگی خۆیان، بە جەستەی خۆیان، بە خەون و ئارەزووەکانی خۆیانەوە دەڕواننە مێژوو، بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی سەر پەرتوکەکە، ئەم فرەچەشنییە لە بابەتەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەزموونی ژنانی کورد نەک تەنها وەک سەرگوزەشتەیەکی سیاسی، بەڵکو هاوکات وەک ئەزموونێکی مرۆڤایەتیش بخوێنرێتەوە.

 

”ژنانی کورد تەنها لەسەر ئازارەکانی خۆیان نانووسن”

هۆلی مەیسۆن بەدرا سەبارەت بە دروستکردنی ئەم ئەنتۆلۆژیایە وتی: پرۆژەکەی لە ساڵی ٢٠١٩ ـەوە دەستی پێکردووە، پاش ئەوەی میدیا و چالاکییە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا سەرنجی ڕای گشتیی باکووری ئەمریکای بۆ لای کورد ڕاکێشا، زۆر کەس لێیان پرسی کە لە کوێدا دەتوانن ئەدەبیاتی کوردی بە وەرگێڕانی ئینگلیزی بخوێننەوە، بۆی دەرکەوت کە لە بەردەم چاوی خوێنەری ئینگلیزیدا سەرچاوەکانی ئەدەبیاتی کوردی هێشتا کەمن و لەو کاتەوە دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی ئەم دەنگانە، لە کۆتاییدا ئەو شتەی ئەم ئەنتۆلۆژیایە دەکاتە بەرهەمێکی گرنگ، ئەوەیە کە ژنانی کورد تەنها لەسەر ئازارەکانی خۆیان نانووسن، ئەوان لەسەر ژیان دەنووسن، ئەوان عاشق دەبن، دەیانهەوێت، دەدوێن، خەون دەبینن و بە زمانی خۆیان جیهانێکی تر دەسازێن، پەرتوکی ”Sleeping in the Courtyard” ئەم دەنگدانەوەیە دەکاتە ناوەندی خوێندنەوە و لە بەرامبەر سڕینەوەدا ئەرشیفێکی ژیندوو دەسازێنێت.