پەرتوکی ئەمڕۆ: شیری ڕەش

شیری ڕەش لە نووسینی ئەلف شەفەق و ڤییەنا سەلام کاری وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی کردووە.

 

ئەلیف شەفەق لە پێشەکی پەرتوکەکەیدا دەڵێت: "ئەم کتێبە تەنها بۆ ئەو ژنانە نەنووسراوە کە لە ڕابردوو و لە داهاتوودا، لە بارودۆخی هاوشێوەدا دووچاری خەمۆکی بوونەتەوە یان دەبنەوە، بەڵکو بۆ هەر کەسێکە بە پیاو و ژنەوە، هاوسەرگیری کردبێت یان نا، خاوەنی منداڵ بێت یان نا، نووسەر بێت یاخود نا، کە بۆی سەخت بێت باڵانس لە نێوان زیاتر لە ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتییەکی ژیانیدا ڕابگرێت."

 

ئەلیف دەربارەی ڕۆمانی شیری رەش دەڵێت دەمویست توێکاری خودی خۆم بکەم، گفتوگۆی ناخی خۆمم نووسییەوە و هەوڵمدا کەموکوڕی و لاوازییەکانی خۆم هەڵبدەمەوە، پەرتوکەکە سەبارەت بە دایکایەتی و نووسەریی و پەیوەندی ئەم دووانەیە پێکەوە، پرسیاری سەرەکی کتێبەکەش ئەوەیە کە ئایا ژنان دەتوانن هەم نووسەر بن و هەم دایک؟

 

ئەلیف بەدرێژایی نووسینی ڕۆمانەکەی بە دوای ژیانی نووسەرانی ژندا گەڕاوە بۆ وەرگرتنی وەڵامی پرسیارەکەی، لە ڕۆمانەکەشدا بە جوانی هەردوو دیوی ژیانی ژنێک کە هەم دایک بێت و هەم نووسەر بێت پیشان داوە.

 

نووسەری بە ڕەگەز تورک ئەلیف شەفەق، لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٧١ لە فەڕەنسا لەدایکبووە، خاوەنی پانزە پەرتوکە و بە دەیان ڕۆمانی بڵاوکردووەتەوە، یەکێکە لەو نووسەرە ژنانەی پەرتوکەکانی بۆ چەندین زمانی جیهانی وەگێڕدراون، هەردوو ڕۆمانی "چل ڕێساکەی عەشق" و "زۆڵەکەی ئیستانبوڵ" بوونەتە پڕ فرۆشتین پەرتوک لە تورکیادا، یەکەم ڕۆمانیشی بە ناوی "پەنهان" چاپ بووە.