لەیلا قاسم: بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی هۆشیار دەبنەوە

لەیلا قاسم یەکەم ژن بوو کە ملی بەر پەتی سێدارە کەوت وتی: بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی هۆشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم، کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٢ی ئایار، ٥٢ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی لەیلا قاسم یەکەم ژنە خەباتگێڕ و شۆڕشگێری کورد تێدەپەڕێت کە لەلایەن ڕژێمی بەعس لەگەڵ هاوڕێیکانی لەسێدارە درا و نازناوی بوکی کوردستانی پێبەخشرا.

 

 

لەیلا قاسم حەسەن لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شارۆچکەى خانەقین و لە خێزانێکی هەژار لەدایکبووە، سەرەڕای ئەوەی باوکی لە پاڵاوگەیەکی نەوت کرێکار بووە لە هەمانکاتدا کاری جوتیاریشیان ئەنجامداوە، ساڵی ١٩٥٨ لە خانەقین دەستی بە خوێندن کردووە، ساڵی ١٩٧١ـدا ماڵیان بۆ شاری بەغدا گوازراوەتەوە و لە هەمان ساڵدا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە.

 

لە ساڵی ١٩٧٠، لەیلا قاسم ساڵێک بەر لە چوونی بۆ کۆلێژ دژ بە ستەم و زوڵمەکانی ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە کورد، دەست بە خەبات و تێکۆشان بۆ دۆزی کورد دەکات و هەوڵی هۆشیارکردنەوەی خوێندکارە کوردەکان دەکات کە بوونە هۆکاری درووستبوونی بیری ئازادیخوازی و هەستی نەتەوەیی، هەر لە تەمەنێكی گەنجییەوە دەستی بە شۆڕشگێڕی کرد.

 

لە ساڵی ١٩٧٤ ئەو کاتەی بارودۆخی ئاسایشی باشووری کوردستان تێکچوو و ڕژێمی بەعس هێرشەکانی دەست پێکردەوە، لەیلا لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێ و هاوڕێبازەکانیان، خەباتی سیاسی و مەدەنیانەیان لە بەغدا چڕتر کردەوە و کاری بڵاوکرنەوەی پەیامەکانی شۆڕشیان کرد، هەر بەو هۆیەوە لە ٢٨ـی نیسانی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و جەواد هەمەوەندی لەگەڵ نەریمان فوئاد و حەسەن حەمە ڕەشید و ئازاد سلێمانی دەستگیرکران.

 

هەروەها لەدوای دوو هەفتە لە دەستگیر کردنیان، لە کاتژمێر ٧:٠٠ـی بەیانی ڕۆژی ١٢ـی ئایاری ١٩٧٤ لەسێدارە دران و بەسەربەرزییەوە گیانی خۆیان لەپێناو ئازادیی وڵاتەکەیان بەختکرد.

 

"بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی هۆشیار دەبنەوە"

تاوەکو ساڵی ١٩٧٤ لە عێراق هیچ ژنێک لەسێدارە نەدراوە، ئەو ساڵەش لەیلا قاسم یەکەم ژن بوو کە ملی بەر پەتی سێدارە کەوت، ئەو کاتەی ڕژێمی بەعس هەوڵی تێکشکاندنی ئیرادە و کەسێتی لەیلایی دەدا، دەیویست لە ڕێی ئەشکەنجە و ترساندنی بە مەرگ لە شۆڕشگێرییەتی پەشیمانی بکەنەوە، بەڵام لەیلا بە ڕستەیەک جوابی دانەوە و وتی: بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی هۆشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم، کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم.