فیلمی ئەمڕۆ: سۆنی

 

دەستدرێژی سێکسی کردنە سەر کچێکی گەنجی ٢٠ ساڵان لەلایەن ٦ پیاوەوە لە ساڵی ٢٠١٢دا لە شاری دلهی پایتەختی هیندستان، دەبێتە ئیلهامی نووسینی سیناریۆی فیلمی "سۆنی" لەلایەن ئیڤای ئایری نووسەر و دەرهێنەرەوە، کە تیایدا تیشکی خستەسەر ژیانی ژنان لە هیندستان و ئەو هۆکارانەی بوونەتە پاڵنەری دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان.

 

"سۆنی" فیلمێکی درامیی هیندییە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٨ نمایشکرا، ئەکتەرانی ژن گیتیک ئولیان و سالونی پێترا وەک پۆلیسی ژنی داکۆکیکار لە ژنان ڕۆڵی سەرەکییان تیادا گێڕا.

 

فیلمەکە وردەکارییەکانی ژیانی ژنێکی توند دەردەخات، کە ئەفسەرێکی پۆلیسە و لە دلهی پایتەخت کاردەکات، ئەو فشارانە نیشان دەدات لە کار و ژیانی تایبەتیدا بەرکەوتەی دەبێت و لەگەڵ هاوکارەکەی کالپانا هەوڵ بۆ شکاندنی ئەو وێنە کۆنەپەرستانەیە لەسەر ژنان دەدات تا چارەسەری قەیرانی پەرەسەندنی تاوانە توندوتیژەکان بکات.

 

سۆنی لە ڕێگادا هەراسان دەکرێت و بەرگری لە خۆی دەکات، بەڵام دەستگیر دەکرێت و لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە، چونکە یەکێک لەو کەسانەی لەگەڵیدا شەڕی کردووە کوڕی بەرپرسێکە، لێرەدا بەها و پرەنسیپەکان کەم دەبنەوە، تا ئەو ئاستەی خزمایەتی لە پێش سەلامەتی و سەقامگیری ژنانەوەیە.

 

فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ژیانی ژنان لە دلهی بە شێوەیەکی ڕوونتر و دوور لە سێبەرکردن و شاردنەوەی ڕاستییەکان، بەتایبەتی دۆخی ژنان لە بنکەی پۆلیس و ئەو فشار و هەراسانکردنانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان یان لە ژیانی گشتیدا.

 

فیلمەکە خەڵاتی باشترین فیلمی لە ٧٥ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیزدا بەدەستهێنا، هەروەها لە هەمان ساڵی بڵاوبوونەوەیدا خەڵاتی نەختینی بیست هەزار دۆلاری بەدەستهێنا.