فیلمی ئەمڕۆ: سێ خوشک

فیلمێکی درامای کۆرییە لە نووسین و دەرهێنانی سیونگ وۆن لی، کە باس لە سێ خوشک دەکات، لە یەکدی دادەبڕێن تا ژیانی خۆیان بنیاد بنێن، بەڵام ڕۆژی لەدایک بوونی باوکیان یەکیان دەخاتەوە.

 

فیلمەکە بۆ یەکەمجار لە ٢٥مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بوسان لە ساڵی ٢٠٢٠ نمایشکرا، فیلمەکە لە مەراسیمە جیاوازەکانی خەڵاتکردندا ١٢ خەڵاتی بەدەستهێناوە، ئەکتەر کیم سون یۆنگ، مون سۆری و جانگ یون جو ڕۆڵی سەرەکییان بینی.

 

هەریەک لە سێ خوشکەکە ژیانێکی جیاوازیان بەسەر بردووە، خوشکە گەورەکە گوڵفرۆشە و هەمیشە داوای لێبوردن لە کەسانی تر دەکات، هەروەها تووشی شێرپەنجە بووە، بەڵام بە هاوژین و کچەکەی نەگوتووە، خوشکی ناوەڕاست سەرۆکی تیپی کاسۆلیکییە و کاتێک ئاشکرا دەبێت هاوژینەکەی لەگەڵ یەکێک لە خوێندکارەکانی فێڵی لێدەکات، ژیانی تێکدەچێت، خوشکە بچووکەکەش شانۆنامەنووسە و زۆر ئازار دەچێژێت بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەی بەردەوام ئازادی کوڕەکەی دەدات.

 

بەم شێوەیە هەریەکەیان ژیانێکی سەختیان بەسەر بردووە، بەڵام کاتێک یەکتریان بینی، یادەوەرییەکانی ڕابردوو و منداڵییان وەبیر هێنایەوە، بۆیان دەرکەوت کە ژیانیان نەگۆڕاوە، وەک چۆن لە منداڵییەوە بە توندوتیژی و فشاری دەروونیدا تێپەڕیون، ئێستاش ژیانیان جگە لە بەردەوامی ئازارەکان هیچی تر نییە، بۆیە بڕیاریان دا هەموو شتێکی دەوروبەریان بگۆڕن و یارمەتی یەکتر بدەن بۆ زاڵبوون بەسەر ناخۆشییەکان لەگەڵ یەکتردا.

 

فیلمەکە تیشک دەخاتەسەر پرسی توندوتیژی خێزانی و کاریگەرییەکانی داهاتوو لەسەر کەسی بەرکەوتە، ئەگەری زاڵبوون بەسەریدا بە هۆشیاری و درککردن بە هۆکاری سەرەکی ئەم کێشانە.