فیلمی "زارێ"... یەکەم فیلمی کوردی
فیلمی "زارێ" یادەوەری سینەمای سەرەتای کوردی زیندوو دەکاتەوە، ژیانی ئێزدییەکان و وردەکاری کۆمەڵگەکەیان لە ساڵانی بیستەکاندا بەڵگە دەکات، بەرهەمێکی بێدەنگ دەخاتە ڕوو کە دواتر بووە یەکێک لە گرنگترین شایەتحاڵی بینراو بۆ مێژووەکەیان.
ناوەندی هەواڵ
فیلمی "زارێ" لە ساڵی ١٩٢٦ لە ئەرمینیا بەرهەم هێنراوە، سیناریۆی فیلمەکە لەسەر بنەمای کورتە چیرۆکی "چارەنووسی زارێ"ی نووسەر و ڕۆشنبیری ئەرمەنی هاکۆب غازەریان بووە.
فیلمەکە لە دەرهێنانی هامۆ بەکنازاریان، یەکێک لە پێشەنگەکان و دامەزرێنەرانی سینەمای ئەرمەنستانە، لە ساڵی ٢٠١١ بۆ یەکەمجار لە تورکیا لە فێستیڤاڵی فیلمی ئێستەنبوڵ نمایشکرا و دوای دەیان ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانیدا سەریهەڵدایەوە.
شێوازی ئەسڵی فیلمەکە بێدەنگ بوو، بەڵام لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی هەوڵەکانی توێژەری کورد جاسم جەلیل لە یەکێتی سۆڤیەت و کچە موزیکژەنەکەی، جەمیلە جەلیل، دۆبلاژ کرا بۆ شێوەی دەنگی، دۆبلاژکراو لە ئەرمینیا نمایش کرا، لە تورکیاش بە هەردوو ژێرنووسی کوردی و تورکی پێشکەش کرا.

میراس و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردی ئێزدی
فیلمی بێدەنگی "زارێ" وێناکردنی ژیان و میراس و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کورد ئێزدیەکانە، چیرۆکی زارێ کچێکی ئێزدی و ئەو سەختییە کۆمەڵایەتیانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە دەگێڕێتەوە، بەم واتایە فیلمەکە تەنها چیرۆکێکی خۆشەویستی نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی بینراوی کۆمەڵگەی کوردییە لەو سەردەمەدا.
فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر شێوازی ژیان و جلوبەرگ و داب و نەریتی کوردی ئەو سەردەمە و سەرەتای سینەمای کوردییە، هەروەها کاریگەری دەسەڵاتی ئایینی لەناو پێکهاتەی فیۆداڵیدا ئاشکرا دەکات، چۆن وەک ئامرازێک بۆ ستەم و ئازاردان بەکارهات، جگە لەوەش ئەوە نیشان دەدات کە چۆن ئەوانەی لە دەسەڵاتدان دەتوانن هەر ئامرازێک بەکاربهێنن بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانیان، جا چ لە ڕێگەی فشاری ڕاستەوخۆ یان دەستکاریکردنی بیروباوەڕە نەریتییەکانەوە.
فیلمەکە وێنای کە تیمور بەگ دەکات، کە سەر بە باندێکی تورکە، چۆن دڕندەیی و نادادپەروەریی دەسەڵات لە دژی گەلی کورد دەقۆزێتەوە، بە سورد وەرگرتن لە نەخوێندەواری و بێ هۆشیاریی، فیلمەکە لە ڕێگەی چیرۆکی خۆشەویستی نێوان زارێ و شوان سەعیدەوە، بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی وەک سەرکردایەتی، چەمکی مارەیی، چینایەتی کۆمەڵایەتی دەکات.
ژیانی ڕۆژانەی کورد
فیلمەکە تەنها چیرۆکێکی خۆشەویستی نییە، هەروەها بەڵگەنامەیەکی بینراوی ژیانی ڕۆژانەیە بۆ کورد، سەرەڕای سنوورداربوونی تەکنیکە سینەماییەکانی ئەو سەردەمە، کارەکە سەرکەوتوو بوو لە گرتنی دیمەنە زیندووەکان کە ڕەنگدانەوەی وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیە، دیمەنەکان کە بە تەنها بەسن بۆ پێشکەشکردنی تێڕوانینێکی ڕوون بۆ کولتوور و شێوازی ژیانی کوردی ئەو سەردەمە، سەڕەڕای ئەسڵی فیلمەکە ژێرنووسێکی سەرنجڕاکێشی هەڵگرتووە کە بریتییە لە فیلمێکی حەوت بەشەیی دەربارەی ژیانی کورد.
لایەنێکی دیکەی گرنگی فیلمەکە وێناکردنی کاریگەریی سەرکردە ئاینییەکانە لەسەر کۆمەڵگە، ڕاستییەکی مێژووییە، چۆن ئەم کاریگەرییە لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدارەوە وەک ئامرازێکی هەژموون بەکارهێنراوە.
فیلمی "زارێ" یادگارییەکە لە ساڵی ١٩٢٦ تا ئێستا، کە نوێنەرایەتی یەکەم ساتی پەیوەندی نێوان مرۆڤایەتی و شاشەی ڕەش و سپی دەکات و دەنگدانەوەکەی تا ئەمڕۆش لە یادەوەری سینەمادا ئامادەیە.