سورەیا جەلیزادە، ژنێک بووە هەوێنی ئاشتی

 

سورەیا جەلیزادە لە ساڵی ١٩٣٦ لە چنارۆکی سەر بە کۆیە لەدایک ووە، لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و نیشتمانپەروەر بووە، هەر لە منداڵیەوە پێشەنگی هاوڕێکانی بووە و لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەڕواتە بەر خوێندن و لە خوێندنیشدا هەمیشە ئاستێکی بەرزی بەدەستهێناوە، قۆناغی یەکی ناوەندی لە کەرکوک و قۆناغی دووی لە هەولێر و قۆناغی سێی لە سلێمانی تەواو کردووە.

 

سورەیا کۆمەڵێک ژن دەناسێت و لەگەڵ ئەواندا یەکدەگرێت و دەستدەکات بە ڕێکخست و خەبات بۆ ئازادی ژنان و  نیشتمان، لە ساڵی ١٩٥٢ کاتێک ڕێکخراوی ژنانی کوردستان دامەزرا، سورەیا دەستی باڵای هەبووە لە دابەزراندنیدا، هەر لەو ساڵەدا تا ساڵی ١٩٥٤ دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە.

 

لە ساڵی ١٩٥٦ دەبێتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر لەو ساڵەدا بۆ تەواو کردنی خوێندنەکەی ڕوو لە بەغدا دەکات و لە بەشی زمانی عەرەبی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی بەغدا دەستدەکات بە خوێندن، بۆ یەکەم جار لە هەولێر دەبێتە مامۆستا و هەمیشە هانی قوتابیەکانی دەدا وەرزش بکەن و شانۆ بکەن، یارمەتی خوێندکارانی هەژاری دەدا.

 

لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دەگوازرێنەوە بۆ ڕومادی و سورەیا لەوێ وەک پشکنەری پەروەردەیی کار دەکات، لە ساڵی ١٩٧٦ سورەیا و هاوژینەکەی کۆچ دەکەن و دەبن بە پەنابەر لە لەندەن، دوای ئەوەی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد لە لەندەن دامەزرا، سورەیا دەبێت بە لێپرسراوی لیژنەی ڕۆشنبیری و لیژنەی ژنان و پەیوەندیەکانی دەرەوە.

 

سورەیا هەمیشە بەشداری ئەو خۆپیشاندانانەی دەکرد کە کوردان لە لەندەن ئەنجامیان دەدا، هەرچەندە توشی نەخۆشی دڵ بوو، بەڵام ئیرادەی هەمیشە بەهێزتر دەبوو، هەمیشە حەزی بە یەکگرتن دەکرد و ببووە هەوێنی ئاشتی، لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠١٧ کۆچی دوای دەکات لە لەندەن و دەیهێننەوە بۆ زێدی خۆی و لە گۆڕستانی دەروێش خدر لە کۆیە بە خاک دەسپێردرێت.