چیرۆکی خەبات بۆ دیموکراسی لە دژی ڕەگەزپەرستی کۆمەڵایەتی: ژن

فیلمی "ژن" کە لە ساڵی ٢٠١١ لە وڵاتی میانمار بەرهەمهێنراوە، تیشک دەخاتە سەر چیرۆکی ژنە پێشەنگەکانی ئەو وڵاتە کە دەیانەوێت لە پێناوی دیموکراسیدا خەبات بکەن.

لەیلا جاهیدە

 

ناوەندی هەواڵ- فیلمی "ژن -  the lady" لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن دەرهێنەر لوک بێسۆن بەرهەمهێنراوە، چیرۆکی ڕاستەقینەی یەکێک لە ژنە پێشەنگەکانی وڵاتی میانمار دەگێڕێتەوە بە ناوی "ئاونگ سان سو کییە"، کە ویستویەتی لە وڵاتەکەیدا خەبات بۆ دیموکراسی بکات.

 

فیلمەکە باس لە کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٦٢ دەکات، لەو کاتەدا ئاونگ هێشتا منداڵێکی بچووک و باوکی سەرباز بوو، دوای ئەوەی باوکی لەلایەن جونتای سەربازییەوە کوژرا، ئاونگ وڵاتەکەی خۆی بەجێدەهێڵێت و چیرۆکەکەی لەوەوە دەستپێدەکات و لە فیلمەکەدا دیمەنەکانی دوای کوشتنی باوکی و پرۆسەی چوونی بۆ ئینگلتەرا و خوێندنەکەی و هاوسەرگیرییەکەی بە خێرایی تۆمار دەکرێت.

 

چیرۆکەکە بە مردنی دایکی ئاونگ دەگاتە قۆناغێکی تر، دوای مردنی دایکی بۆ پرسەکە دەچێتەوە وڵاتەکەی، بەڵام لەو کاتەدا شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکەیدا هەیە، خوێندکاران و لایەنگرانی دیموکراسی لە دژی ڕژێمی سەربازی سەریانهەڵداوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەجێدەهێڵێت و ئەو داواکاریانە قبوڵ دەکات بۆ ئەوەی بخرێتە ناو بزووتنەوەکە، دەستدەکات بە خەبات بۆ کۆتایی هاتنی سیستمی ڕژێمی سەربازی لە وڵاتدا.

 

بە دوای ڕێکخستنی کەسانی جیاواز لە وڵاتدا دەگەڕێت، لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا کە بۆ یەکەمجار لە وڵاتدا بەڕێوەدەچێت، دەبێتە کاندیدی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی نیشتمانی بۆ دیموکراسی، لە ساڵی ١٩٩٠ سەرەڕای سەرکەوتنی حزبەکەی، بەڵام لە دادگایەکی سەربازیدا سزای بەندکردنی ماڵەوەی بەسەردا سەپێندرا، لە دیمەنە جیاوازەکانی فیلمەکەدا شاهیدی ١٥ ساڵ زیندانیکردنی ئاونگ لە ماڵەوە دەبین، لەو پرۆسەیەدا مەراسیمی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، ڕێپێوان دژی ڕژێمی سەربازی کە پێی دەوترێت شۆڕشی زەعفەران، یاخیبوونی دەروێشەکانی بودایی دەبینرێت، چیرۆکی فیلمەکە دەگاتە ساڵی ٢٠١٠ و ئەو کاتەی کە ئاونگ ئازاد دەبێت.

 

له فیلمەکەدا بە شێوەیەکی نائاسایی باس لە نیشانەکانی ژنان دەکات، لە هەندێک دۆخدا تەوەری سەرەکی فیلمەکە لەبیر دەکرێت، کە ژنە، هەروەها لە هەندێک دیمەندا شاهیدی گفتوگۆکان سەبارەت بە ژنان دەبین کە تێڕوانینی نەرێنین و پێشەنگایەتی ژنان لە بیر نەکراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵیەتی کۆمەڵگە سەبارەت بە ژنان، هۆکارێکی دیکەشی ئەوەیە، ئەگەرچی فیلمەکە باسی ژن دەکات، بەڵام دەرهێنەرەکەی پیاوە و نەیتوانیوە بەسەر چیرۆکەکەدا زاڵ ببێت.

 

ئاونگ کە دایکی دوو کوڕە، لەلایەن سەربازانی ڕژیمەوە کەوتووەتە ژێر ڕۆڵی کلاسیکی ژنانەوە،  بەهۆی منداڵەکان و هاوژینەکەیەوە، کە هاوڵاتی میانمار نین، دیپۆرت دەکرێنەوە، تەنانەت داوای ڤیزە بۆ هاوژینەکەی دەکات کە خەریکە لە ئینگلتەرا دەمرێت، دەسەڵاتدارانی سەربازی دەیخەنە نێوان دوو بژاردە و دەڵێن؛ 'هاوژینەکەت یان وڵاتەکەت؟' دوای ئەوەی هاوژینەکەشی گیان لەدەستدەدات، هەندێک پرۆسەی دیکەی بەرامبەر خەباتی ئاونگ بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی وێنەی 'دایکێکی خراپ'، جارێکی تر وێناکردنی ئاونگ لەگەڵ کوڕەکانیدا، ڕەنگدانەوەی چاوەڕوانییەکانی دایکێکی کلاسیکە، جگە لە خەبات بۆ دیموکراسی، لەگەڵ پاڵەوانی فیلمەکەدا شاهیدی خەبات دژی نەخشەکانی ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی دەبین.

 

ڕۆڵی ئاونگ لەلایەن ئەکتەری بەناوبانگی جیهانی میشێل یۆوە بە نواندنێکی باش ژیانی پێدەبەخشرێت، فیلمی "ژن" هەم خەبات دژی ڕژێمی فاشیستی و هەم دژی ڕەگەزگەرایی کۆمەڵگە دەخاتە ڕوو، فیلمێک شایەنی سەیرکردنە، بە تایبەت لە ئێستادا کە هەموو ژنانی جیهان ڕووبەڕووی ئەو ئەزموونانە بوونەتەوە و لە خەباتدان.