کچە کورد؛ زەینەب خان

ناوەندی هەواڵ

 

زەینەب خان، هۆنەر و ڕووناکبیر، لە ٢١ی ئاداری ١٩٠٠، لە گەڕەکی بەفری شاری کۆیە چاوی بە دنیا هەڵێناوە، لە ساڵی ١٩٠٦ لە بەغدا دەست دەکات بە خوێندنی سەرەتایی و لە قوتابخانەی ڕۆژدیەی کچان پۆلی ٦ی سەرەتایی تەواو دەکات، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ شارەکەی خۆی و خوێندن لە ناو حوجرەدا بەردەوامی پێدەدات و دواتر لە شاری هەولێر هاوسەرگیری دەکات.

 

زەینەب خان، کە لە گۆڤاری گەلاوێژدا خۆی بە کچە کورد ناساندبوو، کچی زەهووە خان و مەلا ڕەوف ئەفەندی بووە و لە بنەماڵەی خادم سوجادیە، کە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و نیشتیمان پەروەر بوون، یەک خوشک و حەوت برای هەیە و خێزانەکەشی پاڵپشتیەکی گەورەی ئەم هۆنەرە بوون لە هەموو کایەکانی ژیانیدا، لە هەمان کاتدا ڕێنیشاندەرێکی گەورەش بووە بۆ دڵداری برای، کە دواتر لەسەر ڕێچکەی زەینەب خان دەبێتەوە بە هۆنەر.

 

زەینەب خان، یەکێکە لە ژنە تاقانەکانی سەردەمی خۆی، بە هۆی ئەوەی لە ماوەی ژیانی ئەودا ژنانی دەرکەوتوو و هۆنەر و ئازادیخواز کەم بوون، بەڵام ئەم ڕێچکە نەریتیەکانی شکاندووە و لە ڕێی هۆنراوەکانیەوە هەردەم تێکۆشاوە بۆ یەکسانی ڕەگەزی و سەربەخۆیی نیشتیمانەکەی. ئەم ژنە ئازایە، ئارەزوویەکی زۆری هەبووە بۆ فێربوونی زمانەکانی چواردەوری خۆی و ٥ زمانی زانیوە، ئەوانیش کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، عیبری.

 

زەینەب خان لە بەغداد لە ڕێگای خوێندنەوە فێری زمانی عەرەبی دەبێت و پاشان لە حوجرە فێری فارسی دەبێت، لە کۆیەش بە زیرەکی خۆی زمانی عیبری لە دراوسێ جوەکانیەوە فێردەبێت و بە هۆی ئەوەی کە سەردەمی عوسمانیەکان دانیشتوانی قەڵای هەولێر بە زمانی تورکی دواون، لە دوای هاوسەرگیری کردنی، لە قەڵا فێری زمانی تورکیش دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، خاوەنی زمانێکی کوردی پاراو بووە و هۆنراوەکانی بە زمانێکی جوان و سادەی کوردی نووسیوە کە هەموو تاکێک توانای تێگەشتنی هەبێت لێی.

 

زەینەب خان، هۆنراوەی کردبووە پەیامێک بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی و ژنانی تر، ئازادی ژنان و نیشتیمان ڕۆڵپێدەری سەرەکی هۆنراوەکانی ئەم هۆنەرە بوون، بەڵام بابەتەکانی وەک؛ منداڵ، تێکۆشان، شەهیدبوون، جوڵانەوەی سیاسی، کوردبوون، داگیرکاری، ناپاکی سروشت، سەرکەوتن، خودا، ئاین، پەیامبەر، بەهار و نەورۆزیش بەشێک بووە لە هۆنراوەکانی، لە هەمووی گرنگتر، ژنی کردووەتە ڕۆڵگێڕی سەرەکی هۆنراوەکانی و لەو سەردەمەدا وەک پێشڕەوێک ژنانی هان داوە کە دەست بکەن بە هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان و نیشتیمانەکەیان.

 

دوای ٦٣ ساڵ لە ژیانێک بۆ دەربڕینی هەست بە ناوەڕۆکێکی بەهێزەوە، زەینەب خانی خەم خۆرەی گەل و نیشتیمان، شێرپەنجە بەرۆکی دەگرێت و ژیانی لێ دەستێنێتەوە، لە گۆڕستانی ئیمام محەمەد لە هەولێر بە خاک دەسپێردرێت.