”DEJ ÊŞ” لاواندنەوەی سینەمایی بۆ مێژووی کورد
کاتێک زمان لە دەربڕینی ئازارەکانی قەدەغە دەکرێت، دەبێت تەلی تەمبور بە تاڵی بگری کە زەوی بهەژێنێت، هەر بۆیەش کارە سینەماییە بێدەنگە کوردییەکە بە ناوی "DEJ ÊŞ" وەک لاوانەیەکەوە دێت کە تیشک دەخاتە سەر تێکۆشانی کورد بۆ پاراستنی هۆشیان لەبەرامبەر سیاسەتەکان.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی سەربەخۆی مۆسیقای "Vengê Ma"، کاری نوێی مۆسیقایی و سینەمایی خۆی بە ناونیشانی "DEJ ÊŞ” (ئازار) خستەگەڕ، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی مێژووی کوردی و شێوەزاری "کرمانجی" کە لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆ (UNESCO)ـوە لە ڕیزبەندی زمانە لەناچووەکان پۆلێن کراوە.
ئەم کارەی وەک لاواندنەوەیەکی بێدەنگ دێت، تیشک دەخاتە سەر سیاسەتەکانی تواندنەوە و تێکەڵکردن کە کورد بە درێژای مێژوو ڕووبەڕووی بووەوە، لەگەڵ فشارە پەیڕەوکراوەکان لەسەر زمان و فەرهەنگیان، لەگەڵ تێکۆشانیان بۆ پاراستنی ناسنامەکەیان.
ئەم کارە، کە ئامێرە مۆسیقاییە کلاسیکییەکان لەگەڵ گێڕانەوەی سینەمایی تێکەڵ دەکات، بە زمانی مۆسیقا تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە لە بەردەم خوێندن بە زمانی دایک، مافە فەرهەنگییەکان و مافی دەربڕینی خۆیدا دەوەستن.
کۆمەڵەی "Vengê Ma" کارەکەی "DEJ ÊŞ" وەک دەربڕینێکی مۆسیقایی بۆ یادەوەری هاوبەش و ئەزموونی مێژوویی نەتەوەی کوردی دابەشکراو بەسەر جوگرافیا جیاوازەکاندا پێشکەش دەکات، هەروەها لەم کارەدا بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی دەردەخات کە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی لەناوبردنی زمان، فەرهەنگ، جوگرافیا و ناسنامەیان کردبووە ئامانج، سەری هەڵدا.
"لەوێی کە زمان بێدەنگ دەکرێت، تەلەکان قسە دەکەن"
دەنگی "تەمبوری کوردی" پێشەنگی ئەم کارە هونەرییە پێکدەهێنێت، چونکە ئاوازە خەمناکەکانی سەرچاوەیگرتوو لە تەلەکانی، کەشوهەوای هەستبزوێنی بنەڕەتی پارچە مۆسیقاکە پێکدەهێنن، لە هەمان کاتدا، دەنگی ئەم ئامێرە نەریتییە وەک هەڵگری یادەوەری فەرهەنگی بەکاردەهێنرێت، کۆمەڵەی "Vengê Ma" ئەم واتایە بەم وتانە دەردەبڕن "کاتێک زمان لە دەربڕینی ئازارەکانی قەدەغە دەکرێت، دەبێت تەلی تەمبور بە تاڵی بگری کە زەوی بهەژێنێت.
پارچەی "DEJ ÊŞ" بەدرێژایی خۆی چەندین تەوەر گفتوگۆ دەکات، وەک خەمی پێناسەنەکراو، دەنگە بێدەنگکراوەکان، ترسی لەناوچوون، کۆچکردن، یادەوەری و بەردەوامی فەرهەنگی، پێکهاتەی سینەمایی داڕێژراو بێ وشە، گوێگر دەگوازێتەوە بۆ کەشی لاواندنەوەیەک و پردێک لە نێوان مۆسیقای نەریتی و دابەشکاری سینەمایی سەردەمیدا دەبەستێت.
ئەم کۆمەڵە مۆسیقاییە تەماشای دەنگی تەمبوری کوردی وەک تەنها ئامێرێکی مۆسیقایی ناکات، بەڵکو وەک بەشێکی دانەبڕاو لە یادەوەری فەرهەنگی گواستراوە لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا سەیری دەکات، لەم ڕوانگەیەوە، "DEJ ÊŞ" هاوار و بانگەوازێکە بە زمانی ئامێرە مۆسیقاییەکان بۆ پاراستنی ناسنامە، زمان و میراسی مۆسیقایی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی توانەوەی فەرهەنگی.
کاری کۆمەڵەی "Vengê Ma" دەنگە نەریتییەکانی مۆسیقای کوردی بە دید و زمانێکی سینەمایی سەردەمیەوە سەرلەنوێ دادەڕێژێت، بە ئامانجی پێشکەشکردنی بەشدارییەکی هونەری کە پشتگیری لەو گفتوگۆ بەردەوامانە دەکات سەبارەت بە پاراستنی شێوەزاری "کرمانجی" و گواستنەوەی یادەوەری فەرهەنگی کوردی بۆ نەوەکانی داهاتوو.