ژنان و داهاتووی سووریای دیموکراتیک لە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن
لە پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆندا، پاراستنی دەستکەوت و مافەکانی ژنان لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیکدا زۆر گرنگە، ڕۆهات خەلیل، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خێزان و دانیشتووان، باسی لە ڕۆڵ و پێویستی بەشداری ژنان لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا کرد.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ- لە پرۆسەی بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیکدا، ئەنتیگراسیۆن تەنها پرۆسەیەکی سیاسی و بەڕێوبەری نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و نوێنەرایەتی و بەشداری ڕاستەقینەی ژنان لە هەموو بوارەکانی بڕیاردان.
ڕۆهات خەلیل، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خێزان و دانیشتووان، وەڵامی پرسیارەکانمانی سەبارەت بە ڕۆڵ و ئاستەنگ و سەختییەکانی بەردەم ژنان و گرنگی دەستەبەرکردنی مافەکانیان و بەشداریکردنیان لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیکدا، لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنەکان سەبارەت بە داهاتووی سووریای دیموکراتیک و پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆنەوە، وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دایەوە.
لە پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن، چۆن ژنان دەتوانن ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر بگێڕن لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیکدا؟
بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و یەکسان بە دڵنیاییەوە لە ڕێگەی کار و زانست و خەباتی هاوبەشەوە دڵنیاییە، لەم پڕۆسەیەدا پێویستە خەباتێکی جددی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووری سووریادا ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی مافەکانیان تەنها بە وشە نەبێت، بەڵکو بە کردەوەش مسۆگەر بکرێت، جگە لەوەش، بناغەی سووریایەکی دیموکراتیک دەبێت لەسەر بنەمای دانپێدانان و پاراستنی فرەچەشنی نەتەوەیی، کولتووری و زمانەوانی بێت، ژنان نەک هەر دەبێ لەم پڕۆسەیەدا بەشداری بکەن، بەڵکوو ڕۆڵی پێشەنگانە لە پۆستەکانی بڕیارداندا بگێڕن، چونکە بەبێ بەشداری ڕاستەقینە و یەکسانی ژنان لە سیاسەت و بڕیاردان، ئەستەمە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و دادپەروەر بونیاد بنرێت.
ژن لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی چ ئاستەنگ و سەختییەک دەبێتەوە و چۆن دەتوانرێت ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێنرێت؟
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنان لە ساڵانی شۆڕشدا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خۆیان سەلماند و جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژووی سووریا بەجێهێشت، هەروەها سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بووە نموونەیەکی سەرکەوتووی یەکسانی و دەسەڵاتی هاوبەش، بەو پێیەی بوونی ژنان لە هەموو بوارێکدا بووە هۆی پێشکەوتن و دادپەروەری و داهێنان.
بێگومان لە دوای پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنەوە هەندێک گۆڕانکاری و دژواری سەریان هەڵداوە، یەکێک لەو سەختییانە بەردەوامبوونی عەقڵیەتی پیاوسالاری و نەبوونی نوێنەرایەتی ژنانە لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، بەتایبەتی لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هێشتا ڕێگای ژنان بە تەواوی خۆش نەکراوە و پێویستە بەردەوام بن لە کارکردن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، بەڵام دەتوانین ئەم پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنە بە دەرفەتێک بۆ ژنان لە سەرتاسەری سووریا بزانین بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی خۆیان و یەکخستنی خەباتیان بۆ ماف و یەکسانی ژنان، پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە هەموو دامودەزگا و دەسەڵاتە نوێیەکان مەرجی بنەڕەتی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، تەنها بە بەشداریی ڕاستەقینە و یەکسانی ژنان دەتوانرێت ئەنتیگراسیۆن هەنگاوێک بێت بەرەو سووریایەکی دیموکراتیک و دادپەروەرانە.
پێویستە چ هەنگاوێک بنرێت بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی ماف و دەستکەوتەکانی ژنان لە پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن؟
بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی ماف و دەستکەوتەکانی ژنان لە پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن و لە داهاتووی سووریادا، پێویستە ئەو مافانە بە ڕوونی لە دەستووری سووریادا بنووسرێن و دەستەبەر بکرێن، بەو پێیەی مافەکانی ناو دەستوور دانپێدانان و مسۆگەری نەکراون، بە کردەوە پاراستنیان ئەستەمە.
جگە لەوەش پێویستە مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بپارێزرێت و هەر پێکهاتەیەک بتوانێت بە ئازادی بژی و بەرگری لە ناسنامە و کولتوور و زمانی خۆی بکات، چونکە هێزی سووریا لە فرەچەشنی نەتەوەیی و کولتووری و زمانەوانیدایە، لە لایەکی دیکەوە دەستەبەرکردنی بەشداریی یەکسانی ژنان لە سەرجەم دامودەزگاکان و پۆستە بڕیاردەرەکانیشدا هەنگاوێکی بنەڕەتییە، تەنها بە داننان بە مافەکانی ناو دەستوور و جێبەجێکردنی بە کردەوە دەتوانرێت پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و بونیادنانی داهاتویەکی یەکسان و دیموکراتیک دەستەبەر بکرێت.