چالاکوانانی عێراق داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و دیالۆگ دەکەن
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی پەرەسەندنی گرژییەکان و نوێبوونەوەی ململانێکان دەبن و ژنان قورسایی ئەو ئازارانە لە ئەستۆ دەگرن، دەنگی ژنانی عێراق دەلێن: نەبوونی سەقامگیری و چڕبوونەوەی ململانێکان ئازارەکانی ژنان گەورەتر دەکات.
ڕەجا حەمید ڕەشید
عێراق- لە نێوان پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان و بازنەی بەردەوامی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چالاکوانانی عێراق جەختیان لەسەر گرنگی دانانی یەکەمایەتی و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هۆشداریشیان دا، لە بەردەوامبوونی ململانێکان کە تەنها زیانی مرۆیی و ئابووریی زیاتری لێدەکەوێتەوە و ئازارەکانی ژنان و منداڵان توندتر دەکات و مەترسی لەسەر سەقامگیریی عێراق و تەواوی ناوچەکە دروستدەکات.
”ژنان: ئاشتیخوازان و زیانبەرکەوتووی یەکەمی ململانێن”
دکتۆر جەبرە تای، ئەکادیمیست و چالاکوان وتی: ناوچەکە بارودۆخێکی مەترسیدار بەخۆیەوە دەبینێت، قۆناغەکانی گرژی و ململانێ نزیکە لە تایبەتمەندی باڵادەستی دیمەنی گشتی، لەگەڵ گۆڕانی چڕی لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، هەروەها سروشتی دۆخە سیاسییەکانی وڵاتانی عەرەبی بە دژایەتی تایبەتمەندە، بەپێی بارودۆخی هەر وڵاتێک.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ژنان و ئاشتی و ئاسایش دووپاتی دەکاتەوە، کە ژنان ئاشتیخوازن کاتێک ئاسایش و سەقامگیرییان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام ڕاستی وێنەیەکی جیاواز دەکێشێت، بەو پێیەی ژنان یەکەمین زیانبەرکەوتووی شەڕ و ململانێکانن.
ڕوونیشیکردەوە، ژنان وەک بونیادنەری نەوەکان، ناتوانن بە تەواوی ڕۆڵی خۆیان بەجێبهێنن، تا نەگەنە شوێنی شایستەیان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی بە کەرامەت، ئیتر ئازارەکانی ژنان تەنها لە فەڵەستین قەتیس نەماوە، بەڵکو لە ساڵی ٢٠١١ەوە فراوانتر بووە و چەند وڵاتێکی ناوچەکە دەگرێتەوە، کە دیمەنی شەڕ دووبارە دەبێتەوە و ژمارەی ژن و منداڵ لە نێو زیانبەرکەوتووان بەرز دەکاتەوە.
جەبرە تای باسی لە کاردانەوەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا و ئەو کارەساتانەی کرد کە لە دوای خۆی لە کامپەکانی کۆچبەرانی بەجێی هێشتووە، هەروەها ژنان لە عێراق و سووریا باجێکی سەختیان داوە، جگە لەو ئازارانەی کە ژنانی فەڵەستینی و لوبنانی بەرگەی دەگرن لەناو ململانێکانی بەردەوام لەگەڵ ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشدا، کە هەرێم بەردەوامە لە پێدانی باجی ڕێککەوتنە مێژووییەکانی وەک ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ و جاڕنامەی بالفۆر، کە دەستێوەردانەکانی دەرەکی و پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات، هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی دەبێت لە ئیرادەی خودی خەڵکەوە سەرچاوە بگرێت نەک لە دەرەوە بسەپێندرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە عێراق بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و سەرچاوە سروشتییەکان و گرنگی مێژووییەکەی وەک شانەدانی شارستانیەتەکان، وەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێ یەک لە دوای یەکەکان ماوەتەوە و هەرگیز شایەتحاڵی سەقامگیرییەکی بەردەوام نەبووە، هەرچەندە بەغدا بە شاری ئاشتی ناسراوە، بەڵام هەرگیز بە ڕاستی ئاشتی بەهرەمەند نەبووە، لە ئێستادا وڵاتەکە لە ناوچەیەکی ناجێگیردایە، ئەمەش وایکردووە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرەوڕووی کاردانەوەی ململانێی ناوچەییەکان ببێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، هەوڵ هەیە بۆ تێکدانی سەقامگیری ڕێژەیی لە عێراق، بەڵام ئەو خەڵکەی لە ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی تشرینی یەکەمدا زیاتر لە ٩٠٠ شەهیدیان کردە قوربانی، بێدەنگ نابن، هەروەها ژنانی عێراق کە بەشدارییان لە شۆڕشی ٢٠دا کرد، ئەمڕۆش توانای بەرگریکردنیان لە زێدی خۆیان و داکۆکیکردن لە ئاشتی لە ناوچەکەدا هەیە، لەوانەش پشتیوانی لە خواستەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئاسایش و ئاشتی.
”گەل باجەکەی دەدەن”
شەمیران مەروکی ئۆدیشۆ، سکرتێری کۆمەڵەی ژنانی عێراق، ئەو شەڕەی لە دژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد و جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی هەموو شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردەوە، داوای گرتنەبەری شێوازی مرۆیی و دیالۆگی لە ڕێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانەوە کرد بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لەبری پەنابردن بۆ چەک، هەروەها ئەوە گەلە کە باجی شەڕە ناڕەواکان دەدەن، جا لەڕووی زیانەکانی مرۆڤەوە بێت یان ئەو کاردانەوە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریانەی کە بۆ چەندین ساڵ درێژدەبێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، عێراق بەهۆی نزیکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەرە بەهۆی هەر پەرەسەندنێکەوە، تەنانەت لەگەڵ پابەندبوونی ڕاگەیەندراوی حکومەت بە بێلایەنی، هەروەها زۆرترین گروپەکان بەتایبەت ژنان و منداڵان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە کاتی ململانێدا زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، بەهۆی ئەوەی بارگرانییە ئابووری و تەندروستی و کۆمەڵایەتییە خراپتر دەبن، هەروەها ئاماژەکانی ئاسایش و سەقامگیری و ئازادی ڕادەربڕین کەمدەبێتەوە.
”بەرژەوەندی عێراق لە پێش هەموو شتێکەوەیە”
نیزال توما، چالاکوان ئاماژەی بەوەدا، کە هەر هێرشێک بۆ سەر ناوچەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و سیاسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها شەڕەکان هەرگیز سەرکەوتووی ڕاستەقینە بەرهەم ناهێنن، تەنها زیانێکی بەکۆمەڵ کە کاریگەرییان لەسەر نەوەکانی ئێستا و داهاتوو هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی ئێستا داوای یەکەمایەتیکردنی عەقڵ و دانانی بەرژەوەندیی گەلە لە سەرووی بەرژەوەندی تایبەتەوە دەکات، بەتایبەتی لە عێراق کە بەهۆی ململانێکانەوە ماندوو بووە، داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی وڵات و ڕاگرتنی خوێنڕشتن یەکبخەن، هەروەها گەل لە شەڕ بێزارە و تامەزرۆی ئاسایشی بەردەوام و ئاشتی ڕاستەقینەیە.