لە نێوان دەستکەوتەکان و ڕاستی دوورخستنەوە... بانگەوازەکان بۆ بەرزکردنەوەی نوێنەرایەتی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا
الاکوانانی مافی ژنانی مەغریبی دەڵێن: هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ کاراکردنی بنەمای یەکسانی ڕەگەزی و بەهێزکردنی ژنان بۆ بەشداریکردنی سیاسی لە ئاستێکی یەکسان لەگەڵ پیاوان دەڕەخسێنن.
ڕەجا خەیرات
مەغریب- سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە ژنانی مەغریب لە بەشداری سیاسیدا لە دەیەکانی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە، نوێنەرایەتیان لە پەرلەمان لە خوار لە٢٤.٣٪ ماوەتەوە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی بۆشایی نێوان دەستکەوتە یاسایی و دەستوورییەکان و ڕاستی سیاسییە.
لەگەڵ هەڵبژاردنی یاسادانان و شارەوانییەکانی داهاتوو کە بڕیارە مانگی ئەیلوول بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی ژنان زیاتر داوای هەنگاوی کردەیی دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئامادەیی بەهێزتر بۆ ژنان لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان و پۆستەکانی بڕیاردان.
چالاکوانانی ژنان دووپاتی دەکەنەوە، کە ژنانی مەغریب خاوەنی لێهاتوویی بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و بەرگریکردن لە پرسە کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان و مافەکانی مرۆڤن، ئەمەش پێویستی بە وەرگێڕانی ئەم ئامادەییە بۆ نوێنەرایەتییەکی سیاسی دادپەروەرانەتر هەیە.
بەهێزکردنی ئامادەیی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان
لەم چوارچێوەیەدا، سەعدیە باهی، چالاکوانی مافی مرۆڤ وتی: کە لە ئێستادا مەغریب چالاکی سیاسی چڕ و پڕی بەخۆیەوە بینیوە وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بەڵام پێوەرە بەردەستەکان بەردەوامی باڵادەستی پیاوان لە لیستە هەڵبژاردنەکاندا ئاشکرا دەکەن و ناوی پیاوان لە پێشەنگی لیستی کاندیدە ڕاگەیەندراوەکان لە پاریزگای جیاوازدا.
ڕوونی کردەوە، کە ئەم ڕاستیە پرسیاری زۆر دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی تا چەند ڕێز لە بڕگە دەستوورییەکان و یاساکانی هەڵبژاردن و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەگیرێن کە لەلایەن مەغریبەوە پەسەند کراون، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی کۆمەڵگەی مەغریب بەسەریدا هاتووە و ئەو پێشکەوتنانەی ژنان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و کارگێڕی و سیاسیدا بەدەستیان هێناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا ژنان ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبنەوە کە دەستڕاگەیشتنیان بە پۆستە بەرپرسیارییەکان سنووردار دەکەن، لەوانە پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ژنانی شایستە لە ناوچە هەڵبژاردنییە گرەودارەکان، لە هەمان کاتدا پاڵیان پێدەنێت بەرەو ئەو ناوچەیەی کە بە ”ناوچەی مردن” ناسراون، کە دەرفەتی بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە بزووتنەوەی ژنان هاوشانی هێزەکانی دیموکراتی و مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ پرسیاری بنەڕەتی دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی تا چەند لایەنە سیاسییەکان پابەندن بە جێبەجێکردنی بنەماکانی یەکسانی و دەرفەتی یەکسان، ڕەخنەی لە پشتبەستنی هەندێک قەوارە بە لایەنگری و هەڵبژاردنی ئەو ژنانە گرت کە پەیوەندی کەسی یان خێزانییان هەیە بە ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە، لەبری ئەوەی دەرفەت بدرێت بە ژنانی شایستە کە ئەزموونی مەیدانی و سیاسی بەرچاویان کۆکردووەتەوە.
سەعدیە باهی، چارەنووسی ئەو ژنانەی خستە ژێر پرسیارەوە کە لە ناو کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە جیاوازەکاندا ڕۆڵێکی کارایان هەبووە و وتی: بەردەوامی دوورخستنەوەیان پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانییە کە لە دەستووردا چەسپێنراون.
ئاماژەی بەوەدا، بزووتنەوەی ژنان کە خەباتی بۆ سیستەمی پشک و کردەی ئەرێنی دەکرد، ئێستا شەڕێکی نوێ بۆ گەیشتن بە یەکسانی ڕاستەقینەی ڕەگەزی ئەنجام دەدات، وتی: هێشتا ئەو دەزگایەی دەستووری بۆ یەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە جیاکارییەک دامەزراوە، پرسیاری لەسەر جددییەتی چالاککردنی میکانیزمەکان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و مسۆگەریکردنی بەشداری سیاسییان وروژاندووە.
جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بونیادنانی کۆمەڵگە و هەڵگرتنی بارگرانییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەناو خێزانەکاندا، ئەمەش پێویستی بە بەهێزکردنیان هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری بکەن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و داڕشتنی بڕیارە گەورەکان لەسەر بنەمای یەکسان لەگەڵ پیاوان.
هەروەها داوای کرد گفتوگۆیەکی نیشتمانی جددی بکرێت سەبارەت بە ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی بەشداری سیاسی ژنان و کۆتاییهێنان بەو دوورخستنەوە و پەراوێزخستن و توندوتیژی سیاسی کە دەستڕاگەیشتنیان بە پۆستەکانی بڕیاردان سنووردار دەکات.
هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی یەکسانی ڕەگەزی
ئاماژەی بەوەدا، کە لە کاتێکدا سیستەمی پشکەکان بەشداری کردووە لە زیادکردنی نوێنەرایەتی ژنان لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا، بەڵام بوونیان لە پۆستەکانی سەرکردایەتیدا سنووردارە، هێشتا نوێنەرایەتی ئەوان لە سەرکردایەتی لیژنە و فەرمانگە و کامپە هەڵبژێردراوەکاندا لاوازە و تەنها ژنێک سەرۆکایەتی یەکێک لە دوانزە هەرێمەکەی مەغریب دەکات.
ڕوونیکردەوە، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بڕگەکانی دەستووری کە بنەمای یەکسانی ڕەگەزی چەسپاندووە، هێشتا بە شێوەیەکی گونجاو لە ڕاستی سیاسیدا ڕەنگدانەوەی نەبووە، داوای کرد دەرفەت بۆ ژنانی گەنج بکرێتەوە بۆ بەشداریکردن لە کاری سیاسی و پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ ئەوەی ژنان بتوانن خۆیان کاندید بکەن و کێبڕکێ بکەن و بگەنە پۆستی بڕیار، ئەمەش بەگوێرەی دەستوور و پتەوکردنی ڕێبازی دیموکراتی و یەکسانی لە مەغریب.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنانی مەغریبی ئامادەیییەکی بەهێزیان هەبووە و خاوەنی لێهاتوویی پیشەیی و دەستپاکین لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا، ئەمەش وایکردووە بەهێزکردنی نوێنەرایەتی سیاستیان پێویستیەکی دیموکراتی و گەشەپێدان بێت، نەک تەنها داواکارییەکی کەرتیی یان هەلومەرجی.