کۆتایی هاتنی کلتوری گوند نشینی

لە حەفتاکاندا زیاتر لە پێنج هەزار گوند گوندنشینی تێدا دەژیا، بەڵام لە ئێستادا خەڵکی زۆر کەم لە گوند نیشتەجێن بەهۆکاری نەبوونی خزمەتگوزاریەکان و هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی و دامەزراندنی زۆری گوندنشینان لە دەزگاکانی دەوڵەتدا.

 کۆتایی هاتنی کلتوری گوند نشینی

 

ناوەندی هەواڵ

 

 بەر لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ چۆڵ کردن و وێران بوونی گوندەکان بەهۆی سیاسەت و خواستی ڕژێمەی بەعسەوە بوو، بەڵام لە ئێستادا کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە دەوڵەتی کوردی حوکم دەکات گوندەکان دووبارە ڕووبەڕووی وێرانە و چۆڵ بوون دەبنەوە، بە بڕوای گوندنشینان و هاوڵاتیان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی خزمەتگوزاریەکان و هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی و دامەزراندنی گوندنشینان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، ئەمە لە کاتێکدا کە بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوەدانی ڕێگاوبان هەمان بۆچوونی گوندنشینانی هەبوو دەربارەی نەمانی کلتوری گوندنشینی.

بە پێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی لە ساڵی ١٩٧٧ ژمارەی گوندەکانی هەرێمی کوردستان ٥٤٣٠ گوند بوون، بەڵام دواتر بەهۆی سیاسەتە وێرانکەرەکانی ڕژێمی بەعسی عێراقەوە ٤٧٥٢ گوند ڕووبەڕووی وێرانبوون بوونەتەوە و تەنها ٦٥١ گوند لە هەرێمدا مایەوە، هەرچەندە دوای ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ توانرا ٣٧٣٠ گوند ئاوەدان بکرێتەوە بەڵام تا ئێستاش نەگەیشتۆتە ئاستی پێش وێرانکاری.

ڕاگواستن ئەو پڕۆسە بەرنامە بۆ داڕێژراوەیە کە چەندین ئامانجی شاراوە و ترسناکی لە هەگبەکەیدا حەشارداو، سەرەکیترینیان سڕینەوەی شوناسی تاک، نەتەوە، گۆڕینی جوگرافیای خاک، تێکدانی بەها مرۆی، کلتوری و فەرهەنگیەکانە، یان بریتییە لە ڕاگوێزانی زۆرەملێی دانیشتوان لە ناوچەکەی خۆیانەوە بۆ نیشتیمانێکی تر بە بێ ویستی خۆیان و ئەمە لە لایەن دەسەڵاتەوە دژ بە بەشێک لە دانیشتوان ئەنجام دەدریت.

 

ڕژێمی بەعس گوندەکانی لەگەڵ خاک تەخت کرد

ڕژێمی بەعس سەرەتا دەستی کرد بە ڕاگواستنی ناوچە نەوتییەکان، بۆیە شاڵاوی بە عەرەبکردن و ڕاگواستن بە زۆری دانیشتوانی ئەم ناوچانەی گرتەوە کە بە نەوت دەوڵەمەندن، ناوچەکانیش ئەمانەبوون: ناوەندی قەزای کەرکووک، دووبز لە پارێزگای کەرکووک و قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، پاشان دەستی کرد بە ڕاگواستنی ناوچە سنوورییەکان بە پێی ڕێکەوتننامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥، کە دەرفەتێکی باش بوو بۆ دەسەڵاتدارانی بەعس، تا نەخشە و پلانەکانیان لە کوردستان جێبەجێ بکەن، هەر بۆیە بە پەلە کەوتنە ڕاگواستنی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکان، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ – ١٩٧٨ دەیان هەزار خێزانی کورد لە ئۆردوگاکان کۆکرانەوە و هەموو گوند و لادێکانی سەر سنوور لەگەڵ خاک تەخت کران، ناوچەکانیش ئەمانەن بوون: قەزاکانی چۆمان، ڕەواندز، مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر، هەردوو قەزای ئامیدی و زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، قەزاکانی قەڵادزێ، ڕانیە، شارباژێڕ، شارەزوور و سەرجەم گوندە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە پارێزگای سلێمانی.

لە بەرواری ١٤ ئەیلولی ١٩٧٨ ڕژێمی بەعس نزیکەی ٢٨ گوندی ناوچەی هەورامان ڕاگواست بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی خورماڵ و زەمەقی سیروان شانەدەری و هەڵەبجەی تازە، لادێکان تێک دەدران و دەکران بە ناوچەی موحەرەمە و بە تەواوەتی چۆڵ دەکران وەک گوندی یاڵانپێ، هەروەها لە ٢٦/٦/١٩٨٩شاری قەڵادزێ و دەڤەری پشدەر ڕووبەڕوی ڕاگواستن بۆوە وخەڵکەکەی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی بازیان و باینجان لە سلێمانی، خەبات وکەرگۆسك و دارەتوو لە هەولێر.

جێگای ئاماژەیە به‌ بڕیارێکى ڕژێمى به‌عس له‌ ٢٠ى تەموزی ١٩٨٣ دانیشتوانی گوندەکانی چۆمان ڕاگوازران بۆ کۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێکانى هه‌ریر، سۆران، پیرزین و شاوێس له‌ پارێزگاى هه‌ولێر و چوراقوڕنه‌ و ڕانیه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانی و کۆرێ گاڤانان له‌ سنورى پارێزگاى د‌هۆک، هەروەها لە ٦/٩/١٩٨٩ خەڵکی سەنگەسەر و گوندەکانی بناری قەندیل و دەوروبەری ڕاگوێزران.

ڕژێمی بەعس و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی جگە لە سیاسەتی ڕاگواستن دەستی کرد بە سیاسەتی بە عەرەبکردنی ناوچەکان و گۆڕینی ناوی ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتییەکان لە کوردییەوە بۆ عەرەبی، لە ساڵی ١٩٧٦ ناوی کارکوکی بە بڕیاری ڕەسمی گۆڕی بۆ التأمیم، هەر لەو ساڵەدا ناوە کوردیەکانی گەرەك، شەقام، قوتابخانە، بازاڕ و دوكانەکانی شاری کەرکوکیان گۆڕی بۆ ناوی عەرەبی، ئەمانە هەمووی بوونە وێران کردنی ناوچەکان، هەروەها لە ساڵی ١٩٧٧ هەزاران عەرەبیان هێنایە شارەکە، بۆ سیاسەتی بە عەرەب کردن و ڕاگواستنی گوندەکان ڕژێمی بە عس دەستی کرد بە وێرانکردنی گوندەکانی نزیک شاری کەرکوک بە تایبەت گوندەکانی نزیک بیرە نەوتییەکان کە ژمارەیان ١٣ گوند بوو وەک سۆنەگولی، یاروەلی، پەنجاعەلی، وەلی پاشا، قزل قایە، چیمەنی گەورە و چیمەنی بچووک، جەوەڵ بۆر، هەنجیرە، قوتان، قوشقانە، شۆڕاو و یاجوان، هەروەها لە دانیشتوانی کوردی گوندەکانی ناحییەی دوبزی ڕاگواست و عەرەبی عەشیرەتی کۆچەری تێدا نیشتەجێ کردن وەک گوندەکانی قەرەدەرە، عەمشە، مەرعی، قەڵا عەربەت...

دەڤەری شەنگالیش لەم تاوانە بێبەش نەبوو، لە ساڵی ١٩٦٤ ڕوبەرووی شاڵاوێکی دڕندانەی توندی بە عەرەبکردن و ڕاگوساتنەوە بوونەوە، بۆ نموونە ١٣٢ گوندی دەڤەرەکە بەر ئەم شاڵاوەی ڕاگوێزان کەوتن و دانیشتوانەکەی لە ١١ ئۆردوگا کۆکرانەوە، بەجناوی زەقی عەرەبی ناونران، لەوانەش الاندلس، القحطانیة، العروبة، القادسیة، حطین، الولید، العدنانیة…هتد.

بەڵام لە راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ کورد توانی مێژووی خۆبەڕێوەبەری خۆی دەستپێبکات، هەرچەندە گوندەکان بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی عێراقەوە تەواو وێران کرابوون بەڵام گوندنشینان بەشێکیان گەڕانەوە سەر واری خۆیان و لە سەرەتاوە دەستیان بە ژیان کردن لە گوندەکاندا کردەوە و بەشێکیشیان جارێکیتر نەگەڕانەوە ناو گوندەکانیان.

 

خەونی ڕژێمی بەعس دێتەدی

 ئەو کات بەر لە ڕاپەڕینەکە چۆڵ کردن و وێران بوونی گوندەکان بەهۆی سیاسەت و خواستی ڕژێمەوە بوو، بەڵام لە ئێستادا کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە دەوڵەتی کوردی حوکم دەکات گوندەکان دووبارە ڕووبەڕووی وێرانە و چۆڵ بوون دەبنەوە، گەورەترین قەیران کە ڕوبەڕووی گوند نیشینان دەبێتەوە و هۆکارە بۆ چۆڵکردنی گوندەکان بایەخنەدانە بە بەرهەمە ناوخۆییەکان، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو زەویانەی کە لە گوندەکاندا هەن توانای ئەوەیان هەیە بەرهەمی ناوخۆ و هەناردەش بەرهەم بهێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی ئابوری ناوخۆ نییە، هاوکار نییە و بەرهەمی بیانی دەهێنرێتە ناوەوە بەمەش بەربوومە ناوخۆییەکان بەهایان کەم دەبێت.

ساڵانە جوتیاران دەکەونە ژێر قەرزەوە لە بری بەدەست هێنانی قازانج، بۆیە ناچاردەکرێن واز لە کشتوکاڵ کردن بهێنن و بێنە شارەکان کاری تر ئەنجام بدەن، هەروەها نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە و ڕێگاوبان، دانیشتوانی گوندەکان ناچاردەکات لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیدا زێدی خۆیان جێبهێڵن، بەو هیوایەی کە منداڵەکانیان بتوانن درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن، نەبوونی خزمەتگوزاری تەدروستی هۆکارێکی ترە چونکە چەندین کەس بەهۆی درەنگ گەیشتنیان بۆ نەخۆشخانە لە گوندەوە بۆ شار گیانیان لەدەست داوە، ڕێگاوبانیش یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ چۆڵکردنی ئەمانە و چەندین لایەنی ترهەن هۆکارن بۆ ئەوەی خەون و سیاسەتی ڕژێمی بەعس بێتە دی کە لەناوبردنی کلتوری کوردی و چۆڵکردنی گوندەکان بوو.

 بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی ئیبراهیم عەزیز ئاماژەی بەوەدا تا ئێستا ٣هەزار کیلۆمەتر لە ڕێگای گوندەکان گڵ ڕێژ کراون و بەشێکیشیان قیرتاو کراون و دەڵێت "چەندین هۆکارهەن بۆ بەجێهێشتنی گوندەکان لەوانە هۆکاری ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان بە گشتی، بە شێکی کەمی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێگاوبان چونکە زۆربەی گوندەکان ڕێگایان هەیە".

گوند نشینان و هاوڵاتیان دامەزراندن لە دەزگاکانی حوکمەتدا، نەبوونی خزمەتگوزاریەکان و بەرهەمی هاوردەی وڵاتی ئێران و تورکیا بە هۆکاری سەرەکی چۆڵکردنی گوندەکان دەزانن.

 نەعیمە یەکێکە لە گوندنیشینان و ئاماژەی بەوە داوە، لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ حوکمەتی کورد دەستی کرد بە دامەزراندنی گوند نشینان لە دامودەزگاکانی حوکمەتدا بەو هۆیەوە خەڵکی نەگەڕانەوە ناو گوندەکان، ئەم دامەزراندە کاری لە گەنجەکانی ئێستاش کردووە و هیچیان توانایان نییە لە گونددا کاربکەن.

 فاطمە وەهاب هاوڵاتییەکە و دەڵێت: خەڵکی لە دەزگاکانی حوکمەت دادەمەزرێن و بەشێکیان بندیوارن و بەشێکیشیان خانەنشینیان بۆ بڕاوەتەوە بۆیە کەس ئامادە نیە لە گونددا کار بکات و خۆی ماندوو بکات لە دواتریشدا بەرهەمەکانی بە هۆی هاوردەکانی ئێران و تورکیاوە نەفرۆشرێت.

 

ت.پ