کەرکوک – کۆنفرانسی "کوردستان لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا" بەڕێوە چوو

بە بەشداری ١٠٠ ئەندام لە کەسایەتی توێژە جیاوازەکان لە کۆنفرانسەکەدا باس لە مەترسی داگیرکاری بۆ سەر خاکی کوردستان کرا.

 

ناوەندی هەواڵ

 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کۆنفرانسی "کوردستان لە نێوان شەڕ وئاشتیدا" لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری کەرکوک بەڕێوەچوو، کۆنفرانسەکە بە دەستپێشخەری ڕێکخراوەکانی حزبی زەحمەتکێشان و سەکۆی هاوبەشی دژی داگیرکاری بەسترا و تێیدا ١٠٠ ئەندام لە کەسایەتی سیاسەتمەدار، چالاکوانان، مامۆستای ئاینی، ڕۆشنبیران و ئەندامانی ڕێکخراوەکان بەشدار بوون.

لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وتاری دەستپێکی پێشکەشکرد و باسی لە هەلومەرجی داگیرکاری و ململانێی زلهێزەکان لە ناوچەکەدا کرد و هەروەها ئاماژەی بە دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان کرد لە سایەی گەندەڵی و نایەکسانی کە بۆتە ڕێگر لە بەردەم ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلان لە ناوچەکەدا.

کۆنفرانسەکە لە دوو پانێل پێکهاتبوو، پانێلی یەکەم دەربارەی داگیرکاری لە باشووری کوردستان و کاریگەرییەکانی، لەلایەن چالاکوان دڵسۆز زەنگەنە بەڕیوەبرا و تێیدا بابەتی "ڕەهەندەکانی داگیرکاری لە باشووری کوردستان" لە لایەن ڕووناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان پێشکەش کرا.

ڕووناک مەجید ئاماژەی بەوەدا "تورکیا لەڕێگای هەژموونی کلتوریی و پەروەردەیی و ڕاگەیاندنییەوە، هەوڵی سڕینەوە و شێواندنی کلتوری کوردی داوە و کلتوری خۆی زاڵکردووە، هەژمونی سیخوڕیی و سەربازیی-ش، کۆڵەکەیەکی دیکەی داگیرکارییەکانیەتی لە باشوری کوردستان، کە پێویستە ئەم هەنگاوانە وەک پلانێکی مەترسیدار لەسەر باشوری کوردستان تەماشا بکرێت".

بەشی دووەمی پانێلەکە دەربارەی داگیرکاری دەوڵەتی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ومەترسییەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەڕێوەچوو، لەم بەشەدا نورشان حسێن، نوێنەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان لە ژێر ناوی "ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لە ژێر داگیرکاری تورکیادا" بابەتێکی پێشکەشکرد و باسی لەوە کرد "دەتوانین لە ڕۆژئاوای كوردستان نموونەی یەك دەسەڵات و یەك نەتەوەی دەسەڵاتدار لابدەین، چونکە ئەو بابەتە لە ڕۆژئاوای كوردستان بوونی نیە و نەتەوەكان خۆیان خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیان ڕاگەیاندوە، بەردەوام نەتەوەكان لەسەر ئاستێكی باش پێكەوە دەژین، ئەوەی مەترسی جدییە بۆ سەر ڕۆژئاوا دەوڵەتی توركە كە بەردەوام هێرش دەكاتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان".

ئامانجی بەستی کۆنفرانسی "کوردستان لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا" هەڵوێست وەرگرتنە لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر کوردستان و خستنە ڕووی ڕا و پێشنیاری هەموو لایەکە لە پێناو پێکەوە ژیان  و خەباتێکی هاوبەشی دژی داگیرکاریی-یە.

 

ت.پ