کاتێک سیاسەت گران دەبێت... ئایا سەرچاوە داراییەکان دەبنە بەربەست بۆ ژنانی مەغریب؟

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە مەغریب، فتوگۆکان سەبارەت بە بەهێزکردنی بەشداری ژنان لە سیاسەتدا نوێ دەبنەوە، پرسیارێکی تر سەر هەڵدەدات: تا چ ڕادەیەک توانا داراییەکان بووەتە هۆکارێکی کاریگەر لەسەر توانا و دەسەڵاتی ژنان بۆ چوونە ناو ڕکابەری سیاسییەوە؟

حەنان حارت


مەغریب ـ بەشداریی سیاسی تەنها پەیوەندی بە ئیرادە و لێهاتووی نییە، بەڵکو پێویستی بە توانای لەئەستۆگرتنی تێچووی بانگەشەی هەڵبژاردن، هاتوچۆ، پەیوەندیکردن و بەشداری بەردەوامیش هەیە لە کاری حزبییدا، سەرەڕای ئەوەی کە لە ئێستادا ژنان ۹٦ کورسی لە کۆی ۳۹٥ کورسییان لە پەرلەماندا بەدەستهێناوە، کە ئەمەش بەرزترین نوێنەرایەتی ژنانە لە مێژووی دەزگای یاسادانانی مەغریبیدا، بەڵام ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان پێیان وایە کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتی بە واتای یەکسانی هەلەکان نییە، بەهۆی بەردەوامبوونی ئاستەنگە ئابوورییەکان کە ڕەنگە ڕێگر بن لە گەیشتنی ژنان بە پێگەکانی بڕیاردان.

لە ناوەڕاستی گفتوگۆکان لەسەر نوێنەرایەتی، پرسیارێکی تر سەرهەڵدەدات کە پەیوەندی بەو شتانەوە هەیە، کە پێش گەیشتن بە دەزگا هەڵبژێردراوەکان ڕوودەدەن: ئایا هەموو ژنان دەرفەتی یەکسانیان بۆ ڕەخساوە بۆ چوونە ناو مەیدانی سیاسەتەوە، یان توانا داراییەکان بووەتە هۆکارێکی ناڕوون و نادیار کە دیاری دەکات کێ دەتوانێت بەردەوام بێت و کێش ناچارە پاشەکشە بکات؟

ئەزموونی حەلیمە فەکری، جێگری سەرۆکی شارەوانی  سیدی عوسمان لە دار بەيزا، لایەنێک لەم ڕاستییە دەردەخات، بۆ ئەو، سەختترین شتێک کە لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی کارکردنی سیاسیدا ڕووبەڕووی بووەوە، باوەڕپێکردنی کۆمەڵگە نەبوو بە توانای ژن بۆ سەرکردایەتی، بەڵکو لەئەستۆگرتنی ئەو تێچوە داراییانە بوو کە پراکتیزەی سیاسی سەپاندوویەتی، وتیشی: چەندین هەڵبژاردنم ئەنجامداوە، خەونم ئەوە بووە کە ساڵانێک ببمە پەرلەمانتار و نوێنەرایەتی هاوڵاتییان بکەم، بەڵام هەمیشە کێشە ئابوورییەکان وەک بەربەستێک دەمێننەوە لەبەردەم بەدیهێنانی ئەم ئامانجەدا، هەروەها ئەو شتەی کە ئەزموونی کردووە تەنها ئەزموونێکی تاكەکەسی نییە، بەڵکو ڕاستییەکە کە زۆرێک لەو ژنانە لەگەڵی هاوبەشن کە خاوەنی لێهاتووی و ئیرادەن، بەڵام بێبەشن لەو توانایانەی کە ڕێگەیان پێدەدات لە هەلومەرجێکی یەکساندا بچنە ناو ڕکابەری سیاسییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان بوونەتە خاوەنی ئامادەبوونی زیاتر لە بەڕێوەبردنی کارووباری ناوخۆیی و نیشتمانیدا، لەگەڵ ئەوەشدا گەیشتن بە ئاستە بەرزەکانی بەرپرسیارێتی وەک خۆی دەمێنێتەوە، لە دیدی ئەوەوە، پەیوەندی بەو هۆکارانەوە هەیە کە تەنها سنوردار نیین بە لێهاتووی یان پابەندبوونەوە، بەڵکو توانای لەئەستۆگرتنی تێچووی دارایش لەخۆدەگرێت کە لەلایەن پراکتیزەی سیاسییەوە دەسەپێنرێت.

ئاستەنگ کە ژمارەکان باسی ناکەن
حەلیمە فەکری جەخت لەوە کردەوە، کە تێچووی دارایی بۆ ژمارەیەک لە ژنان دەگۆڕدرێت بۆ بەربەستێکی ناڕوون کە ڕێگری دەکات لە بەردەوامبوونی ڕێڕەوی سیاسی، بانگەشە ئەوە دەکات، کە حزبەکان پشت بە میکانیزمی کاریگەرتر ببەستن بۆ پشتگیریکردنی لێهاتوویەکانی ژنان، لەگەڵیشدا وەبەرهێنان لە ژناندا نابێت تەنها سنوردار بێت بە هاندان بۆ خۆپاڵاوتن، بەڵکو دەبێت مەشقی بەردەوام و هاوڕێیەتیكردنیان لەناو حزبەکاندا لەخۆبگرێت، پێی وایە مەغریب پڕە لە ژنانە لێهاتوو کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیان هەیە هەر کاتێک زەمینە و توانای گونجاویان بۆ دابین بکرێت.

ئیرادە بەهێزترە لە تێچوو
فاتمە فەوزی، دادپەروەر و سیاسەتمەدار ئاماژەی بەوە کردووە، کە مەیدانی سیاسی مەغریبی شاهیدی گۆڕانکارییەکە کە خۆی دەبینێتەوە لە زیادبوونی خواست و ئارەزووی ژنان بۆ چوونە ناو ئەزموونی سیاسییەوە، سەرەڕای بەرزی تێچووەکەی، کە باری ئابووری نابێت ڕاستییەکی تر بشارێتەوە، ئەویش گەشەکردنی هۆشیاری ژنانە سەبارەت بە گرنگی بەشداریکردن لە دروستکردنی بڕیاردا، وتیشی: ژنان ئیتر تەنها داوای مافەکانیان ناکەن لە دەرەوەی دەزگاکانەوە، بەڵکو ئێستا بەشداری سیاسی بە بەشێک لە بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لەو مافانە و بەشداریکردن لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان دەزانن، هەروەها بەرزی تێچووی کاری سیاسی سەرکەوتوو نەبووە لە تێکشکاندنی ئیرادەی زۆرێک لە ژنان، چونکە ئارەزووی گۆڕانکاری بووەتە هێزێک کە بەهێزترە لەو قورسییانەی کە پراکتیزەی سیاسی دەیانسەپێنێت.

جەختی لەوە کردەوە، کە هێزی ئیرادە نابێت ببێتە پاساوێک بۆ پەراوێزخستنی کەمکوڕییە بنەڕەتییەکان، کە ئەمەش دادپەروەرانە نییە داوا لە ژنان بکرێت قەرەبووی کەمی تواناکان بکەنەوە بە دوو هێندەکردنی بەرخۆدان یان ئەوەی سەرکەوتنی سیاسی ببێتە بارمتەی توانای هەڵگرتنی باری دارایی زیاتر لەوەی پەیوەندی بە لێهاتووی و شایستەییەوە هەبێتم هەروەها دیموکراتی تەنها بە ژمارەی ئەو ژنانە ناپێوێت کە سەرکەوتوو بوون لە تێپەڕاندنی بەربەستەکان، بەڵکو بە توانای کۆمەڵگە و دەزگاکانیش لە لابردنی ئەو بەربەستانە، کە زیادبوونی خواستی ژنان بۆ کاری سیاسی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەخاتە سەر شانی حزبەکان و دەزگاکان لە مسۆگەرکردنی یەکسانی هەلەکاندا.

کۆتا بە تەنها بەس نییە
کەبیرە شاترسیاسەتمەدار و چالاکوانی حزبی وتی: گفتوگۆکان سەبارەت بە بەشداری سیاسی ژنان زۆر جار کورت دەکرێنەوە بۆ میکانیزمی کۆتا، ئەمەش خەڵاتێک نییە کە بە ژنان ببەخشرێت، بەڵکو بە ڕێوشوێنێکی گوازراوە گیراوەتەبەر بۆ ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگییەکی مێژوویی لە نوێنەرایەتیکردنیان لەناو دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا و بۆ ئەوەی بتوانن دەستیان بە پۆستەکانی بڕیاردان بگات، جگەلەوەش، دەستووری ساڵی ۲۰۱۱ ئاسۆی نوێی بۆ بەهێزکردنی بەشداری ژنان کردەوە لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر بنەمای یەکسانی، بەڵام لە ڕوانگەی ئەوەوە، جێبەجێکردنی ئەم بنەمایە لە خوار چاوەڕوانییەکانەوە مایەوە، لە نەبوونی ئیرادەی سیاسیی پێویست بۆ وەرگێڕانی بۆ ڕێوشوێنی کردەیی لەناو حزبەکان و دامەزراوە نوێنەرایەتییەکان.

ڕوونیکردەوە، کە ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە تەنها سنوردار نیین بە چوارچێوەی یاساییەوە، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ ناو پراکتیزەی حزبی، کە تێیدا هێشتا زۆرێک لە ژنانی کاندید ڕووبەڕووی قورسی دەبنەوە لە بەدەستهێنانی پشتگیری لۆژستی و دارایی پێویست بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەرەڕای بوونی سندوقێک کە تەرخان کراوە بۆ پشتگیریکردنی کاندیدکردنی ژنان، قەبارەی ئەم پشتگیرییە سنووردار دەمێنێتەوە و دەکەوێتە ژێر کاریگەری چەند پێوەرێکەوە، کە ئەمەش زۆرێک لە کاندیدەکان ناچار دەکات پشت بە توانای کەسی خۆیان ببەستن بۆ دابینکردنی تێچووی هاتوچۆ، پەیوەندیکردنی مەیدانی و بانگەشەی هەڵبژاردن، لە کاتێکدا قەبارەی ئەو پشتگیرییەی کە حزبەکان دابینی دەکەن لە ڕێکخراوێکەوە بۆ ڕێکخراوێکی تر جیاوازە.

کەبیرە شاتر جەختی لەوەکردەوە، کە لاوازی گەیشتنی ژنان بە پێگەکانی بڕیاردان پەیوەندی بە نەبوونی لێهاتووییەوە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بەردەوامبوونی ئاستەنگەکانە سەبارەت بە میکانیزمی هەڵبژاردنی کاندیدەکان و هاوسەنگی هێزەکان لەناو ڕێکخراوە سیاسییەکاندا، کە بەدیهێنانی یەکسانی هەلەکان دەبەستێتەوە بە چاکسازییەکانەوە کە لە سنووری دەقە یاساییەکان تێدەپەڕن بۆ ناو خودی پراکتیزەی حزبییەوە.

لە نێوان ئەزموونی حەلیمە فەکری، کە دەریدەخات چۆن هۆکاری ئابووری دەتوانێت ببێتە ڕێگر لە بەردەم تەواوکردنی ڕێڕەوی سیاسی، خوێندنەوەی فاتمە فەوزی کە پێی وایە ئیرادەی ژنان دەتوانێت بەسەر ئەم ئاستەنگەدا تێپەڕێت بە بێ ئەوەی لەناوچێت هەڵوێستی کەبیرە شاتر کە لاوازی نوێنەرایەتی دەبەستێتەوە بە میکانیزمەکانی پشتگیری و هەڵبژاردنەوە لەناو حزبەکاندا، بۆچوونەکان یەکتر دەبڕن لەسەر ڕاستییەکی تاک: ئەوەی بەشداری سیاسی بە بەدەستهێنانی مافەکان تەنها بەدی نایێت، بەڵکو بە دابینکردنی ئەو مەرجانە دەبێت کە مسۆگەری پراکتیزەکردنیان دەکات لەسەر بنەمای یەکسانی و هاوسەنگی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا، پرسیارەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە: ئایا کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لە بەردەم ژناندا بەسە، یان چەسپاندنی بەشدارییەکی سیاسی ڕاستەقینە پێویستی بە لابردنی بەربەستە ئابووری و ڕێکخراوەییەکانیش هەیە کە لەوانەیە ڕێگر بن لە گەیشتنی لێهاتووی ژنان بە پێگەکانی بڕیاردان؟.