"پێویستە لە خولی شەشەمدا کار لەسەر پرسی ژنان بکرێت"

بەدریە ئیسماعیل، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمان، دەڵێت: ژنان بە دڵسۆزانە کار بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیان دەکەن، کاتێکیش دەچنە پەرلەمان دەبێت بەرگی حزبی لە خۆیان دابماڵن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- پەرلەمان دامەزراوەیەکی گرنگە لە جیهاندا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسیی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوو ساڵ درێژکرایەوە و ٥جار هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان دواخرا.

 

لە دوای سێ جار دواخستن، بڕیارە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

 

پەکخستنی پەرلەمان کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەبووە و قەیرانەکان و کێشەکان لە جومگەکانی بەڕێوەبردن و کۆمەڵگەدا زیادی کردووە. بە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراقی لە پەرلەمانی عێراقیشدا بارودۆخی ژنان و منداڵانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە پێویستە پەرلەمانتاران لە خولی شەشەمدا هەوڵەکانیان بۆ پرسی ژن و منداڵان چڕ بکەنەوە و بەرپرسیارێتی سەرەکیش دەکەوێتە سەر پەرلەمانتارانی ژنی خولی شەشەم، کە ئێستا لە کێبڕکێی کۆکردنەوەی دەنگی هاوڵاتیاندا.

 

"ژنان لە هەر پۆستێکدا بن ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن"

بەدریە ئیسماعیل مەحمود، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و بڕیاردەر لە لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، باس لەوەدەکات، لە کارکەوتنی پەرلەمان بۆشایی یاسای دروستکردووە، بەشداریکردنی ژنان لە کایەکانی ژیاندا دڵسۆزی تێدا بەدی دەکرێت، دەشڵێت: کارکردنی ژنان لە کایە سیاسییەکاندا گرنگی و تایبەتی هەیە، بە تایبەت کارکردنی ژنان لە پەرلەماندا کارێکی گرنگی ژنانە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان، بەهۆی ئەزموونی کارکردنمەوە لە کایە سیاسییەکاندا هەتا پۆستی سەرکردایەتی، کاتێک پەرلەمانتار بووم هەستم بەوەکرد ژنان دروستکراوێکی تایبەتن بۆ بەڕێکردنی ئەو ئەرکەی دەدرێت پێیان، ژنان هەموکات لەو ئەرکەی پێیان دەدرێت بەرپرسیارێتی وەردەگرن لە کارەکانیان، بە جوانترین شێواز کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

 

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو وتی: ژنان لە کایەکانی ژیاندا پۆستی جیاوازیان هەیە، بەردەوام کارەکانیان بە باشترین شێواز ئەنجام داوە، بەشێکی زۆر لەو ژنانەی لە کایەکانی سیاسەتدا کاردەکەن جێ دەستیان دیارە، بەشێکی زۆریان زیاتر لە پیاوان ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن، بەڵام بەشێکی کەمیان کارەکانیان لە چوارچێوەی حزبەکەیاندا دەهێڵنەوە، لە کاتێکدا کاتێک پەرلەمانتارێک ئەرکی پەرلەمانتاری پێدەدرێت پێویستە پارێزگاری لە ئەرکەکانی بکات، کاتێک پەیامی دەبێت، پێویستە لە پەرلەماندا هاوشێوەی پەیامەکەی کار بکات، لەگەڵ تواناکانی خۆی و هاوڵاتیان و دەنگدەرانی ناڕاستی ئەنجام نەدات، گەیشتن بە پەرلەمان تەنها ئەندامی حزبێک پیشان نادات، بەڵکو نوێنەری گەلێک یان دەنگی گەلێک نیشان دەدات، پێویستە پەرلەمانتاران لە گەیشتنیان بە پەرلەمان بەرگی حزبایەتی لەبەریان دابماڵن.

 

"پەرلەمانتاری پێویستی بە بوێری کارکردن و دەنگ هەڵبڕین دەبێت"

بەدریە ئیسماعیل مەحمود، ئاماژەی بەوەکرد، بەشداریکردنی ڕاهێندراوان بۆ پەرلەمانی کوردستان پەروەردەی دەستی حزبەکەی دەبێت، وەرگرتنی پۆستێک کە نوێنەرایەتی گەلێک لە ئەستۆ دەگرێت، خیانەت نەکردن لە حزب و گەلەکەی دەبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی، دەشڵێت: دامەزراوەی پەرلەمان جێگەیەکی گرنگە بۆ دەنگ هەڵبڕینی گەل لە بارەی ڕووداوەکانی ڕۆژەوە، وادەی دەستبەکاربوونی پەرلەمانتار تا کۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراوی خۆی، پێویستی بە بوێری کارکردن و دەنگ هەڵبڕین دەبێت، لە کاتی بوونی کێشەکانی هاوڵاتیاندا لە چوارچێوەی پەرلەماندا دەبێت بێنە دەرەوە، لە خولی پێنجەمدا کاتی خۆپشاندانی خوێندکاران و مامۆستایان بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانیان هاوشێوەی خۆپشاندەران خۆپشاندانمان دەکرد، لە دوای هەوڵێکی زۆر و پێشکەشکردنی داواکانیان بۆ پەرلەمان توانیمان بەشێک لە داواکانیان جێبەجێ بکەین، پەرلەمانتار دەنگی هاوڵاتیانن، پێویستە ئەرکەکانیان بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان بەڕێوەببەن.

 

ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، دەبێت کارکردنی ژنان لە پەرلەماندا هاوئاست و هاوبڕیار دەبێت لەگەڵ پیاواندا، ژنانی پەرلەمانتار لە هەبوونی یاساکان لە کارەکانیاندا توانای تەواوی بڕیاردانیان دەبێت، ژنان لەگەڵ بڕیارەکانی سەبارەت بە دۆزی ژنان توانای تەواویان هەیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان، سەبارەت بەو بڕگە و بابەتانەی لە یاساکاندا پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی ژنانەوە، ژنانی پەرلەمانتار دەتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن.

 

"دەبێت ژنان توانای بڕیاردانیان هەبێت"

بەدریە ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەشدا، هەمووارکردنەوەی یاساکان لە پەرلەماندا لە چوارچێوەی یاساکاندا خوێندنەوەی بۆ ئەنجام دەدرێت و پێویستی بە واژۆی پەرلەمانتاران هەیە، دەشڵێت: کاتێک یاسایەک هەمووار دەکرێتەوە پەرلەمانتاران مافی بڕیاردانیان لەسەر یاساکان هەیە، نەگونجاندنی یاساکان لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵگەدا پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی دەبێت، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان پێویستی بە هەمووارکردنەوە هەیە بۆ هەڵبژاردنەکان و بەشداریکردنی ئەو کاندیدانەی وەک دەنگی گەل دەچنە کارە یاساییەکانەوە، خۆکاندیدکردنی هاوڵاتیان مافی تەواوی هاوڵاتیانە کە مەرجە سەرەکیەکانی تێدابێت، بەڵام بەشێک لە پاڵێوراوان لە لایەن هاوڵاتیانەوە پەسەند ناکرێن، یاخود ڕوبەڕووی تانە و تەشەر دەبنەوە بەهۆکاری پێشینەی کارکردنیان، بەڵام هەڵبژاردنیان لەلایەن دەنگدەرانەوە دەبێت لەسەر بنەمای توانا و لێوەشاوەییان بێت.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ژنانی پەرلەمانتار کرد و وتی: لە دوای دەستبەکاربوونی خولی شەشەمی پەرلەمان پێویستە ژنان کارەکانیان و لێوەشاوەیان لە پەرلەماندا دەربخەن، توانا و بڕیاردانیان یەکسانە بەرامبەر پەرلەمانتارە پیاوەکان، پێویستە بە لێوەشاوەییانە کارەکانیان ئەنجام بدەن، پێویستە ژنان بۆ هەمووارکردنەوەی یاساکان دژ بە ژنان لە خولەکانی پەرلەماندا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، هەمووارکردنەوەی یاساکان بۆ ژنانی یاساناس ئەرکێکی گرنگە، بەڵام لە چوارچێوەی مافەکانی ژناندا بێت و لەو چوارچێوەیەدا ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن.