بەشداری سیاسی ژنانی فەڵەستینی... ڕاستیەکی بارقورس بە ئاستەنگ و پەراوێزخستن لە پێگە بڕیاربەدەستەکاندا

سێ ساڵ لە جەنگی ئیسرائیلی باری سەرشانی ژنانی فەڵەستینی لە غەززە قوڵتر کردەوە، لە کاتێکدا ئامادەبوونی سیاسی و دەنگیان لە پێگە دروستکەرەکانی بڕیاردا سنووردار ماوەتەوە.

نەغەم کراجە

 

فەڵەستین ـ ژنانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە لە ماوەی سێ ساڵی جەنگدا باری قورسیان هەڵگرت کە سنووری ڕزگاربوونی ڕۆژانەی تێپەڕاند، ئەمەش پاش ئەوەی خۆیان بینیەوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاوارەبوونی دووبارە، لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوون و سەرچاوەکانی داهات، بەخێوکردنی خێزان و چاودێریکردنی منداڵان، هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی ژیان لەو بارودۆخانەی کە تێیدا بنەماکانی ئارامی و سەقامگیری ڕووخان، لەگەڵ فراوانبوونی قەبارەی ئەو ڕۆڵانەی کە ژنان لەناو خێزانەکان و کۆمەڵگە خۆجێییەکاندا گرتەیانە ئەستۆ، ئامادەبوونیان لە پێگە دروستکەرەکانی بڕیاری سیاسیدا لە قەبارەی ئەو بەرپرسیارێتیانە کەمتر بوو کە لەسەر زەوی هەڵیانگرتبوو.

 

ژمارەکان قەبارەی ئەو گۆڕانکارییە دەردەخەن کە ژیانی ژنانی تووش کردووە، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە، نزیکەی یەک ملیۆن ژن لە غەززە ئاوارە بوون، بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کاتێکدا کۆی گشتی ئاوارەکان لە قۆناغەکانی سەرەتای جەنگدا گەیشتە نزیکەی ١.٩ ملیۆن کەس، واتە نزیکەیلە ٨٥٪ی دانیشتووانی کەرتی غەززە.

 

خەمڵاندنەکانی دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان دەریدەخەن کە ژمارەی ژنا  لە غەززە پێش جەنگ نزیکەی ١.١ ملیۆن بووە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە نزیکەی نۆ ژن لە هەر ١پ ژنێک لەو خەمڵاندنەدا تووشی ئاوارەبوون بوون، لەگەڵ ناچاربوونی زۆرێک لە ژنان بۆ ئاوارەبوونی دووبارە.

 

ئاوارەبوون تەنها گواستنەوەیەکی جوگرافی نەبوو لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، بەڵکو بۆ ژنان ئەزموونێکی سەخت بوو بە لەدەستدانی ماڵ و تایبەتمەندی و سەرچاوەکانی داهات، گواستنەوە لە نێوان چادرەکان و ناوەندەکانی داڵدەدان و ناوچە قەرەباڵغەکاندا، لەگەڵ پاشەکشەی توانای دەستکەوتنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

 

شەڕی ڕزگاربوون و دووبارە بونیادنانەوەی خێزان و کۆمەڵگە

 

ئاریج ئەشقەر، بەرپرسی یەکەی کاری ژنان، وتی: جەنگ کاریگەرییەکی قووڵی کردە سەر ژنی فەڵە ستینی، چونکە باری قورسی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەڵگرت، لە پێشڕەوی ئەو کەسانەدا بوو کە چاودێری خێزانیان کرد و بەڕێوەبردنی کاروباریان گرتە ئەستۆ لە سایەی لەدەستدان و ئاوارەبوون و برسیەتیدا.

 

پێی وایە کە ژن تەنها وەرگری قەیرانەکە نەبوو، بەڵکو گۆڕا بۆ لایەنێکی سەرەکی لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا پاش ئەوەی خۆی بینیەوە داوای لێدەکرێت خێزان بەخێو بکات و هاوژین بپارێزێت و منداڵان بپارێزێت و دووبارە ئەو وردەکارییانەی ژیان بونیاد بنێتەوە کە لە پاش وێرانبوونی خانوو و موڵک و ماڵ ماونەتەوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە ژنی فەڵەستینی لە غەززە بە سێ هێندە بەرگەی باری قورسی قەیرانە دوای یەکەکان دەگرێت: وەک دایکێک، وەک کرێکارێک، وەک مرۆڤێک کە سادەترین بنەماکانی ئارامی لەدەستداوە، لە ساڵانی گەمارۆوە تاوەکو خولەکانی کۆتایی جەنگ، ژن لە هاوبەشێک لە بونیادنانەوەوە گۆڕا بۆ هەڵگری باری قورسی ڕزگاربوون.

 

هەروەها بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە ڕیزەکانی هاوکارییەکاندا دەوەستێت، دەگەڕێتەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی چادرێک کە نە رێگری لە سارد و نە گەرم ناکات، لە دروومان و کشتوکاڵی ماڵەوەدا کار دەکات بە کرێیەک کە بەشی نرخی نانی ڕۆژێک ناکات، ڕووبەڕووی فشارێکی دەروونی و ئابووری دوو هێندە دەبێتەوە لە سایەی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و نەبوونی تایبەتمەندی لە ناوەندەکانی داڵدەداندا.

 

ئاریج ئەشقەر جەختی لەوە کردەوە، کە ژن هەر وەک خۆی کۆڵەکەی سەرەکی خێزان و کۆمەڵگە دەمێنێتەوە، بە ئارامگرتن بەرەنگار دەبێتەوە، بە هیوا بونیاد دەنێت، نەوەیەک پەروەردە دەکات لەسەر واتای خۆڕاگری سەرەڕای برینەکان، ژنی فەڵەستینی هەمیشە توانادار و پتەو و سەرکەش بووە، بە هەموو جیهانی سەلماند کە ژنێکی بەهێزە، توند بە ڕەگ و زەوی و نیشتمانەکەیەوە نووساوە، بە هەموو هێزێکەوە بەرگری لێدەکات.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەم ڕاستیە بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەخاتە سەر هەر ڕێڕەوێکی مرۆیی یان گەشەپێدانی داهاتوو، چونکە دڵنیا نییە چاکبوونەوەی کۆمەڵگە جیابکرێتەوە لە توانای ژنان بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەربەخۆیی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گەیشتن بەو پێگانەی کە ڕێگەیان پێدەدات کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەو بڕیارانەی کە ژیان و داهاتوویان دەستکاری دەکات.

 

"ئامادەبوونی لەسەر پێگە دروستکەرەکانی بڕیار ڕەنگدانەوەی نەبوو"

 

ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە پەراوێز نەبوو، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا، دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان ڕایگەیاند، کە زیاتر لە ٥٧ هەزار ژن لە غەززە بوون بە سەرۆکی خێزانەکانیان، هەروەها داتای نوێتر ئاماژەیان بەوە کرد کە لە ٩٥٪ی ئەو کارانەی کە ژنانیان لە غەززە دادەمەزراند داخراون، لە کاتێکدا نزیکەی ٦٩٠ هەزار ژن لە ناوەندەکانی داڵدەدانی قەرەباڵغدا دەژیا.

 

ڕوونیکردەوە، کە ژنان پەنایان بردە بەر شێوازی نوێی کار، لە دروستکردنی نانەوە تاوەکو فرۆشتن لەسەر عەرەبانەکان، لە هەوڵێکدا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزان، وتی: بینیمان ژن لەسەر تەندور وەستا بۆ نان، لەلای عەرەبانە وەستا بۆ فرۆشتنی ئەوەی کە لەبەردەستیدایە، تەنها بۆ ئەوەی بتوانێت خێزانەکەی بەخێو بکات، ژن بەرپرسیارێتی ماڵی هەڵگرت لەو بارودۆخانەی کە تێیدا ژیانی ئارام و تایبەتمەندی و کەرامت وەک پێشتر بەردەست نەبوون.

 

سەرەڕای ئەوەش، فراوانبوونی ئەو ڕۆڵەی کە ژنان لە بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەدا ئەنجامیان دا، بە هەمان کێش لە بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسیدا ڕەنگدانەوەی نەبوو، ئاریج ئەشقەر وتی: پێچەوانەکەی ئەوەیە کە ئەو ژنەی باری قورسی جەنگی هەڵگرت بە هەمان کێش لە پێگەکانی بڕیارداندا ئامادە نەبوو ئەوانەی کە پەیوەندییان بە داهاتووی کۆمەڵگەی فەڵەستینییەوە هەیە.

 

ڕوونیکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ژنی فەڵەستینی زیاتر لە لایەنێکی جەنگ ئازاری چێشت، بەڵام ئەمە لە ئامادەبوونی لە پێگە دروستکەرەکانی بڕیاردا ڕەنگدانەوەی نەبوو، بەتایبەت لە دانوستانەکان و ڕێڕەوەکانی ئاشتەوایی و ئەو لیژنانەی کە پێکهێنران بۆ گفتوگۆکردنی داهاتووی دۆخی فەڵەستین، نەبوونی بەرچاوی ژنان لەم مەیدانانەدا هەبوو، لە کاتێکدا کە ئەوان شایستەترینن بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکانی ژنان و ئەزموونیان لە کاتی جەنگدا.

 

ئەم بۆشاییە سیاسییە بە بۆشایی نایەت، تەنانەت پێش شەڕەکەش بەشداری ژنانی فەڵەستینی لە پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیدا سنووردار بوو، داتاکانی ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن کە ژنان نزیکەی لە ٢١.٨٪ی کورسییە هەڵبژێردراوەکانی ئۆرگانەکانی حکومەتی خۆجێییان داگیرکردووە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ لە کەناری ڕۆژئاوا.

 

جەنگ توانای ژنان لەسەر ڕێکخستن و وەڵامدانەوە دەردەخات

 

ئاریج ئەشقەر پێی وایە کە جەنگ چینێکی نوێی لە ئاستەنگەکان بۆ سەر ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بووەکانی پێشوو زیاد کرد، لە پێش هەموویانەوە پێکهاتەی خێڵەکییە کە دەگاتە بەردەم گەیشتنی ژنان بە پێگەکانی سەرکردایەتی، وتی: ژن پێشتر ڕووبەڕووی کۆسپەکانی کۆمەڵگەی خێڵەکی و دەسەڵاتداری دابوویەوە، دواتر جەنگ هات تاوەکو باری قورسی نوێ زیاد بکات، ئەمەش ڕێگاکەی بۆ بەشداری سیاسی سەختتر کرد.

 

لە هەمان کاتدا، جەنگ توانای ژنانی لەسەر ڕێکخستنی وەڵامدانەوەی کۆمەڵایەتی لە بارودۆخی زۆر سەختدا دەردەخات، ”UN Women” جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان لە پێشڕەوی وەڵامدانەوەی مرۆیی و کاری کۆمەڵایەتیدا بوون، وەک دابینکەری چاودێری و سەرۆکی خێزان و سەرکردە لە کۆمەڵگەکانیان، هەروەها ڕێکخراوەکە لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەکەیدا لە فەڵەستین تەوەرێکی تەرخان کرد بۆ پشتگیریکردنی توانای ژنانی فەڵەستینی بۆ کاریگەری کردارەکی لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا لە ئاستە جیاوازەکاندا.

 

بەڵام دانیپێدان بە ڕۆڵی کۆمەڵایەتیدا بەس نییە، ئەگەر نەگۆڕێت بۆ نوێنەرایەتی راستەقینە لەو دامەزراوانەی کە سیاسەتەکان دەڕێژن، وتی: ژنانی فەڵەستینی مافی خۆیان لە بەشداری سیاسی لەبیر نەکرد، دەستبەرداری مافی خۆیان نەبوون لە بڕیاردان لەسەر چارەنووس و داهاتووی نیشتمانەکەیان، هێشتا کار دەکەن لەسەر هاندانی ژنان بۆ گەیشتن بە پێگە دروستکەرەکانی بڕیار تاوەکو بتوانن پێداویستییەکانی ژنان و ئازارەکانیان بگوازنەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تێیدا سیاسەتەکان دروست دەبن.

 

بابەتەکە گرنگییەکی گەورەتر دەگرێتە خۆی لە قۆناغی دوای جەنگدا، چونکە ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە دووبارە بونیادنانەوە، گەڕانەوە، نیشتەجێبوون، پاراستنی کۆمەڵایەتی، کار، تەندروستی، پەروەردە، پاراستن لە توندوتیژییەوە هەیە، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان دەبێت لەسەر ژیانی ژنان، دوورخستنەوەیان لە داڕشتنی ئەم بڕیارانە واتای ئەوەیە کە بەشێکی بنەڕەتی لەو ئەزموونەی کە کۆمەڵگە لە کاتی جەنگدا ژیاوە ڕەنگە نەگاتە سەر مێزی سیاسەتەکان.

 

دوورخستنەوەی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتی دەبێتە هۆی فەرامۆشکردنی پێداویستییەکانیان

 

پێویستی بەشداری سیاسی تەنها لە کاروباری ناوخۆی فەڵەستینیدا کورت نەبێتەوە؛ شارەزایی نێودەوڵەتی لە دۆزەکانی ئاشتی و ئاسایشدا جەخت لەسەر بەردەوامی لاوازی نوێنەرایەتی ژنان لە پرۆسەکانی دانوستاندا دەکاتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەشداری ژنان لە ٩.٦٪ی بەشداربووان لە زیاتر لە ٥٠ پرۆسەی ئاشتیدا لە جیهاندا تێپەڕ نەبوو، لە کاتێکدا ”UN Women” جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دوورخستنەوەی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتی زۆرجار دەبێتە هۆی فەرامۆشکردنی پێداویستییەکانیان و نیگەرانییەکانیان لە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی و پلانی چاکبوونەوەدا.

 

ئاریج ئەشقەر پێی وایە کە هەر قۆناغێکی سیاسی داهاتوو دەبێت لە پێداویستییەکانی خودی ژنانەوە دەست پێبکات، لە پێش هەموویانەوە ئارامی و نیشتەجێبوون و تایبەتمەندی و پاراستنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، لە پاڵ دڵنیابوون لە گەیشتنی دەنگیان بە پێگەکانی بڕیار، وتی: ژنی فەڵەستینی پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام و ژیانێک هەیە کە کەرامەتی بپارێزێت، پێویستی بە کەسێک هەیە کە کێشەکانی بگوازێتەوە بۆ دروستکەرانی بڕیار، پێویست بوو لەناو بڕیاری سیاسیدا بوونی هەبێت تاوەکو بەرگری لە مافەکانی ژنان بکات و دڵنیابێت لەوەی کە پێداویستییەکانیان بەشێک بن لە سیاسەت و بەرنامەکانی داهاتوو.

 

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کە بەشداری ژنان نابێت بگۆڕێت بۆ ئامادەبوونی شێوەی یان نوێنەرایەتی ئاماژەی، بەڵکو دەبێت بۆ بەشداری کاریگەر لە دامەزراوەکان و حزبەکان و لیژنە سیاسییەکان و ڕێڕەوەکانی ئاشتەوایی و دووبارە بونیادنانەوەی کۆمەڵگە، وتی: بەس نییە ژن لە کۆمەڵگەدا ئامادە بێت و بارگرانییەکانی هەڵبگرێت و دواتر نەمێنێت کاتێک دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و داڕشتنی بڕیارەکان دەست پێدەکات، ئەو ژنەی لە سەختترین هەلومەرجدا هەڵگری خێزانەکەی بووە، دەبێت هاوبەش بێت لە دیاریکردنی داهاتووی کۆمەڵگەکەی.

 

دوای سێ ساڵ لە جەنگ، پێچەوانەکە زیاتر دەردەکەوێت: ژنی فەڵەستینی لە چەقی قەیرانەکەدا بوو، خێزانی بەڕێوەبر، ڕووبەڕووی ئاوارەبوون بووەوە، هەوڵی دا خۆراک دابین بکات، و چاودێری منداڵانی کرد، هەوڵی دا ژیان لە نێوان داروپەردووەکاندا دووبارە بونیاد بنێتەوە؛ بەڵام ئامادەبوونی لە بازنەکانی بڕیاردا لە قەبارەی ئەوەی کە هەڵیگرتووە کەمتر ماوەوە، ل قۆناغی دووبارە بونیادنانەوەی غەززەدا، بەشدارپێکردنی ژنان تەنها پەیوەندی بە بەدەستهێنانی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دڵنیابوونەوە هەیە لەوەی کە سیاسەتەکانی داهاتوو توانایان هەبێت ڕاستیەک بخوێننەوە کە ژنان ژیاون و لە پێداویستییەکانیان تێبگەن و ئەزموونیان بگۆڕن لە شایەتییەک بۆ جەنگەوە بۆ هێزێکی کاریگەر لە داڕشتنی داهاتوودا.