فەرماندەیەکی یەپەژە هۆشداری لە زیادبوونی چالاکییەکانی داعش لە دێرەزوور دەدات

ئارین شەدادی، فەرماندە لە یەپەژە دووپاتیکردەوە کە زیادبوونی چالاکی شانەکانی داعش لە چەند ناوچەیەکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی دێرەزوور، هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایش دەکات.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزوور-دوای دەستبەسەرداگرتنی هەندێک ناوچەی هاوسنوور لەگەڵ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە، شانەکانی داعش لەم دواییانەدا چالاکییەکانیان زیاتر کردووە، ئەمەش نیگەرانی ڕاستەقینەی لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر دروست کردووە، لەناو ئەم گرژییەدا، شەڕڤانانی یەپەژە وەک هێڵی یەکەمی پاراستن سەریان هەڵداوە، ڕۆڵی ستراتیژییان لە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و پاراستنی کۆمەڵگە و هۆشیاری مافەکانی مرۆڤەوە دەستپێکردووە.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان، ئارین شەدادی، فەرماندەی یەپەژە ڕوونیکردەوە، ئەم پەرەسەندنەی چالاکییەکانی داعش هاوکاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە ئاسایشیە چڕەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و یەپەژە. ئەم ئۆپەراسیۆنانە حەشارگەکانی داعشیان لە گوندەکانی دێرەزوور کردۆتە ئامانج، لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە چەتەکانی داعش و فەرماندەی مەیدانی دەستگیرکراون، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی شانە نووستووەکان کە خۆیان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان ئامادە دەکەن کە هاوڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی ئاسایشی بە یەکسانی کردۆتە ئامانج.

 

ڕۆڵی ژنان چییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لەو ناوچانەی کە شانەکانی تێدایە؟

ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە کۆکردنەوەی زانیاری و پێشکەشکردنی پشتیوانی دەروونی کۆمەڵایەتی بۆ خێزانە زیان لێکەوتووەکان، ئەمە جگە لە بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی هۆشیاری و پەروەردە دژی توندڕەوی، ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ژنان لەم چوارچێوەیەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە بریتین لە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، کەمی سەرچاوە و پشتیوانی و ترس لە تۆڵەسەندنەوە لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە.

 

یەپەژە ڕۆڵێکی کارا دەگێڕن لە دابینکردنی پاراستن بۆ ژنان و منداڵان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە سەبارەت بە مافەکانی ژنان، هەروەها ڕاستەوخۆ بەشداری ئۆپەراسیۆنە ئاسایشیەکان و وەڵامدانەوەی فریاگوزاری دەکەن. نموونەی زۆر هەیە کە ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پووچەڵکردنەوەی هێرشەکان یان چالاکییەکانی داعش، بە ڕاپۆرتکردنی چالاکییە گوماناوییەکان، هاوکاریکردنی پەنابەران، پێشکەشکردنی پشتیوانی، کە بەشداربووە لە ڕێگریکردن لە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی.

 

مەبەست لە چەمکی "پاراستنی ناوەکی" بۆ ژنان لەم چوارچێوەی ئاسایشیەدا چییە؟

چەمکی "پاراستنی ناوەکی" واتە دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو بۆ ژنان کە مافە سەرەتاییەکانیان گەرەنتی بکات، لەوانەش پاراستن لە توندوتیژی و چەوساندنەوە و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان لە بڕیاردانی پەیوەست بە ئاسایشدا. ئەم پاراستنە دەتوانرێت بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکرێت، بەپێی ئەم چەمکە، لە ڕێگەی دامەزراندنی بەرنامەی هۆشیارکردنەوە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پاڵپشتی دەروونی کۆمەڵایەتی، و خولی پەروەردەی ژنان لە کارامەییەکانی بەرگریکردن لە خۆیان و مافە یاساییەکانیان.

 

کەموکوڕیەکانی پاراستنی ژنان لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا دەگەڕێتەوە بۆ خراپی هاڕمۆنی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکان و نەبوونی سیاسەتی ڕوون بۆ پاراستنی ژنان. ئەمەش دەتوانرێت بە بەهێزکردنی هاوکاری نێوان ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان چارەسەر بکرێت.

 

چۆن دەبێت ئەم سەریەککەوتنە لە نێوان گروپە شەڕەڤانە جیاوازەکاندا چارەسەر بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ژنان و کۆمەڵگە؟

پێویستە ستراتیژی گشتگیر بگیرێتەبەر کە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ هەندێک گروپ و بەهێزکردنی تواناکانی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئاسایشیەکان لەخۆ بگرێت.

 

هیوایەکی زۆرمان بە ئایندەی ژنان لە ناوچەکەدا هەیە، لە سایەی زیادبوونی هۆشیاری لە مافەکانیان و بوونی تەڤگەرە چالاکەکانی ژنان کە هەوڵدەدەن بۆ ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری. پێویستە ژنان ئاگاداری گرنگی ڕاپۆرتکردنی چالاکییە گوماناوییەکان بن، هاوکاریمان بکەن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی کۆمەڵگە.

 

ئەگەر ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگەکان دوور بن لە توندڕەوی، دەبێت پاراستن لەناو ماڵ و خوێندنگە و شەقامەکاندا دەست پێبکات. ئێمە لە یەک کاتدا پاراستن دەکەین و بونیاد دەنێینەوە.