بەهار ئەورین: ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردی بناغەیە بۆ گۆڕینی دیموکراتیکی هەرێمی

بەهار ئەورین، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی جەختی لەوەکردەوە کە سیستمی دەوڵەت-نەتەوەی ململانێکان و ناکۆکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر دەکاتەوە، هێڵکاری نەخشەی نوێی ناوچەکە لە ڕوانگەیەکی دیموکراتییەوە مافی هەموو پێکهاتەکان و کولتوورەکان دەستەبەردەکات.

عەفرین ناڤدار

 

قامیشلۆ-لەنێوان پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە دوای ١٣ی حوزەیرانەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژیی بەرچاوی ناوچەیی بەخۆیەوە دەبینێت، ڕژێمە دیکتاتۆرەکان هەوڵی داڕشتنی ڕێگایەکی نوێی هەژموونی دەدەن، ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەردەمی سیستەمی نێودەوڵەتی ناسیۆنالیستی کۆتایی هاتووە و دیموکراتی تاکە ڕێگایە بۆ چارەسەرکردن.

 

لەنێوان پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان، شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و ئێران لە ململانێی بە وەکالەتەوە گۆڕاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و سیمایەکی سەربازیی ئاشکرای وەرگرتووە، کە هێرشی مووشەکیی هاوبەش و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ستراتیژییەکانی لەخۆگرتبوو، هاتنی ئەمریکا بۆ ناو ململانێکان وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەی بەخۆیەوە بینی، دۆناڵد ترەمپ، پێشەنگی ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگەیاند، هەنگاوێکە کە بە پەرەسەندنێکی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە دەکرێت.

 

بەهار ئەورین، ئەندامی ئەکادیمیای ژنیۆلۆژی باسی لە پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، جەختی لە گرنگی هاودەنگی و یەکڕیزی و گردبوونەوە لە دەوری پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کردەوە، چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانەی کە لە ناوچەکەدا شاهیدی کراون.

 

"سیستمی نەتەوە-دەوڵەت سەرچاوەی شەڕەکانە"

بەهار ئەورین، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باسی لەو نەخشە نوێیە کرد کە ڕژێمە ستەمکارەکان بە ئامانجی سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و مەبەستەکانی هێزەکانی ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکا سەریەککەوتوون، ململانێی لەمێژینەی نێوان ئەم لایەنانە بە بیانووی ناکۆکی لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی، دوای شکستی ئەو کۆبوونەوانە کە بڕیار بوو ئەم پرسە هەستیارە تاوتوێ بکەن، کاراکرانەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە بە "جەنگی ئێران و ئیسرائیل" ناودەبەن، لە ناوەڕۆکی خۆیاندا ڕەنگدانەوەی ململانێی نێوان ڕژێمەکانن کە هەوڵدەدەن هەژموونی خۆیان بسەپێنن، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی زلهێزە پاوانخوازەکان دابڕێژن، بە گۆڕینی بۆ گۆڕەپانێکی هەمیشەیی بۆ ململانێ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شەڕانە کە لەلایەن دەوڵەتە نەتەوەییەکانەوە بەڕێوەدەچن، لە ئیرادەی هاوڵاتیانەوە سەرچاوە ناگرن و نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان ناکەن، بەڵکو گەل گەورەترین قوربانی بەڵای توندوتیژی و وێرانکارییە، ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و ئێران هیچ نییە جگە لە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ڕژێمە ناسیۆنالیستەکان، کە پشت بە توندوتیژی دەبەستن وەک ئامرازێک بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی خۆیان.

 

لەچوارچێوەی قسەکانیدا، هەڵسەنگاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی هێنایەوە کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان بە ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستانە و ئاراستەی پاوانخوازی خۆیانەوە، چیتر توانای ئەوەیان نییە لەگەڵ داواکارییەکانی ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەدا بگونجێن، لەگەڵ داڕمانی ئەم ڕژێمانە، پەنا بۆ وروژاندنی شەڕەکان دەبەن وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی خۆیان لە داڕمانی نزیک، ئەمەش بەڵگەی ئەزموونەکانی سووریا و عێراق و ئێران و ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان چارەنووس لە تورکیادا، ئەگەر پێداگری لەسەر پابەندبوون بە مۆدێلی ناسیۆنالیستی بکات.

 

دیموکراتیک پەناگەیەکی ئارامە بۆ گەل

بەهار ئەورین  جەختی لە گرنگی گرتنەبەری سیستەمێکی دیموکراتی ڕاستەقینە کردەوە کە بناغەکانی ئاشتی و سەقامگیری لەناو کۆمەڵگەکاندا دادەمەزرێنێت، پێداگری دەوڵەتە نەتەوەییەکان لەسەر پشتگوێخستنی گۆڕانکاری ڕیشەیی دەبێتە هۆی شەڕی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، لە سەرەتای مێژووەوە تا ئەمڕۆ، شەڕەکان چارەسەرێکی ڕاستەقینە نەبوون بۆ ئەو پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مافی مرۆڤانەی کە ڕووبەڕووی گەلانی چەوساوە دەبنەوە، بەڵکو ئامرازێک بوون بۆ درێژەدان بە ئازارەکان و گەورەکردنی قەیرانەکان، زۆرێک لە ڕژێمە ستەمکارەکان لەم دەیان ساڵەی دواییدا توندوتیژی و هەژموونیان لەژێر دروشمی چەواشەکارانەی وەک 'دیموکراتی' و 'پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان' کردۆتە ئامانج، بەبێ ئەوەی چارەسەری ڕاستەقینە پێشکەش بکەن.

 

سەبارەت بە ڕاستی لە ئێراندا وتی: دەسەڵاتی دەسەڵاتدار، لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە دوای شۆڕشی ١٩٧٨، بەڵێنەکانیان بە کۆمەڵگە جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو سیاسەتی سەرکوت و خراپ بەکارهێنانیان پەیڕەو کردووە، لەڕێگەی لەسێدارەدان، دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین، چالاکی مافی مرۆڤ، ڕژێمی ئێرانی بە تاکڕەو و توندڕەو پێناسە کرد، سیاسەتەکانی بۆ ملکەچکردنی ژنان و کۆمەڵگە تەرخان کرد، هێزە گرینگەکانی کۆمەڵگەی کردە ئامانج لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی بوونی خۆی.

 

ڕوونی کردەوە کە پێداگریی دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەر پەیڕەوکردنی سیستمێکی ناسیۆنالیستی هۆکاری سەرەکی قووڵبوونەوەی پرسە ناوخۆییەکانی ئێران بووە، لەناوخۆی ئێراندا تەڤگەری کۆمەڵایەتی هەبوون کە ستەم و دەسەڵات و عەقڵییەتی توندڕەوی سەپێنراویان ڕەتدەکردەوە، ئێرانیش ڕووبەڕووی فشارەکانی دەرەوەی وڵات بووەوە، بەڵام وەک ڕژێمە دیکتاتۆرییە ستەمکارەکانی دیکە ڕەتیکردەوە سیستمێکی دیموکراتی ئاشتیانە قبوڵ بکات، بۆیە ناکۆکییەکان لەناوخۆیدا قوڵتربوونەوە، وەک ئەوەی لە عێراق و سووریا بینیمان، ئەگەر ئەو وڵاتانە سیستەمێکی دیموکراتی پەیڕەو نەکەن، کۆتاییان داڕمان دەبێت، چ لە ماوەیەکی کورتدا بێت یان درێژخایەن، ئێران ئەمڕۆ لەبەردەم دوو بژاردە دەبێت: یان ڕێگای دیموکراتی هەڵبژێرێت کە چارەسەرێکی هەمیشەییە یان ڕووخان، کە کۆتایی هەر ڕژێمێکی ستەمکارە.

 

ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی مۆدێلی بەرخۆدان بوو لە دژی ڕژێمە پاوانخوازەکان

بەهار ئەورین تیشکی خستەسەر پەرەسەندنی بەرخۆدانی کۆمەڵگە دژ بە ڕژێمی ئێران، بە ڕاپەڕینێکی مێژوویی بە پێشەنگایەتی ژنان لە دژی چەوساندنەوەی سیستماتیکی پێناسە کرد، لە ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادیدا هێز و ئیرادەیەکی نەگۆڕ و یەکلاکەرەوە لەلایەن ژنان و هاوڵاتیانی ئێرانەوە هەبوو، کە بە داوای مافە سروشتییەکانیان بۆ ئازادی و کەرامەت ڕاپەڕینەوە، هەرچەندە داواکارییەکانیان ڕەوا و ئاشتیانە بوو، بەڵام ڕژێمی ئێران بە توندوتیژی و خراپ بەکارهێنان بەرەوڕوویان بووەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەڕەکان سەرەڕای دڕندەییەکانیان، هەندێکجار دەتوانن دەرگای گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەنەوە، لە ناوەڕۆکی ململانێکاندا هەمیشە توانای گۆڕینی توندوتیژی بۆ دهەلێک هەیە، بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیک کە گەرەنتی دادپەروەری و پلۆرالیزم بکات، ئەمەش ئەوەیە کە گەلی ئێران ئەمڕۆ بۆی تێدەکۆشێت.

 

جەختی لە پێویستی پڕۆژەی سیاسی و ڕێکخراوەیی کردەوە کە کۆتایی بە سیاسەتەکانی وەدەرنانی و نکۆڵی بهێنرێت، بیانگۆڕێت بۆ ڕێگایەک کە گەرەنتی پاراستنی بوونی کۆمەڵگە بکات، ئەم هەوڵانەی بە "نەخشەی چارەنووسساز بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" پێناسە کرد، رۆژهەڵاتی کوردستان بە میراسی خۆڕاگری و خەباتی بەردەوامی، دەتوانێت بەردی بناغەی دەستپێکی نوێ بەرەو مۆدێلێکی دیموکراتی هەمەلایەنە بێت، دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی دەتوانێت ببێتە ڕێگایەک بۆ خێراکردنی خەبات و دەستەبەرکردنی مافەکانی هاوڵاتیانە.

 

باسی لە فرەچەشنی کولتوور و ئایینەکان لە ئێران کرد و بە هەلێکی گەورە بۆ پێکەوە ژیان لە قەڵەم دا، گەلی ئێران هەمیشە هەوڵی پاراستنی بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان لە بەرامبەر میتۆدەکانی نکۆڵیکردن و بوونیان داوە، ئێران بە فرەچەشنی پێکهاتەکانی و کولتوورەکەی و پێکەوە ژیان لە نێوان پێکهاتەکانیدا ناسراوە، هاوڵاتیانی هەمیشە پارێزەری ئەو بەهایانە بوون.

 

ژنانی ئێران پێشەنگن بۆ کۆمەڵگەکەیان و نەتەوەکەیان

سەبارەت بەو بەرپرسیارێتییەی کە دەکەوێتە سەر ژنانی ئێران لە ژێر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرج و ململانێیانەی لە ناوچەکەدا بەدی دەکرێت، وتی: ژنانی ئێران خاوەنی ئازایەتی و هێزێکی گەورەن، لەو ڕێگەیەوە هەوڵدەدەن ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە کۆمەڵگەدا بگێڕن، هەمیشە ئەم عەقڵیەتە توندڕەو و پاوانخوازەیان ڕەتکردووەتەوە و بەردەوامیشیان هەیە لە ڕەتکردنەوەیان، ئامانجی سەپاندنی کۆیلەکردنە بەسەر ژناندا، جەختی لەوە کردەوە کە تا ژنان بە هاوپشتی لەگەڵ یەکتر بوەستن و داوای مافەکانیان بکەن، فشارەکان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران زیاتر دەبن، سەدان ژنە زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا هەن، تەنها لەبەر ئەوەی سەرچاوەی خۆڕاگری و خەبات بوون بۆ گەلەکەیان، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و دژی دەسەڵات و ستەمکارییان خەباتیان کردووە.

 

بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک گونجاوترین چارەسەرە بۆ هەموو شەڕەکان

سەبارەت بە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی" ڕوونیکردەوە کە کۆمەڵێک خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت، نوێنەرایەتی بناغەکانی چارەسەری ئەگەری بۆ ئەو ململانێیانە دەکەن کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی سەندووە، ئەم بانگەوازە مانیفێستێک پێکدەهێنێت کە ڕێگاکانی چارەسەری ئاشتیانەی پرسەکانی گەلانی ناوچەکە ڕووناک دەکاتەوە، دەکرێ بڵێین کلیلی سەقامگیری ناوچەکە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد و دەستەبەرکردنی پاراستنی بوون و مافەکانی گەلی کورددایە، لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە، کێشانی نەخشەی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت لە دەستی هاوڵاتیان خۆیاندا بێت، لەسەر بنەمای خەباتی کۆمەڵایەتیان. لێرەوە گرنگی سیستەمی دیموکراتی کە پڕۆژەی کردەیی و دەستپێشخەری زیندوو بە ئامانجی چەسپاندن و بەهێزکردنی ئەم دیدگایە دەگرنەبەر و سەرهەڵدەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەزموونی پەکەکە لەڕێگەی خەباتی ٥٠ ساڵەی خۆیەوە هەمەلایەنە و پڕە لە دەستکەوت، لە ڕێگەیەوە هاوڵاتیان دەتوانێت خۆیان ڕێکبخان و بیکەنە سەرەتای سەردەمێکی نوێی ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا، بەهار ئەورین، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی جەختی لەوە کردەوە کە ئیرادە و هێزی گەل گەرەنتی ڕاستەقینەی دەستکەوتەکانیانن، یەکڕیزی نێوان گەلانی ناوچەکە نوێنەرایەتی کاریگەرترین ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و کۆتاییهێنان بەو شەڕانەی کە زۆرجار قوربانییان ژنن.