بێگەرد محەمەد حەمە: ژنانی ڕاگەیاندنی ئازاد کۆمەڵکووژییەکان و دەنگی ژنانیان بە جیهان گەیاندووە
بێگەرد محەمەد حەمە، ڕۆژنامەنووس، دەڵێت: زیاتر لە ١٤ ساڵە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە ئیدانەی ژنان بۆ کۆمەڵکووژییەکان دەبیندرێت، هەروەها دەنگ و ناڕەزایەتییەکانی ژنانیان بە جیهان گەیاندووە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- ژنانی سیاسەتمەداری کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، لە ٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆرکران، لە ئێستاشدا ١٣ ساڵ بەسەر ئەم کۆمەڵکوژییەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێزەکانی پشت کۆمەڵکوژییەکە هێشتا لە تاریکیدان، هەروەها تێکۆشانی ژنان بەردەوامە لە دەرخستنی ئەو هێزانەی کە لە پشت کۆمەڵکوژییەکانی دژ بە ژنانی کوردن، هۆکاری کۆمەڵکوژییەکانی پاریس نەتەوەپەرستی و زایەندپەرستییە و ئەو دەوڵەتانەی لەسەر ڕەنجی وڵاتانی دیکە دەژین، ترسیان لە ئیرادەی ژنان هەیە و لەبەر ئەوەیە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، هەروەها ئەو ژنانەی کە کولتوور و زمان و تەواوی مێژوویان لە هەناوی خۆیاندا هەڵگرتووە، بوونەتە جێی ترس بۆ ئەو دەوڵەتانەی ڕەنجخۆرن، چەندین ساڵە سیاسەتی کۆمەڵکوژی دژی ژنانی تێکۆشەری کورد جێبەجێ دەکەن و تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل و هەڤرین خەڵەفیش لە هەمان چوارچێوەدایە، هەروەها ژنانی ڕاگەیاندکاری ئازادیش لە ڕوماڵکردنی کۆمەڵکووژی و گواستنەوەی ئیدانەکردنەکان، ڕۆڵێکی کارایان هەبووە.
''کۆمەڵکووژییەکانی ژنان لە لایەن ڕاگەیاندکارانی ژنەوە ڕێگری لێ دەکرێت"
بێگەرد محەمەد حەمە، چالاکوان لە بواری ژنان و ڕۆژنامەنووس، باسی لەو کرد، هەبوونی مێژوویەکی پڕ لە کۆمەڵکووژی کورد لە مێژینەیە، کە لە ناویدا کۆمەڵێک لە هاوڵاتیان یان چەندین کەسی شۆڕشگێڕ دەکرێنە ئامانج، بێگومان نەوەی داهاتووش بەو بارودۆخانەدا گوزەردەکەن و دەیبینن، ژنانیش بەردەوام ڕۆڵیان لە سەرجەم کایە سیاسی و ئابوورییەکان هەیە و هەمیشە هەوڵی بەرەوپێشبردنی تواناکانیان دەدەن، هەروەها ژنانی ڕۆژنامەنووسیش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە هەوڵ بۆ دەرخستنی هۆکار و شێوازی کوشتنە بەکۆمەڵەکان دەدەن، بێگومان زانینی کۆمەڵکوژییەکانی کورد کە لە هەر جێگەیەکی ئەم جیهانەدا ئەنجام بدرێت پێویستە هەموو جیهانی لێئاگادار بکرێتەوە، بۆئەوەی ئاشنای هۆکارەکانی ببین، هەروەها هۆشیاری ژنان لە بارەی ڕووداوە کۆمەڵکووژییەکان و سیاسییەکان بەهێزتر دەکات.
''تاکە ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژییەکان هۆشیاربونی ژنانە لە کایەکانی کۆمەڵگەدا''
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: مێژووی کۆمەڵکووژییەکان بۆ دێرزەمان دەگەڕێتەوە، هەروەها کۆمەڵێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتی جەنگدا ڕووبەڕووی توندوتیژی سەربازی دەبنەوە، هەروەها تێکەڵوونی چەندین کولتووری جیاواز هۆکارە بۆ زیادبوونی کۆمەڵکووژییەکان، هاوشێوەی چەندین کۆمەڵکووژی کورد لە وڵاتانی دەرەوە، کۆمەڵکووژی یەکەمی پاریس کە کۆمەڵکووژی چەندین ژنی ئازادی خوازبوو لە پاریس، ڕاگەیاندکاران بە تایبەت ژنانی ڕاگەیاندنی ئازاد بەردەوامبوون لە ڕووماڵکردن و گەیاندنی ئەو کۆمەڵکووژییە، بێگومان لە ئێستاشدا بەردەوامن لە بیرهێنانەوەی ئەو کۆمەڵکووژیانەی بۆسەر ژنانی ئازادیخواز دەکرێت، ژنان دەتوانن لە ڕێگەی تواناکانییان و کارکرد لەسەر پرسەکانی ژنان دەنگی ژنان بگەیەنە کۆمەڵگە، تا بتواندرێت ڕێگری لە کۆمەڵکووژییەکان بۆسەر ژنان بکرێت، هەروەها لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە دەمانبینی زۆرێک لە ژنانی پاریس لە دژی کۆمەڵکووژییەکان خۆپشاندان و کەمپەییان ئەنجامدەدا، تا دەسەڵاتی وڵاتەکە ڕووبەڕووی ئیدانە بکەنەوە و پاشان ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بگرن، بۆیە تاکە ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژییەکان هۆشیاربونی ژنانە لە کایەکانی کۆمەڵگەدا.