ڕۆژئاواو شەڕی پاراستنی ناسنامە
بێری غەریب - نووسەر
لە دوای ساڵی ٢٠١١ەوە، ڕۆژئاوای کوردستان، بوو بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە هەستیارەکانی شەڕ و قەیرانی بەردەوام، کە لەلایەن داگیرکەران و تیرۆرستانی ناوچەکە و جیهان لە دژی خاکی پیرۆزی کوردستان ئاراستە کرابوون و گەورەترین مەترسی بوون لەسەر ژیانی گەنج و ژن و منداڵ، هێرشی مرۆڤ کوژەکانی داعش و کوشتنی سڤیل و دەربەدەربوونیان لە شار و ماڵەکانیان، بەشێوەیەک بوو تەنانەت گەلانی جیهانی هەژاند.
هەر لەسەرەتای مێژووەوە، ئەم خاک و دەڤەرە کە زۆربەی دانیشتووانی کوردن، لەگەڵ پێکهاتە و ئایینەکانی تر بێ کێشە ژیاون و مێژووش ئەو شایەتییە دەدات، وڵاتەکەش لە نێوان شەڕی ناوخۆیی سوریا و هێرشی دەرەکی و یاریی بەشێک لە زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا بە بارودۆخێکی ئالۆزی سەربازیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و برسییەتیدا تێپەڕیوە.
دوای لاوازبوونی دەوڵەتی ناوەندی سوریا لە ناوچەکانی باکوور، وەکو دیفاکتۆ هێزە کوردییەکان دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراند کە لەسەر بنەمای بەشداریکردنی یەکسانی ژن و پیاو و هاوبەشی راستەقینە و دامەزراوەیی بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و تێکشکاندنی هێرشەکانی داعش و .. هتد بوو، ئەم ئەزموونە، سەرنجی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی سوریا راکێشا و بۆ یەکەمین جار، ژن بوو بە پاڵەوان لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی لە دژی تیرۆریزمی جیهانی کرد، ئەم هێزە لە رۆژئاوا بەردەوام رۆڵیان لە تێکشکاندنی تیرۆرستان و بەرگرییدا هەبوو، بەتایبەت لە شاری قارەمانی کۆبانی، لەڕاستیدا لەسەر ئاستی جیهان، ئەم بەرگرییەی کورد، خاڵی وەرچەرخان بوو، نیشانی جیهانی دا کە کورد دەتوانن هێزێکی کاریگەر بن لە شەڕی دژی تیرۆر، هاوکات ئەم ئەزموونە بووە هۆکاری زیاتری ناساندنی نەتەوە و هێزە کوردییەکان لە ئاستی جیهاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا کارەسات لەو ناوچانە روویاندا، هەر لە دەست بەسەرداگرتن و توندوتیژیی دژی دانیشتووانی مەدەنی و کەمبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکان، وەک تەندروستی و خوێندن، بەمەش ژیانی خەڵکی لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوا سەخت بوو، بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی کورد لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان و سوپای شەرع.
بێهەڵوێستی نێوەندە جیهانی و و ئیقلیمییەکان، سەبارەت بە رۆژئاوا، دیوێکی تری کارەساتە مرڤایەتییەکان بوو، چەندین جار کوردیان وەک کارتی گوشار و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکارهێنا، بەبێ ئەوەی مافی کورد لەم مامەڵانەدا پارێزراو بێت. داهاتووی رۆژئاوا، هێشتا ناڕوونە و پرسیارە سەرەکییەکان ئەمانەن: ئایا دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر بەردەوام دەبێت؟ چارەنووسی ناوچە داگیرکراوەکان چی دەبێت؟ ئایا کورد دەتوانن یەکڕیزیی نێوخۆیی بپارێزن؟ ئایا هەڵوێستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چییە؟ ئایا رووبەڕووی لۆزان یان سیڤەرێکی تر دەبینەوە؟ ئایا کاتی لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردستان نەهاتووە؟ ئێمە و ئێوە لە چاوەڕوانی بڕیارە سیاسییەکانی ئایندەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەبین.
شەڕ و بەرگریی لە رۆژئاوا، تەنها شەڕێکی سەربازیی نەبوو، بەڵکو شەڕی مان و نەمانی نەتەوەیەکە بە هەموو خەسڵەتەکانییەوە، هەرچەند رێککەوتن کراوە، بەڵام کورد لەم قۆناغەدا لەنێوان جینۆساید و هیوادا دەژی، ئەزموونی رۆژئاوا هێشتا پێویستی بە پشتگیریی راستەقینە و چارەسەری سیاسی هەیە کە هەموومان کۆششی بۆ دەکەین.