ئەی ژن، ٨ی ئادار، رۆژی تۆ نییە، شنیاریش بخەنە سەر لیستەکە

د. پەروین نوری عارف

 

رۆژی ٨ی ئادار، رۆژی خەبات و هەوڵدانی ژنە، بۆ یەکسانی و ئازادی و بەکەم سەیرنەکردنی ژنان، قوربانییەکان کەم نەبوون، لەلایەن ژنانەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتانە، بەگشتی.

 

یادکردنەوەی رۆژی ٨ی ئادار، وەکوو بارگرانییەکی لێهاتووە! هەندێک فۆرم و نەریت دروستکراوە، کە بە ناڕاست، پێمان بڵێت، لەم وڵاتەی ئێمەدا، ژن رۆڵی گڕنگی هەیە و تەنانەت ئیدیعای یەکسانی دەکرێت!!! زۆر لەو فۆرمانە، لە نووسینی سەر کاغەز، بەولاوە هیچی تر نییە!! لە واقیعدا، ژنکوشتن بووە بە کارێکی فرە ئاسایی، لەزۆر کاتدا سوڵحی عەشایەری خۆشبێت، کی گلەیی دەکات؟! بۆچی ئەو کەیسانە، بگاتە دادگاو یاسا؟!

 

خۆی لە بنەڕەتدا، ملی کچەکان دەکرێن بە پەتیی هاوسەرگیرییەوە، لەتەمەنیکدا نازانن دنیاکەیان چی تیایدا حەشاردراوە، لای مەلایەک مارەیان دەکەن لە کوڕێک، خۆی نازانێت، ژیان چی لێدەوێت!! یان ماڵی باوکیان ژنی بۆ دەخوازن، بۆ ئەوەی عاقڵبێت!!

 

پێت دەڵێن کچ لە تەمەنی ٧ ساڵييەوە، یان ٩ ساڵییەوە، بەفیزیکی توانای بەشوودانی هەیە!! ( ئەی دایکە عایشە، ٩ ساڵ نەبوو؟!) ئیدی کێ هەیە ئەمە ڕەتبکاتەوە!! پزیشکەکەیان وادەڵێت!!!

 

لەلایەکی ترەوە، دەڵێ (ژن کە ناشرین بوو شەرعیش ڕێگا دەدات سەیریبکەیت)!!، من دەپرسم، بێڕێزی بەژن سنووری هەیە یان نا؟!

 

ئیدی بۆچی چاوەڕواننەبین، لیستی کچ و ژنی کوژراو، رۆژ بەرۆژ، ناوی نوێی بچێتە سەر، کێ داکۆکی لەم قەسابخانەیە دەکات؟

پەرلەمان؟

رێکخراوەکان ؟

کێ؟

 

شەرمەزاریی ئەوەیە، لە وڵاتێکدا بژیت، گۆڕستانی هەبێت بۆ ژنە بێناونیشانەکان، وە لەرۆژی ٨ی ئادار، کۆڵوانەکەت بکەیتە کۆڵت، وەگوێ لە کۆمەڵێک پیاوبگریت، باسی مافی ژنت بۆ بکەن!!

 

من لۆمەی دادگا ناکەم، لۆمەی ئەو ژنانە دەکەم، کە مووچەی ملیۆنی وەردەگرن، بۆ جوانکردنی دەسەڵاتێک، کە گوێ نەک بەژنان نادات، بەڵکوو ژیانی لە سەتا ٨٥%ی ئەم میللەتەی بەلاوە وەکوو شتێکی زیادەبێت وایە، نەبوونی باشترە، لە بوونی.

 

ئاساییە، تەرمی خنکاوانی ئیجە و ڕێگای بەریتانیا، لەسەر ئەرکی ئەوان بهێنرێنەوە بۆ ناشتن، لێ ئاسایی نییە گەنجان ببن بە خاوەنکار و پیشەی خۆیان لەفەرمانگەکاندا، پارە نییە بۆ دامەزراندنیان!!

لە دوایدا دەڵێم:

ئەی ژن :

تۆ رۆژت نییە، شانازی پێوە بکەیت .

رۆژت هەیە بخنکێنرێیت.

رۆژت هەیە بسووتێنرێیت

رۆژت هەیە بکوژرێیت

رۆژت هەیە دەستدرێژیت بکرێتە سەر لە تەمەنی ٨ ساڵیدا

رۆژت هەیە لە پارکی دایک، تێرۆر بکرێیت.

رۆژت هەیە لە ئیجەدا بخنکێیت.