ئێران لە بازنەی جەنگ و سزا ئابوورییەکان؛ گۆڕانی ڕێکخستنی ناوچەیی

ماریا کەریمی

ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەم ئێراندا هەیە، چیتر ناتوانرێت تەنها بە چەمکی نەریتی «جەنگ» ڕوون بکرێتەوە؛ جەنگێک کە دەستپێکی دیاریکراوی هەبێت، چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت و دواتر بە واژۆکردنی ئاگربەست کۆتایی بێت. ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە دەوری ئێران دروست بووە، زیاتر لە بازنەیەکی بەردەوامی جەنگی سەربازی، ئاگربەست، فشاری ئابووری، سزا ئابوورییەکان، هەڕەشەی سیاسی، جەنگی زانیاری، فشاری دیپلۆماسی و گەڕانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەچێت.

 

جەنگی دوازدە ڕۆژە یەکەم قۆناغی ئاشکرای ئەم بازنەیە بوو، ماوەی نێوان دوو جەنگ قۆناغێکی تری هەمان ملمڵانێ بوو، جەنگی چل ڕۆژە و قۆناغەکانی دواتری ڕووبەڕووبوونەوە شێوەی سەربازیتر و ئەم قەیرانەیان نیشان دا، و ئێستا جەنگی ئابووریی فرسایشی بووەتە یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم ملمڵانێیە. ئەگەر ئەم ڕەوتە بە دروستی تێبگەین، پرسیاری سەرەکی چیتر ئەوە نییە کە ئایا ئێران لە جەنگی پێشوودا سەرکەوتوو بوو یان شکستیهێنا، یان ئەمریکا و ئیسرائیل چەندە توانای سەربازیی ئێرانیان لەناوبردووە؛ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەم بازنەیە بەرەو کوێ دەچێت و ئایا قۆناغی داهاتووی ئەو گفتوگۆ و ڕێککەوتن دەبێت یان جەنگێکی سەختتر و تەواوتر.

 

جەنگی ١٢ ڕۆژەی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ خاڵێکی وەرچەرخان بوو، چونکە بۆ یەکەم جار لەم ئاستەدا، هەژمارەکانی ئاسایشی ئێران و ڕکابەرەکانی لە جەنگێکی ڕاستەوخۆدا تاقیکرانەوە. لە کۆتایی ئەو جەنگە هیچ کام لە لایەنەکان نەیتوانی بە تەواوی لایەنی بەرامبەر ناچار بە قبوڵکردنی خواستەکانی خۆی بکات. ئێران زیانێکی قورس لەگەڵ خۆی برد، بەشێک لە ژێرخانی سەربازی و ناوەندی ناوکییەکانی زیانیان پێگەیشت و لاوازییەکانی لە پێکهاتەی بەرگری و بازدارندەیی ئاشکرا بوون؛ بەڵام کۆماری ئیسلامی هەر مایەوە، پێکهاتەی سیاسییەکەی نەڕووخا و توانای وەڵامدانەوەی سەربازییەکەی بە تەواوی لەنێونەچوو. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش نەیانتوانی بە ئۆپەراسیۆنێکی کورت کێشەی ئێران بۆ هەمیشە چارەسەر بکەن. بۆیە ئەو جەنگە دەبێت نەک وەک سەرکەوتنی تەواوی یەک لایەن، بەڵکو وەک کۆتایی قۆناغێک و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ سەیر بکرێت؛ قۆناغێک کە هەردوو لایەن تێگەیشتن کە ناتوانرێت بە ئاسانی یەکێکیان لە مەیدان دەرکرێت.

گرنگیی ماوەی نێوان جەنگی ١٢ ڕۆژەو جەنگی دواتریش لە هەمان شوێندایە

 لە کۆتایی جەنگ لە ٢٤ی ژوئینی ٢٠٢٥ تا دەستپێکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەی دواتر لە ٢٨ی فێبریوەری ٢٠٢٦، نزیکەی ٢٤٩ ڕۆژ ماوە هەبوو، بەڵام نابێت ئەم ماوەیە بە ماوەی ئاشتیی ڕاستەقینە دابنرێت. ڕەنگە مووشەکان بۆ ماوەیەک بێدەنگ بووبن، بەڵام جەنگ بە شێوەکانی تردا بەردەوام بوو: فشاری ئابووری، سزا ئابوورییەکان، بنیاتنانەوەی توانای سەربازی، هەڕەشە سیاسییەکان، هەوڵدان بۆ گۆڕینی هەژمارەکانی ئێران، فشاری دیپلۆماسی و ئامادەکاری بۆ ئەگەری قۆناغێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوە. بۆیە یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکان بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێران ئەوەیە کە «ماوەی نێوان دوو جەنگ بە پێویستی ماوەی نێوان دوو قەیران نییە؛ هەندێک جار خۆی ماوەی نێوان دوو جەنگ قۆناغێکە لە جەنگ». جەنگ دەتوانێت شێوەکەی بگۆڕێت، بەبێ ئەوەی لۆجیکی سەرەکیی ملمڵانێ بگۆڕێت.

 

لە هەمان ڕوانگەوە، جەنگی چل ڕۆژە و قۆناغەکانی دواتری نابێت تەنها وەک جەنگێکی جیاواز سەیر بکرێن. ئەم قۆناغە نیشانی دا کە ملمڵانێکەوتووەتە ئاستێکی فرسایشیتر. لە جەنگی فرسایشی‌دا کێشەکە تەنها لەناوبردنی کەرەستەکانی دوژمن نییە؛ بەڵکو توانای بەرگەگرتنی تێچوونەکانە. کێ دەتوانێت تێچووی زیاتر بگرێت؟ کێ دەتوانێت کەرەستە و هێزەکانی خۆی خێراتر نۆژەن بکاتەوە؟ کێ دەتوانێت ئابووریی خۆی لە دۆخی جەنگدا بپارێزێت؟ کێ دەتوانێت کۆمەڵگاکەی لە ڕووخانی دەروونی و ئابووری دوور بگرێتەوە؟ و لە هەموو گرنگتر، کێ زووتر بەم ئەنجامە دەگات کە بەردەوامبوونی جەنگ لە قازانجەکانی زیاتر تێچووی هەیە؟

ئەم پرسیارە ئێستا گرنگییەکی زیاتر هەیە، چونکە لە ٣٠ و ٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٦دا دووبارە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان ئەمریکا و ئێران توندتر بووەتەوە. ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر ئامانجەکانێک لە نزیک تەنگەی هۆرموز و ئێرانیش لە وەڵامدا مووشەی بۆ شوێنەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هاویشتووە. لە هەمان کاتدا واشنگتن فشاری ئابووریی زیاد کردووە و وەزیری داراییی ئەمریکا لەسەر توندکردنەوەی سزا ئابوورییە لاوەکییەکان دژی تۆڕە دارایییەکانی ئێران قسەی کردووە. بۆیە ئێستا دوو مەیدانی جەنگ لە هەمان کاتدا چالاکن: مەیدانی سەربازی و مەیدانی ئابووری.

 

لەو دۆخەدا، چەمکی «جەنگی ئابووریی کوشندە» گرنگییەکی تایبەتی هەیە. سزا ئابوورییەکان کاتێک لە ئامرازێکی سنوورداری ئابوورییەوە دەبنە جەنگی ئابووری کە ئامانج تەنها سزا دانی چەند کەسێک یان دامەزراوەیەک نەبێت، بەڵکو توانای وڵاتێک بۆ فرۆشتنی نەوت، گواستنەوەی پارە، دەستگەیشتن بە بانکەکان، کڕینی تەکنەلۆجیا، بیمە، کەشتیوانی، هاوردەکردنی کەرەستەی سەرەتایی و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکانی بە شێوەیەکی فراوان سنووردار بکرێت. ئەمریکا لە ئاگۆستی ٢٠٢٦ کۆمەڵێک سزای نوێی پەیوەندیدار بە بەشی نەوت، پەتڕۆکیمیا، کڕینە سەربازییەکان، تەکنەلۆجیا، کەشتیوانی و تۆڕە دارایییەکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە. بۆیە فشاری ئابووری چیتر ئامرازێکی لاوەکی نییە؛ بەشێکە لە ستراتیژیی سەرەکیی فشار لەسەر تاران.

 

بەڵام جەنگی ئابووری جیاوازییەکی سەرەکی لەگەڵ جەنگی سەربازی هەیە. لە جەنگی سەربازیدا، زیان لە بینایەک، پالایشگا، بنکەی سەربازی یان ناوەندێکی سەربازی دەبینرێت؛ بەڵام سزا ئابوورییەکان ڕەنگە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا دەربکەون: لە کەمبوونەوەی بەهای دراو، زیادبوونی نرخی خواردن، کەمبوونەوەی وەبەرهێنان، کەمبوونەوەی هەندێک کاڵا، کۆچی هێزی پسپۆڕ، کەمبوونەوەی توانای کڕین و قورس بوونی دابینکردنی تێچووی خێزان. بۆیە جەنگی ئابووری ئەگەر درێژخایەن بێت، دەتوانێت لە ئامرازێکی فشار دژی حکومەتەوە ببێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. لێرەدا حکومەت ڕەنگە بتوانێت بەشێک لە فشارەکە بەرگە بگرێت، بەڵام کۆمەڵگا تێچووی ئەوە لە ژیانی ڕۆژانەیدا دەدات.

 

بەڵام نابێت وا بیر بکرێتەوە کە سزا ئابوورییەکان بە شێوەیەکی خۆکار حکومەتی ئێران ناچار بە تسلیم دەکەن. کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا نیشانی داوە کە دەتوانێت بەشێک لە سزا ئابوورییەکان بخاتە دەرەوە، ڕێگای بازرگانیی جێگرەوە دروست بکات و پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی وەک چین و هاوبەشانی ناوچەیی بپارێزێت. بۆیە کێشەی سەرەکی تەنها توانای ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت یان خۆدزینەوە لە سزا ئابوورییەکان نییە؛ بەڵکو ئەوەیە کە تێچووی ئەم کارە تا چ ئاستێک زیاد دەکات و چەندە لە توانای ئابووریی وڵات بەکاردەهێنێت. ئەگەر ئێران بۆ پاراستنی داهاتەکانی ناچار بێت نەوت بە داشکاندنێکی زیاتر بفرۆشێت، ڕێگای داراییی ئاڵۆزتر بەکاربهێنێت و تێچووی زیاتر بۆ بیمە، گواستنەوە و ناوبژیوانەکان بدات، تەنانەت ئەگەر بتوانێت هەناردەکە بەردەوام بکات، ئابووریی وڵات دەچێتە قۆناغێکی فرسایش.

 

ئێران بۆ پاراستنی هێزی ناوچەییی خۆی پێویستی بە سەرچاوەی ئابووری هەیە، بەڵام فشاری ئابووری ئەو سەرچاوانە کەم دەکات؛ لە ئەنجامدا هەرچەندە فشاری دەرەکی زیاتر بێت، پاراستنی تۆڕە ناوچەییەکان تێچووی زیاتر دەخوازێت. ئەمە ئێمە دەگەیەنێتە گۆڕانکارییەکانی سوریا، عێراق، لوبنان و کێشەی کورد. ئێران لە دەیەکانی ڕابردوودا توانیبووی تۆڕێک لە کاریگەریی ناوچەیی دروست بکات کە بۆ سیاسەتی ئاسایشی ئەو گرنگییەکی چارەنووسساز هەبوو. بەڵام ژینگەی دەوروبەری ئێران ئێستا وەک جاران نییە. ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد و دروستبوونی ڕێکخستنی سیاسیی نوێ لە سوریا، گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندییەکانی ناوچەیی عێراق، گۆڕانکارییەکانی لوبنان و ڕەوتە نوێکانی تورکیا و کێشەی کورد، هەموویان لە کەمکردنەوە یان گۆڕینی ژینگەی ستراتیژیی پێشووی ئێراندا کاریگەرن.

سووریا لەم نێوانەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە 

سووریا بۆ تاران تەنها هاوپەیمانێکی سیاسی نەبوو؛ بەشێک بوو لە قووڵایی ستراتیژیی ئێران لە بەرامبەر ئیسرائیل و ڕێگای پەیوەندیی ئەو بە لوبنان. گۆڕانی ڕێکخستنی سیاسی سوریا واتە ئێران چیتر لەگەڵ هەمان ئەو ژینگەیە ڕووبەڕوو نییە کە پێش ٢٠٢٤ لەگەڵی ڕووبەڕوو بوو. لە ئاگۆستی ٢٠٢٦دا ئەمریکا هەروەها هەواڵی کەمکردنەوەی هەندێک سزا ئابوورییەکانی سوریا و گۆڕینی ڕوانگەی خۆی بەرامبەر حکومەتی نوێی دیمەشق داوە؛ ئەمەش نیشان دەدات سوریا بەرەو ڕێکخستنێکی جیاواز لە ڕابردوو دەچێت.

 

لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاشدا گۆڕانکارییەکی دیکە ڕوویداوە کە بۆ ئێران گرنگە. هێزە دیموکراتەکانی سوریا، کە بەشێکی گرنگی پێکهاتەی کوردیی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بوون، لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوە و یەکخستن لەگەڵ پێکهاتەی حکومەتی سوریا دان. تورکیاش پشتگیریی ئەم ڕەوتەی کردووە و ئەوی بە هەنگاوێک بەرەو «یەک دەوڵەت و یەک سوپا» لە سوریا داناوە. ئەم گۆڕانکارییە بە مانای کۆتایی هاتنی تەواوی کێشەی کورد نییە، چونکە هێشتا کێشەی مافە سیاسی و کەلتوورییەکانی کورد و شێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لە ئارادان، بەڵام نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژینگەی کوردیی سوریا دەدات.

 

لەوێدا کێشەی نوێی تورکیا گرنگ دەبێت. ئەگەر تورکیا بەڕاستی لە سیاسەتی تەنها سەربازی لە بەرامبەر کوردەکانەوە بەرەو ڕێکخستنێکی سیاسی ـ ئاسایشی بڕوات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە قۆناغێکی جیاواز. ڕەوتی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی PKK و هەوڵدان بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیی نوێ، لەگەڵ پرسیاری یەکخستنی پێکهاتە کوردییەکانی سوریا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، نیشان دەدات ئەنقەرە بەدوای گۆڕینی قەیرانێکی چەند دەیەییەوە بۆ کێشەیەکی بەڕێوەبردراو دەگەڕێت.

 

بۆ ئێران، ئەم گۆڕانکارییە دوو رووی هەیە. ئەگەر کێشەی کورد لە تورکیا ، سوریا بەرەو چارەسەرێکی سیاسی جێگیر بڕوات، ڕەنگە پێکدادان و ململانێی سەربازی لە سنوورەکانی باکووری ئێران کەم ببێتەوە.

 

بەڵام ئەگەر کوردەکان لە تورکیا، سوریا و عێراق لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانەدا دەست بە مافە سیاسی و دامەزراوەییە زیاتر بکەن، ژینگەی دەوروبەری ئێرانیش لە ڕووی کێشەی نەتەوەیی و ناسنامەییەوە دەگۆڕێت. ئێران ناتوانێت گۆڕانکارییەکانی کوردەکان تەنها لە ڕوانگەی ئاسایشییەوە ببینێت، چونکە کێشەی کورد ئێستا بووەتە یەکێک لە توخمە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ناوچە. ئەوەی لە تورکیا، سوریا و عێراق ڕوودەدات، ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەژمارە سیاسییەکانی کوردەکانی ئێرانیش دابنێت؛ نەک بە پێویستی بە مانای گواستنەوەی ڕاستەوخۆی مۆدێلێکی سیاسی، بەڵکو لە ڕێگەی گۆڕینی تێڕوانینی گشتی دەربارەی پەیوەندی نێوان ناسنامەی کوردی، دەوڵەتی ناوەندی و مافە سیاسییەکان.

 

تورکیا لەم نێوانەدا تەنها بەدوای چارەسەرکردنی کێشەی ناوخۆی خۆیەوە نییە. ئەگەر ئەنقەرە بتوانێت کێشەی کورد بەڕێوەببات، سوریا لە ناوچەی کاریگەریی خۆیدا بپارێزێت و پەیوەندییە ئابووری و ئاسایشییەکانی لەگەڵ عێراق فراوانتر بکات، شوێنی تورکیا وەک یەکێک لە هێزە ناوچەییە سەرەکییەکان بەهێزتر دەبێت. ئەمە بۆ ئێران گرنگە، چونکە لەم دۆخەدا تورکیا دەتوانێت لە هەمان کاتدا لە باکووری سوریا، عێراق، قەفقاز و تەنانەت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئاسیای ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی چالاکتر ببینێت. بۆیە ئێران ڕەنگە تەنها لەگەڵ فشاری ئەمریکا و ئیسرائیل نەبێت، بەڵکو لەگەڵ ژینگەیەکی ناوچەیی ڕووبەڕوو بێتەوە کە تێیدا تورکیا، وڵاتە عەرەبییەکان و حکومەتە نوێکانی سوریا و عێراق، هەر یەکەیان بەدوای زیادکردنی سەربەخۆیی خۆیان لە تاران بن.

 

عێراق لەم هاوکێشەیەدا شوێنێکی تایبەتی هەیە. عێراق بۆ ئێران دراوسێ، هاوبەشی ئابووری، ژینگەی کاریگەریی سیاسی و بەشێکە لە قووڵایی ئاسایشیی ئەو؛ بەڵام لە هەمان کاتدا عێراق نایەوێت ببێتە مەیدانی جەنگێکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا. بەغدا لەژێر فشاردا بووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە گۆڕینی خاکی عێراق بۆ سەکۆی هێرش دژی هێزە ئەمریکییەکان یان وڵاتانی ناوچە بکات، لە کاتێکدا بەشێک لە هێزە سیاسی و چەکدارەکانی عێراق پەیوەندیی مێژوویی و ئاسایشیی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە. بۆیە داهاتووی عێراق دەتوانێت بۆ ئێران زۆر چارەنووسساز بێت: ئەگەر بەغدا بتوانێت سیاسەتێکی دەرەوەی هاوسەنگتر بگرێتەبەر، کاریگەریی ڕاستەوخۆی تاران سنووردارتر دەبێت؛ ئەگەر عێراق دووبارە بکەوێتە ناو بازنەی درگیری، ئێران ڕەنگە بەشێک لە فشاری سەربازی لە سنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا تێچووی ناوچەییی زیاتر دەدات.

 

هەرێمی کوردستانی عێراقیش لەم نێوانەدا گرنگییەکی دووچندان هەیە. هەرێم لە خاڵی یەکگرتنی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا دایە و لە صورتێکی نوێی ڕێکخستنی ناوچەییدا دەتوانێت گرنگیی ژێئۆپۆلیتیکیی زیاتر پەیدا بکات. بۆ ئێران، ئەمە واتای ئەوەیە کە ژینگەی باکوور ـ ڕۆژئاوای وڵات ڕەنگە زیاتر لە جاران لە ژێر کاریگەریی ڕکابەری نێوان تاران و ئەنقەرە و هەروەها سیاسەتەکانی ئەمریکا بێت. لەم ڕووەوە، کێشەی کورد ناتوانرێت لە کێشەی ئێران جیا بکرێتەوە؛ هەروەها ناتوانرێت داهاتووی سوریا و عێراق لە داهاتووی جەنگی ئێران جیا بکرێتەوە.

 

لەگەڵ هەموو ئەم گۆڕانکارییە ناوچەییانەدا، هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی ئەمریکا لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٦یش دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی جەنگ دابنێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە کۆماریخوازەکان لە کۆنگرەدا چ دۆخێکیان دەبێت و ئایا ترامپ پشتگیریی سیاسیی پێویستی بۆ بەردەوامبوونی سیاسەتی خۆی بەرامبەر ئێران هەیە یان نا. ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە جەنگی ئێران زیاتر لە شەش مانگە بەردەوام بووە و تێچووی وزە و ئابووریی ئەو جەنگە بووەتە یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکا. ڕاپۆرتە نوێکان نیشان دەدەن کە جەنگی ئێران کاریگەری لەسەر مەحبوبیەتی ترامپ و دۆخی کۆماریخوازەکان داناوە و هەندێک کۆماریخواز لە ناوچە هەڵبژێردراوە پڕ ڕکابەرییەکاندا هەوڵیان داوە دووریی زیاتر لە سیاسەتە جێی مشتومڕەکانی سەرۆک کۆمار بگرن.

 

ئەگەر کۆماریخوازەکان بتوانن لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستدا دۆخی خۆیان بپارێزن، ترامپ ڕەنگە ئازادیی سیاسیی زیاتر بۆ بەردەوامبوونی سیاسەتی فشار دژی ئێران هەبێت؛ بەڵام ئەمە بە پێویستی واتای دەستپێکردنی جەنگێکی تەواو نییە. بە پێچەوانەوە، ئەگەر ترامپ هەست بکات فشاری ئابووری و سەربازی بە ئەندازەی پێویست ئێرانی لاواز کردووە، ڕەنگە هەوڵ بدات لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی سیاسییەوە ئەنجامی جەنگەکە بکاتە «سەرکەوتنێک». ترامپ لە سیاسەتی دەرەوەدا حەزی لەوەیە ئەنجامێکی قابل‌پیشاندان بە دەنگدەران بدات و کۆتاییهێنان بە جەنگێکی درێژخایەن دەتوانێت لەم ڕووەوە بۆی بەهادار بێت. بەڵام ئەگەر کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردندا شکستێکی قورس بخۆن، دوو وەڵامی جیاواز ئەگەری هەیە: ترامپ ڕەنگە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی سیاسیی جەنگ بەرەو گفتوگۆ و ڕێککەوتن بچێت، یان بۆ نیشاندانی هێز و گۆڕینی کەشوهەوای سیاسی، سیاسەتێکی سەربازیی توندتر بگرێتەبەر. هیچ کام لەم دوو ئەگەرییە دڵنیانین.

 

بۆیە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاست نابێت وەک تاکە هۆکاری دیاریکەر سەیر بکرێن، بەڵکو یەکێکە لە گۆڕاوە گرنگەکانی هەژمارکردنی داهاتووی جەنگ. نرخی نەوت، دۆخی تەنگەی هۆرموز، ئاستی زیانی ئابووریی ئەمریکا، بۆچوونی گشتی، یەکڕیزیی کۆماریخوازەکان، توانای ئێران بۆ بەردەوامبوونی جەنگ و دۆخی ئیسرائیل، هەموویان کاریگەری لەسەر بڕیاری واشنگتن دەکەن. جەنگ ئێستا بووەتە کێشەیەکی ناوخۆیی بۆ ئەمریکاش. کاتێک نرخی سووتەمەنی بەرز دەبێتەوە، جەنگ چیتر تەنها بابەتێکی سیاسەتی دەرەوە نییە؛ دەبێتە بابەتێک پەیوەندیدار بە ژیانی ڕۆژانەی دەنگدەران. ڕاپۆرتە نوێکانیش نیشان دەدەن کە وزە و نرخی سووتەمەنی بووەتە یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاست.

 

لەو دۆخەدا، ئەگەر ترامپ بتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستدا کۆماریخوازەکان لە شکستێکی گەورە ڕزگار بکات، پەیامی سیاسیی ئەوە ئەگەری هەیە ئەو بێت کە سیاسەتی فشار هێشتا بۆ بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئەمریکا قبوڵکراوە. لەو صورتەدا ڕەنگە فشار لەسەر ئێران بەردەوام بێت، بەڵام جۆری فشارەکە گرنگە. ترامپ ڕەنگە لەبری جەنگێکی تەواو، تێکەڵەیەک لە سزا ئابوورییە لاوەکییەکان، فشار لەسەر هەناردەی نەوت، کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکانی دارایی، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سنووردار و هەڕەشە بە هێرش هەڵبژێرێت. ئەم مۆدێلە، هەمان جەنگی تێکەڵەییە کە ئێستا لە دروستبووندایە: جەنگێک کە تێیدا فڕۆکە و مووشە لەگەڵ بانک و سزا ئابووری و دیپلۆماسی لە تەنیشت یەکتر دادەنرێن.

 

بەڵام ئەگەر کۆماریخوازەکان شکست بخۆن، کێشەکە بۆ ترامپ ئاڵۆزتر دەبێت. بەردەوامبوونی جەنگ ڕەنگە ببێتە یەکێک لە هۆکارەکانی شکستە انتخاباتییەکە و جۆرە جیاوازەکانی حیزبی کۆماریخواز ڕەنگە داوای کەمکردنەوەی پابەندبوونە سەربازییەکان بکەن. لەم دۆخەدا، گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەتوانێت نەک لە موضعی لاوازی، بەڵکو وەک ڕێگای دەرچوون لە جەنگێکی گران و پڕتێچوو باس بکرێت. لە لایەکی دیکەوە، ترامپ ڕەنگە بیەوێت پێش هەڵبژاردن یان دوای ئەوە بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە ئەنجامێکی خێرا بەدەستبهێنێت و کەشوهەوای سیاسی بگۆڕێت. هەر ئەمەش وای کردووە پێشبینیکردنی ڕەفتاری ئەمریکا قورس بێت.

 

لە لایەن ئێرانیشەوە دۆخەکە هەمان ئاڵۆزییەی هەیە

ئەگەر تاران وا هەست بکات کە دەتوانێت فشاری ئابووری بۆ ساڵانی درێژ بەرگە بگرێت و هێشتا توانای سەربازی و ناوچەییی خۆی بپارێزێت، ڕەنگە بە خۆڕاگری بەردەوام بێت. بەڵام ئەگەر فشاری ئابووری لەگەڵ کەمبوونەوەی قووڵایی ستراتیژی، کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، گۆڕانی دۆخی سوریا و عێراق و زیادبوونی فشاری کۆمەڵایەتی هاوکات بێت، هەژمارکردنی تێچوو ـ قازانج بۆ تاران دەگۆڕێت. لەو کاتەدا گفتوگۆ بە پێویستی بە مانای تسلیمبوون نییە؛ ڕەنگە وەک ڕێگایەک بۆ نۆژەنکردنەوەی توانای ناوخۆ و پاراستنی پێکهاتەی سیاسی سەیر بکرێت.

 

لێرەدا دەبێت باس لەو پرسیارە بکرێت کە لەوانەیە لە هەموویان گرنگتر بێت: کۆمەڵگای ئێران. هەر جەنگێک لە کۆتاییدا تەنها بە ژمارەی مووشە و فڕۆکە پێوانە ناکرێت؛ بەڵکو بە ئاستی ئەو زیانەش دەبێت پێوانە بکرێت کە بە ژیانی خەڵک دەگات. ژنان و منداڵان لەم نێوانەدا تەنها قوربانیی لاوەکیی جەنگ نین، بەڵکو گرنگترین نیشاندەرە کۆمەڵایەتییەکانی تێچووی جەنگن. ئەو ژنانەی کە بەهۆی کوژران یان برینداربوونی ئەندامانی خێزانەکانیان بارێکی زیاتر لە چاودێری و دابینکردنی ژیان لەسەر شانیان دەکەوێت، ئەو منداڵانەی قوتابخانە و ئاسایشی خۆیان لەدەست دەدەن، ئەو خێزانانەی ناچار دەبن کۆچ یان جێگۆڕکێ بکەن و ئەو نەوەیەی داهاتووی خۆی لە نێوان جەنگ و سزا ئابوورییەکاندا دەبینێت، ڕاستیی مرۆیی ئەم ملمڵانێیە نیشان دەدەن.

 

ئەگەر جەنگی ئابووری بەردەوام بێت، فشار لەسەر ژنان و منداڵان دەتوانێت تەنانەت بەبێ هێرشی سەربازی زیاد بکات. هەڵاوسان، کەمبوونەوەی توانای کڕین، قورس بوونی دەستگەیشتن بە هەندێک کاڵا، کەمبوونەوەی داهاتی خێزان و نائاساییی کار، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێکهاتەی خێزان دادەنێن. منداڵ ڕەنگە هەرگیز مووشەیەک نەبینێت، بەڵام ڕەنگە لە خوێندنی باش، خواردنی گونجاو یان هەستی ئاسایش بێبەش بکرێت. ژن ڕەنگە لە هێڵی پێشەوەی جەنگ نەبێت، بەڵام ڕەنگە هەموو بارەکانی ژیانی خێزانێک لەسەر شانی بێت کە جەنگ لە ڕووی ئابووری و مرۆییەوە فرسایشی کردووە. بۆیە ئەگەر بەڕاستی بیەوێت باس لە «سەرکەوتن» یان «شکست» لە جەنگ بکەین، دەبێت بزانین ئەم جەنگە چی بەسەر ژیانی خەڵکدا هێناوە.

 

ئێران لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا لەگەڵ مەترسییەکی گەورەتریش ڕووبەڕووە: فراوانبوونی ستراتیژی. وڵاتێک کە لە هەمان کاتدا دەیەوێت لەبەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل خۆڕاگر بێت، کاریگەریی ناوچەییی خۆی بپارێزێت، پشتگیریی هاوپەیمانەکانی بکات، توانای مووشەیی و ناوکیی خۆی نۆژەن بکاتەوە و ئابووریی سزا لێدراوی خۆی بەڕێوەببات، پێویستی بە سەرچاوەیەکی زۆر گەورە هەیە. ئەگەر ئەم سەرچاوانە کەم ببنەوە، دووری نێوان ئامانجە ستراتیژییەکان و توانای ڕاستەقینەی وڵات زیاد دەکات.

ئەمە هەمان ئەو شوێنەیە کە دەسەڵاتی دەرەکی و دەسەڵاتی ناوخۆ دەتوانن بە یەکترەوە ببەسترێنەوە: هەرچەندە تێچووی پاراستنی تۆڕە ناوچەییەکان زیاتر بێت، فشاری ناوخۆیی ئابووری زیادتر دەبێت؛ و هەرچەندە فشاری ناوخۆیی ئابووری زیاتر بێت، حکومەت بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی سیاسی ڕەنگە زیاتر پشت بە ئاسایشی‌کردنی بوارە ناوخۆییەکە ببەستێت.

 

جەنگی ئابووری دەتوانێت نەک تەنها ئابووریی ئێران، بەڵکو پێکهاتەی سیاسیی ئەویش کاری تێ بکات. بەڵام دووبارە نابێت ئەنجامێکی سادە بدرێت کە سزا ئابوورییەکان بە دڵنیایی دەبنە هۆی ڕووخانی حکومەت. ڕەنگە حکومەت بۆ ماوەیەکی درێژ لە دۆخی فشاردا بمێنێتەوە و تێچووی ئەوە بۆ کۆمەڵگا بگوازێتەوە. بۆیە مەترسیی سەرەکی لەوانەیە ڕووخانی خێرا نەبێت، بەڵکو فرسایشی هێواش بێت؛ فرسایشی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، فرسایشی ئابووری، فرسایشی هیوای ژیان، کۆچی شارەزایان و گۆڕینی قەیران بۆ دۆخێکی ئاسایی.

ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، چوار ڕێگای سەرەکی بۆ داهاتووی ئێران دەتوانرێت خەیاڵ بکرێت. یەکەم، ڕێککەوتنی سیاسی و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە؛ واتە فشاری سەربازی و ئابووری لە کۆتاییدا هەردوو لایەن بگەیەنێت بەم ئەنجامە کە تێچووی بەردەوامبوونی جەنگ لە قازانجەکانی زیاترە. دووەم، جەنگی ئابووریی درێژخایەنە؛ نە ئێران تسلیم دەبێت و نە ئەمریکا و ئیسرائیل دەگەڕێنەوە بۆ جەنگێکی تەواو، و لە ئەنجامدا سزا ئابووری، هەڕەشە، گفتوگۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی سنووردار بۆ ساڵان بەردەوام دەبن. سێیەم، جەنگی سنووردار و دووبارەبووەوەیە؛ هێرشە سەربازییەکان لە ماوەی جیاوازدا دووبارە دەبنەوە، بەڵام هیچ کام لە لایەنەکان ناچنە ناو جەنگێکی تەواو. چوارەم، مەترسیدارترین سیناریۆ، گەڕانەوە بۆ جەنگێکی فراوانترە؛ ئەو کاتەی فشاری ئابووری و سیاسی بگاتە خاڵێک کە یەکێک لە لایەنەکان وا هەست بکات تەنها ڕێگای گۆڕینی هەژمارەکانی لایەنی بەرامبەر بەکارهێنانی بەرفراوانتری هێزی سەربازییە.

 

ئەگەری هەر یەک لەم سیناریۆیانە بە چەند هۆکارێک پەیوەستە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی ئەمریکا، دۆخی نرخی وزە، ئاستی بەرگەگرتنی کۆمەڵگای ئەمریکا لە جەنگ، توانای ئابووریی ئێران، دۆخی تەنگەی هۆرموز، گۆڕانکارییەکانی سوریا و عێراق، ڕێڕەوی کێشەی کورد لە تورکیا و سوریا، ئاستی یەکڕیزیی ناوخۆی ئێران و لە هەمووی گرنگتر، ئەوەی ئایا تاران و واشنگتن لە کۆتاییدا بەم ئەنجامە دەگەن کە ڕێککەوتنێکی ناتەواو باشترە لە جەنگێکی بێکۆتایی یان نا.

 

لەوانەیە گرنگترین گۆڕانکاری لە دۆخی ئێستادا ئەوە بێت کە هیچ کام لە لایەنەکان چیتر ناتوانێت تەنها بە سەرکەوتنی سەربازی بگات بە ئامانجی کۆتایی خۆی. ئەمریکا دەتوانێت ژێرخانەکانی ئێران بکاتە ئامانج، بەڵام ناتوانێت تەنها بە بۆمبارانکردن ڕێکخستنێکی سیاسیی جێگیر لە ئێران دروست بکات. ئێران دەتوانێت بە مووشە و درۆن وەڵام بداتەوە و تێچووی بەرامبەرەکەی زیاد بکات، بەڵام ناتوانێت تەنها بە خۆڕاگریی سەربازی ئابووریی خۆی لە فشاری جیهانی ڕزگار بکات. ئیسرائیل دەتوانێت تواناکانی سەربازیی ئێران لاواز بکات، بەڵام ناتوانێت بە تەنها داهاتووی سیاسیی ئێران دیاری بکات. تورکیا دەتوانێت لە سوریا و کێشەی کورد کاریگەریی خۆی زیاد بکات، بەڵام ناتوانێت هەموو گۆڕانکارییە کوردییەکانی ناوچە کۆنترۆڵ بکات. بۆیە هیچ یاریزانێک بە تەنها خاوەنی هەموو تەختەی شەترەنجەکە نییە.

 

لەوێوە دەتوانین بگەینە ئەنجامی سەرەکی: جەنگی داهاتووی ئێران لەوانەیە تەنها جەنگی مووشەکان نەبێت؛ جەنگی داهاتوو جەنگی تواناکانە. توانای ئابووری، توانای کۆمەڵایەتی، توانای سیاسی، توانای سەربازی و توانای دیپلۆماسی. هەر لایەنێک بتوانێت ئەم توانایانە باشتر بپارێزێت، لە دۆخێکی باشتر دەبێت. ئەگەر ئێران بتوانێت ئابووریی خۆی نۆژەن بکاتەوە، پەیوەندییە ناوچەییەکانی هاوسەنگتر بکات و ڕێگری لەوە بکات کە هەموو ناکۆکییە دەرەکییەکان ببنە کێشەی ئاسایشی، دەتوانێت فشارەکان کەم بکاتەوە. بە پێچەوانەوە، ئەگەر هەموو سەرچاوەکانی خۆی لە جەنگێکی هەمیشەیی بەکاربهێنێت، ڕەنگە بەبێ ئەوەی لە مەیدانی سەربازیدا شکستێکی تەواو بخوات، لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە فرسایشی ببێت.

 

لە کۆتاییدا، داهاتووی ئێران تەنها لە مەیدانی جەنگدا دیاری ناکرێت، بەڵکو لەو بڕیارانەش دیاری دەکرێت کە دوای جەنگ وەردەگیرێن. ئەگەر ئاگربەست تەنها دەرفەتێک بێت بۆ ئامادەبوون بۆ جەنگی داهاتوو، جەنگی ئابووریش تەنها قۆناغێک دەبێت لە نێوان دوو جەنگی سەربازی. بەڵام ئەگەر ئاگربەست ببێتە دەستپێکی گفتوگۆی ڕاستەقینە، کەمکردنەوەی ئاڵۆزی، نۆژەنکردنەوەی ئابووری و پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان، ئەوا ئەم بازنەیە دەتوانێت بوەستێت. پرسیاری سەرەکی هەر ئەوەیە: ئایا ئاگربەست کۆتایی جەنگە، یان تەنها ماوەیەکە بۆ جەنگی داهاتوو؟

 

ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەم ئێراندا هەیە، هەڵبژاردنێکی مێژوویییە لەنێوان «بەردەوامبوونی بازنە» و «شکاندنی بازنە». بەردەوامبوونی بازنە واتە جەنگی سەربازی، ئاگربەست، سزا ئابووری، فشاری ئابووری، خۆڕاگری، هێرشی سنووردار، وەڵامی سەربازی و دواتر گەڕانەوە بۆ جەنگ. شکاندنی بازنە واتە قبوڵکردنی ئەوەی هیچ لایەنێک ناتوانێت لایەنی بەرامبەر بە تەواوی بسڕێتەوە و بۆیە دەبێت ڕێگایەک بۆ ژیانکردن لەگەڵ ڕاستیی هێزی لایەنی بەرامبەر بدۆزرێتەوە. ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە ڕوونەدات، ڕەنگە جەنگی دوازدە ڕۆژە و جەنگی چل ڕۆژە تەنها دوو بەشی سەرەتاییی ملمڵانێیەکی زۆر درێژخایەنتر بن؛ ملمڵانێیەک کە تێیدا هەر جار شێوەی جەنگ دەگۆڕێت، بەڵام تێچووی ئەوە بە هێواشی دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگا.

 

لەو داهاتووەدا، ژنان و منداڵان لەوانەیە ڕاستگۆترین پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی جەنگ بن. ئەگەر دوای ساڵانێک جەنگ، منداڵان ئاسایش و داهاتوویەکی باشتر نەیان هەبێت، ئەگەر ژنان بارێکی قورستر لە هەژاری و نائاسایی هەڵبگرن و ئەگەر کۆمەڵگا لە هیوای داهاتوو بەتاڵ ببێت، بانگەشەی سەرکەوتنی سەربازیی هەر لایەنێک ناتوانێت ڕاستیی شکستی کۆمەڵایەتی بشارێتەوە. جەنگ ڕەنگە لە نەخشە سەربازییەکاندا بە سەرکەوتنی یەک لایەن کۆتایی بێت، بەڵام لە ژیانی خەڵکدا ساڵانێک بەردەوام بێت.

 

لەو ڕوانگەیەوە، پرسیاری کۆتایی چیتر ئەوە نییە کە ئێران لە جەنگی داهاتوودا چەند مووشەی دەبێت، ئەمریکا چەند فڕۆکە دەنێرێت یان ئیسرائیل چەندە لە ژێرخانەکانی ئێران دەکاتە ئامانج. پرسیاری بنەڕەتیتر ئەوەیە کە کام لایەن زووتر تێدەگات کە بەردەوامبوونی ئەم ڕێگایە چیتر بە قازانجی ئەو نییە. ئەگەر تاران ئەم هەژمارە زووتر بکات، دەتوانێت بەشێک لە فشاری ئابووری و سیاسی بگۆڕێت بۆ دەرفەتی نۆژەنکردنەوە. ئەگەر واشنگتن و ئیسرائیل ئەم هەژمارە بکەن، ڕەنگە لەبری هەوڵدان بۆ تسلیمکردنی تەواوی ئێران، بەرەو ڕێککەوتنێکی سنووردار بەڵام جێگیر بڕۆن. بەڵام ئەگەر هیچ کام لەم هەژمارەیە قبوڵ نەکات، ئەگەری ئەوەی جەنگی ئابووری دووبارە ببێتە جەنگێکی سەربازیی گەورەتر زیاد دەکات.

 

بۆیە داهاتووی ئێران بە پێشبینیکردنێکی سادە دیاری ناکرێت. ئێران لە ناوەڕاستی ڕێکخستنێکی ناوچەییی لە گۆڕاندایە؛ ئەمریکا لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاست و تێچووی ناوخۆیی جەنگ ڕووبەڕووە؛ تورکیا لە حاڵی پێناسەکردنەوەی سیاسەتی خۆی بەرامبەر کوردەکان و سوریا دایە؛ عێراق هەوڵ دەدات هاوسەنگی لەنێوان ئێران، تورکیا، ئەمریکا و جیهانی عەرەب بپارێزێت؛ سوریا چووەتە قۆناغێکی نوێ؛ و ئابووریی ئێران لەژێر فشاری زیادبووندایە. هەموو ئەم گۆڕاوانە بە یەکترەوە پەیوەستن. بۆیە جەنگی داهاتووی ئێران ڕەنگە پێش ئەوەی یەکەم مووشە شەلیک بکرێت، لە بانکەکان، بازاڕی نەوت، هەڵبژاردنی ئەمریکا، گفتوگۆی دیپلۆماسی، گۆڕانکارییەکانی کوردستان، سوریا و عێراق شێوەی خۆی وەرگرتبێت.

 

و لەوانەیە ئەمە گرنگترین وانەی جەنگە نوێکان بێت: جەنگ چیتر تەنها ئەوە نییە کە لە مەیدانی شەڕدا ڕوودەدات. جەنگ دەتوانێت لە ئابووری، سیاسەت، میدیا، هەڵبژاردن، سنوورەکان و مێشکی خەڵکدا بەردەوام بێت. مووشە ڕەنگە دوا قۆناغی قەیران بێت، نەک یەکەم قۆناغی. ئەگەر ئێران و ڕکابەرەکانی نەیتوانن ئەم بازنەیە بوەستنێنن، جەنگی ئابووریی ئەمڕۆ ڕەنگە سبەی ببێتە جەنگێکی سەربازیی نوێ؛ و جەنگی سەربازیی نوێش ڕەنگە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ سزا و محاصرەی ئابووری. لەو بازنەیەدا هیچ کەسێک ناتوانێت بۆ هەمیشە براوە بێت. ئەوەی دەمێنێتەوە کۆمەڵگایەکە کە دەبێت تێچووی بڕیارەکانی دەسەڵاتەکان بدات. داهاتووی ئێران بە تەواوی لەم خاڵەدا دیاری دەکرێت: لە توانای ئەوەی بازنەیەک بشکێنێت کە جەنگ لە مەیدانی سەربازییەوە بۆ ئابووری، لە ئابوورییەوە بۆ سیاسەت، لە سیاسەتەوە بۆ کۆمەڵگا و دووبارە لە کۆمەڵگا بۆ مەیدانی جەنگ دەگوازێتەوە.