سەردانی پزیشکی دەروونی نەنگی نییە
وەردە ڕەشید -نووسەر

بەداخەوە تا ئەم ساتە، لەلای بەشێک لە تاکی ئێمە، سەردانی پزیشکی دەروونی یاخود تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی، دەبێتە هۆی دروستبوونی لەکەی دەروونی لەلای کەسی تووشبوو بە نەخۆشییەکە، ئەو کەسەی تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت، هەستێکی وای لا گەڵاڵە دەبێت کە لەلایەن دەوروبەرەکەیەوە بەچاوێکی دیکە تەماشا دەکرێت یاخود بەشێتبوو ناوزەند دەکرێت.
بێگومان ئەم بیرکردنەوەیە پەیوەندیی راستەوخۆی بەئاستی ناهۆشیاریی کۆمەڵگەوە هەیە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ لۆژیک هاوتەریب نییە، چونکە نەخۆشیی دەروونی پەیوەندیی بەگوێزەرە دەمارەکانەوە هەیە لە مێشکدا، کاتێک ئەم گوێزەرەوانە بە پێی پێویست ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن، کەسەکە تووشی جۆرێک لە نائومێدی و حەزی دوورەپەرێزی، واتە دوورکەوتنەوە لەگەڵ هاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەی یاخود سستی لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا و بیرکردنەوەی نامۆ و سەیر دەکەن.
هەڵبەت لەکۆندا کۆمەڵگەی زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش بۆ نموونە ئەمریکا کە یەکێکە لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهان، هەڵگری ئەم جۆرە لەتێگەیشتنی هەڵە بوون، تا ئەوکاتەی راگەیاندن بەشێوەیەکی بەرچاو رۆڵی کاریگەریی بینی لە پووکانەوەی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە و چەند فیلمێکی تایبەت بەو بابەتەیان (نەخۆشیی دەروونی)، بەرهەمهێنا و زۆرێک لەسەرمایەدارەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکان لە هونەرمەند و ئەکتەری بەناوبانگ، هاتنە سەرشاشەی کەناڵەکان و زۆر بەسادەیی تووشبوونی خۆیان بە نەخۆشی دەروونی راگەیاند، ئەمەش وای کرد وردە وردە کۆمەڵگای ئەمریکی، وەکو هەر نەخۆشییەکی دیکە لەنەخۆشیی دەروونی بڕوانن، دەکرێت لەلای ئێمەش راگەیاندن دەوری کارا و کاریگەر بگێڕێت لە هۆشیارکردنەوەی تاک و رێنوێنیکردنیان بەسەردانی پزیشکی دەروونی یاخود راوێژکاری دەروونی، تا بە زووترین کات و لەسەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیی دەروونی یاخود گرێی دەروونی سەردانی پزیشکی پسپۆر بکەن تاکو چانسی زوو چاکبوونەوە و تەشەنەنەکردنی نەخۆشیەکە (نەخۆشیی دەروونی) لەدەست نەدەن و بۆ قوتاربوون لێی پەنا نەبەنە بەر رێگەی هەڵە.