رۆژاڤا دەسڕدرێتەوە و بێدەنگی جیهان، جێی پرسیارە

شەم شەمەی ساڵح- ڕۆژنامەنووس

ئەوەی لە رۆژئاوا دژ بە کورد کرا، شەڕی پەراوێزخستن نەبوو، ململانێیەکی ناوچەیی نییە، بەڵکو تاوانی جەنگی بەردەوام و پاکتاوی نەتەوەییە.


لەوێ خەڵکی مەدەنی کورد دەکوژرێن، منداڵان لەژێر داروپەردوودا دەنێژرێن، خێزانەکان لە ماڵەکانیان دەردەکرێن، ناوچە کوردنشینەکان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کە بە پشتیوانیی راستەوخۆ و پشتگیریی سیاسی ئیقلیمی چالاکی دەکەن، هێرشیان دەکرێتە سەر. 


ئەمە بە ئاشکرا و بەڵگەدار و لەبەردەم چاوی جیهاندا ڕوودەدات و لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگی هەیە، ئەم بێدەنگییە بێلایەن نییە، بەڵکو بژاردەیەکی سیاسییە.


ساڵانێکە شەڕێکی سیستماتیکی دژی کورد دەکرێت، بە بیانووی پاراستنی ئاساییشی وڵاتێک، چەندین شار و شارۆچکەی کوردنشین لە سوریا داگیرکراون.


میلیشیا توندڕەوەکان وەک ئامرازێکی سیاسەتی دەرەوە بەکاردەهێنن دژی کورد، تاوانەکانی جەنگ بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەپێی رێککەوتننامەکانی جنێڤ، پەیڕەوی ناوخۆی رۆمای دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC) و بنەماکانی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، قەدەغەیە کە هێرش بکرێتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی و بە زۆر ئاوارەکردنی هاووڵاتیان، بەڵام ئەمانە رێک لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریادا روودەدەن.


کاتێک وڵاتێک دارایی و راهێنان و هەماهەنگی گروپە چەکدارەکان بکات، دەبێت بەرپرسیارێتی یاسایی تەواو لە ئەستۆ بگرێت لە بەرامبەر سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.


رۆژئاوا، پڕۆژەیەکی دیموکراسییە کە دەبێت بپارێزرێت، هەڕەشە نییە بۆ سەر جیهان، بەڵکو هەڕەشەیە بۆسەر تیروریستانی جیهان بەتایبەتی لە سوریادا، ئەوان باوەڕیان بە  یەکسانی جێندەری هەیە، دیموکراسییانە هەنگاو دەنێن، رێز لە پێکەوەژیانی نێوان گەلان و ئایینەکان دەگرن، بەردەوام رووبەڕووی توندڕەوی دەبنەوە، هەر بۆیەش هێرش دەکرێتە سەر رۆژئاوا. ئەو کوردانەی کە داعشیان تێکشکاند، خەڵکی رۆژئاوا بوون، زیاتر لە هەزار گەنجی کورد لە شەڕی دژی داعش شەهید بوون، ئەمڕۆ خێزانەکانیان بە بۆمب و بێدەنگی پێشوازییان لێدەکرێت.


ئەوانەی سەردەمانێک وەک پاڵەوان ستایش دەکران، ئێستا پشتیان تێدەکرێت، ئەمە کارەساتێکی ئەخلاقییە.


ئەوروپا و ئەمریکا دەبێ هەنگاو بنێن، ئێستا بانگەوازم بۆ، پەرلەمانی سوید، وەزیری دەرەوەی سوید، حکومەتی سویدە، لەگەڵیشیدا بۆ فەرەنسا و ئەمریکا، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، یەکێتی ئەوروپا و هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، بۆ دەستبەجێ:
شەرمەزارکردنی هێرشەکان بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی کورد، داوای لێکۆڵینەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن سەبارەت بە تاوانەکانی جەنگ لە رۆژئاوا کە لە چەند رۆژی رابردوودا کراون، راگرتنی ئەو هاوکارییانەی کە شەرعیەت بە پێشێلکارییەکان دەدەن، کۆکردنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان: پزیشکان، چاودێریی تەندروستی، خۆراک، دەرمان و پاراستن، رۆژئاوا پێویستی بە کردار هەیە، نەک لێدوانی زیاتر. نابێت ئەو رێککەوتنەی نێوان هەسەدە و دیمەشق، ئیتر تاوانەکان لە بیر بباتەوە، دەبێت بکرێنە وانەیەک بۆ داهاتوو، دەبێت تاوانکاران سزا بدرێن، بەمە رێگریی دەکرێت لە توندوتیژی و توندڕەویی و سەرکوتکردن لە رێگەی هێزەوە.