ژن و نێچیری ئارەزووەکان
وەردە ڕەشید- نووسەر
ژن بوونەوەرێکی هەستیارە و پێویستی بە خۆشەویستی و گرنگیپێدانە، لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە بە سۆزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەفسوس زۆرجار خانمە تازە پێگەشتووەکان بەهۆی فەرامۆشکردن و پەراوێزخستنیان لەلایەن خێزان و پەروەردەکارانەوە دەبنە نێچیری ئارەزووەکان و دواتر ترس و دڵەڕاوکێ و نائومێدی سەراپای ژیانیان دادەپۆشێ، تا ئەو رادەیەی بەشێک لە خانمان لەکاتی گرفتاربوون بە رووداوی کارەساتئامێز و ئابروچوون، بەهۆی دڵنیانەبوون لە کاردانەوەی خێزان و کۆمەڵگە، بەکارێکی دژواری دەزانن سەرگوزەشتەی چیرۆکە تراژیدی ئامێزەکانیان بگێڕنەوە، بۆیە بە پەنهانی کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن، دیارە گەورەترین نەهامەتی لەم سەردەمەدا بەرۆکی خانمان دەگرێت، بریتییە لە فریودانیان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و سەرەتا لەڕێگەی هیواپێدانیان بە بناغەدانانی ژیانێکی شایستە و دواتریش سەرگەرمکردنیان بە ناردنی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی، سەرئەنجام بەکارهێنانی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانە وەک کەرەستەی گوشارلێکردنیان بە کردنی کاری ناڕەوا، پوختەی قسەکان گرنگە دایکانی خۆشەویست زەمینەی گفتوگۆ و خستنەڕووی رازەکان بۆ کچان بڕەخسێنن و رۆڵی هاوڕێیەکی نزیک لەگەڵ کچۆڵەکانیان بگێڕن، تا کەسانی نەخۆش و ویژدان مردوو ئەو بۆشاییە پڕ نەکەنەوە، بێگومان باوکانیش لەبەرکەوتنی ئەرکی ئاراستەکردنی تەوژمی ژیانی کچاندا بەرەو کەنارێکی ئارام پشکی شێریان بەردەکەوێت، هەروەک شاعیری گەورەی عەرەب نزار قەبانی دەڵێت: پشتی هەموو خانمێک باوکێکی باش و داهاتێکی سەربەخۆیە»، لەگەڵ بیستنی هەر چیرۆکێکی تراژیدی پەیوەست بە سووتانی رۆح و دەروونی خانمە تازە پێگەشتووەکان، ئەو ئازارەی ناخم دەتەنێ، بێباکیی خێزانە لەوەی لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا بواری بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان رەخساندووە بۆ ئەو خانمە ژیان پڕ لە مەینەتییە، دوور لە پەروەردەکردنێکی تەندروست بەجۆرێک کە پەیوەندییەکی پووچەڵ ئاوەزی نەتەنێ، دیارە مەبەست لە هێنانە باس و خواسی ئەم بابەتە دەست بردن نییە بۆ ئازادیی تاکە کەس بەپێچەوانەوە هەر شتیک ببێتە هۆی هێنانی خەم و پەژارە بۆ تاکەکان مانای ئازادی دەشێوێنێ و دەهێنێت مشتومڕی لەسەر بکرێت.
گرنگە دایکان زەمینەی گفتوگۆ بۆ کچان بڕەخسێنن و رۆڵی هاوڕێیەکی نزیک لەگەڵ کچۆڵەکانیان بگێڕن، تا کەسانی ویژدان مردوو ئەو بۆشاییە پڕ نەکەنەوە.