لادانی گەنجان لە خوێندنگەکاندا هۆکارەکان، دەرئەنجام و چارەسەرکردن
سوعاد مەلا سەعید - سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

تافی گەنجی یەکێکە لە قۆناغە هەستیارەکانی ژیانی مرۆڤ. قۆناغێکە کە تێیدا ناسنامەی کەسیی دروست دەبێت و بەها و بیروباوەڕەکان دەست دەکەن بە چەسپاندن، بەڵام گەنجان لەم قۆناغەدا، بەرەوڕووی چەندین لادان و گرفت دەبنەوە، کە کاریگەرییان لەسەر رەفتار و هەڵوێستەکانیان دەبێت. لەم بابەتەدا تیشک دەخەینە سەر هۆکارەکانی ئەم لادانانە و دەرئەنجامەکانیان و هەندێک پێشنیازی ئەگەریی-افتراضي- دەکەین بۆ چارەسەرکردنیان.
یەکەم: هۆکارەکانی لادانی گەنجان
١- فشارە کۆمەڵایەتییەکان:
فشارە کۆمەڵایەتییەکان لە دیارترین هۆکارەکانی لادانی گەنجانن. زۆرێک لە گەنجان هەوڵدەدەن لەگەڵ هاوتەمەنەکانیاندا بگونجێن، هەندێکجار وایان لێدەکەن بەشداریی رەفتارە نەشیاوەکانی وەک: جگەرەکێشان و نیرگهلەکێشان بکەن. هاوڕێکان، کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی هەیە.
٢- نەبوونی رێنمایی خێزان:
خێزان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە داڕشتنی رەفتاری گەنجان، بەبێ رێنمایی دروستی دایک و باوک، رەنگە گەنجان خۆیان لە ژینگەیەکدا ببیننەوە، کە خاڵیی بێت لە بەها و بنەماکان، ئەمەش ئەگەری لادان زیاد دەکات. ئەو دایک و باوکانەی، کە پشتیوانی سۆزداری یان پەروەردەیەکی کوالێتی پێشکەش ناکەن، رێگە بۆ لادانی منداڵەکانیان خۆش دەکەن.
٣-راگەیاندن و تەکنۆلۆژیا:
میدیا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تێڕوانین و رەفتاری گەنجان هەیە، بەرکەوتنیان بەو فیلمانەی کە توندوتیژی و پهرتهوازهیی خێزانی و ماددە هۆشبەرەکان بەرەوپێش دەبەن، یان لە کچاندا زیادەڕەوی لەخۆنمایشکردن و جوانکاریی و ماکیاژ و جلوبهرگی رووت دەکەن، رەنگە هانیان بدات، لاسایی ئەو شتانە بکەنەوە، کە دەیبینن. هەروەها دەکرێت سۆشیال میدیا بەشداربێت لە گواستنەوەی کەلتوری جوانکارییدا، چونکە گەنجان هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی دەرکەوتنێکی دیاریکراو، کە لەگەڵ ستانداردە باوەکانی جوانکارییدا بگونجێت.
دووەم: دەرئەنجامەکانی لادان
١- کاریگەریی لەسەر دەستکەوتی ئەکادیمی:
لادان، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاستی خوێندنی گەنجان هەیە، بەشدارییکردن لە رەفتارە ناتەندروستەکاندا دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی تەرکیز و خراپی دەستکەوتی ئەکادیمی. ئەو خوێندکارانەی، کە بەشداریی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان یان رەفتارە نەرێنییەکان دەکەن، زۆرجار دەرفەتی خوێندنیان لەدەست دەدەن.
٢- کێشەی دەروونی:
لادان، سەرچاوەی زۆرێک لە کێشە دەروونییەکانە وەک: (خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و توڕهبوون و ههڵچوونی بێ سنوور، تا ئهو رادهیەی ئازار بهخۆی بگهینێت یان به بهرامبهرهکهی). ئەو گەنجانەی رووبەڕووی فشارە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە، یان بەدەست نەبوونی خۆقبووڵکردنەوە دەناڵێنن، لەوانەیە خۆیان لە سووڕێکی هەست و سۆزی نەرێنیدا ببیننەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر تەندروستی دەروونی و سۆزدارییان دەبێت.
٣-کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان:
لادان، دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو گەنجانەی کە خەریکی رەفتارە نەرێنییەکان دەبن، لەوانەیە متمانەی خێزان و هاوڕێکانیان لەدەست بدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دابڕان و دوورکەوتنەوە لە بازنە کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکان.
4/ پهراوێزخستنی رۆڵی توێژهری کۆمهڵایهتیی له زۆرترین خوێندنگهکان، که وهکو خۆیان کار ناکهن، کاری سهرهکی ئهوان چاودێری کێشهی قوتابیان و رێنمایی کردنیانه.
سێیەم: پێشنیاز و چارەسەر
١-بەهێزکردنی رێنمایی خێزان:
خێزانەکان دەبێت زیاتر رۆڵی خۆیان ببینن لە رێنماییکردنی منداڵەکانیان و دایک و باوک، دهبێت ببن به هاوڕێی یهکهم له ژیانی منداڵهکانیان، ئەمەش دەتوانرێت لە رێگەی گفتوگۆ سەبارەت بە بەها و ئەخلاقەکانەوە بەدەست بهێنرێت. دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت، کە رێگە بە گەنجان بدات هەست و بیرکردنەوەکانیان دەرببڕن، متمانەیان بەخۆیان بەرز دەکاتەوە.
٢- پەروەردە و هۆشیاری:
بەرنامەکانی پەروەردە و هۆشیاریی لە قوتابخانەکاندا، ئامرازێکی کاریگەرن بۆ بەرەنگاربوونەوەی لادان. بابەتەکانی وەک: (تەندروستی دەروونی و هەڵبژاردنی دروست)، پێویستە لە پرۆگرامی خوێندندا جێگیر بکرێن. لە رێگەی ۆرکشۆپ و خول و سیمینارەوە دەتوانرێت گەنجان لەسەر مەترسییەکانی لادان و چۆنیەتی دوورکەوتنەوە لێیان، پەروەردە بکرێن. بێگومان لێرەدا رۆڵی رێنماییکاری کۆمهڵایهتی دهردهکهوێت.
٣- پشتگیرییکردن لە چالاکییە ئەرێنییەکان:
هاندانی گەنجان بۆ بەشدارییکردن لە چالاکییە ئەرێنییەکانی وەک: وەرزش، هونەر و کاری خۆبەخشیدا، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت. ئەم چالاکییانە توانا کۆمەڵایەتییەکانیان بەرز دەکەنەوە و هەست بە دەستکەوت و سەربەخۆیییان پێدەبەخشن.
٤-بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا بە شێوەیەکی ئەرێنی:
دەتوانرێت میدیا و تەکنۆلۆژیا بەکاربهێنرێت بۆ رێنماییکردنی گەنجان بەرەو ناوەڕۆکی ئەرێنی. دروستکردنی پلاتفۆرمی کارلێککەر کە پەیوەندیی ئەرێنی پەروەردە دەکات و بەها باشەکان بەرەوپێش دەبات، رەنگە بەشداربێت لە کەمکردنەوەی تاوانکاری.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، لادانی گەنجان لە خوێندنگەکاندا، نوێنەرایەتی ئاستەنگێکی گەورە دەکەن، کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لەلایەن خێزانەکان و قوتابخانەکان و کۆمەڵگەوە. بە باشتر تێگەیشتن لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە، دەتوانین ستراتیژیی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی دابڕێژین. پێشخستنی بەها ئەرێنییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی پشتیوانی کلیلی رێنماییکردنی گەنجانە بەرەو رەفتارە تەندروستەکان و داهاتوویەکی گەشاوە.