خۆشباوەڕیی نیعمەتێکە زۆرتر سەرکێش و باوەڕدارەکان قەدری ئەزانن

پەیمان عیزەدین – پارێزەری یاسایی

 

خۆشباوەڕیی پڕۆسەیەکە ئەبێت لە منداڵیەوە لەسەری ڕابهێنرێیت ،بۆ ئەوەی خۆشباوەڕو ئاسودەبیت ئەبێ لەسەرەتاوە لەگەڵ پڕۆسەی بێباوەڕکردن بە توانا و پرسیارو گومانەکانی خۆت بڕۆی، مل بدەی بۆ هەموو ئەو سەرکوتکاریەی لە خێزانەوە بەرامبەرت ئەکرێ و بێدەنگ بی لەکاتی وەرنەگرتنەوەی وەڵامی پرسیارەکانت و ڕێگە نەدەیت گومانت بۆ دروستبێ لەسەر هەر زانیاری و باوەڕێک کە دایکت یا باوکت بەڕاستی ئەزانن .

 

ئەگەر توانیت وابیت ئەوا زەمانەت ئەکەیت کە تا هەتایە بە ئاسودەیی بژیت، لە خوێندندا هیچ قسە و ڕەفتارێکی هەڵەی مامۆستاکانت پرسیارت بۆ دروست نەکات، کە کارت کرد، هیچ بێ مافی و ناهەقیەک ڕاتناچڵەکێنێ، کەبویتە ئەندامی حیزبێک ،پرسیارت لەسەر هیچ روداو و بابەتێکی ناو حیزبەکەت بۆ دروست نەبێ، ئەوەی مەلای مزگەوتەکەت بەڕاستی زانی لای تۆش ڕاستە و بیرلێکردنەوەی ناوێ.

 

هەرچی مامۆستا، بەڕێوەبەر، سەرۆکی حیزب، سەرۆکی خێڵ وتی و کردی بێ دوودڵی ڕاستن و جێی بچوکترین گومان نین هەروەک ئەوەی هەموو رەفتار و گوفتارەکانی دایک و باوکمان جێی پرسیارو گومان نەبون.

 

لە مناڵیەوە و لەناو خێزانەوە یەکەم پڕۆسەی خۆشباوەڕی و رەتکردنەوەی پرسیار و گومان و وازهێنان لە گەڕان بەدوای ڕاستی و چاوداخستن لە ناهەقی دەست پێئەکات، هەر لەوێشەوە سەرەتاکانی خۆڕاهێنان لەگەڵ ملکەچی و چێژوەرگرتن لە کۆیلایەتی سەرهەڵئەدات.

 

ئەم گۆشکردنە بە بێدەنگی ، توانا و بیرکردنەوەی تاک ئەکوژێ و وەک ئەوەی ئێستا هەیە لەشکرێک لە مرۆڤ دروست ئەبێ توانای بچوکترین گۆڕانکاری نیە و هەندێ جار پرسیارو گومانەکانی ناو سەری خۆشی بەتاوان ئەزانێ، چ جای ئەوەی بهێڵێ یەکێک لەو گومانانە بێنە دەرەوەی مێشکێکی ئاسودە و خۆشباوەڕ.

 

لە ئەنجامدا خۆشباوەڕەکان گەلێکی ئامادە بۆ چەوساندنەوە پێک ئەهێنن و کەمینەی سەرکێش و باوەڕدارەکانیش بەتوانا و بیرکردنەوەی خۆیان لەنێوان دوو بەرداشی گوێڕایەڵی وحاڵیی نەبونی زۆرینە و ستەمکاریی دەسەڵات دەهاڕدرێن.