ئەردۆغان و بەڵێنەکانی

بڵێسە جەبار فەرمان – سیاسەتمەدار

 

لە دەستپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردن دا، سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەردەم هەزاران لایەنگرانیدا لە رۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، "بەم نزیکانە کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات دەسڕینەوە"، جەختیشی کردەوە کە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگا زیانلێکەوتووەکان "ئەولەویەتی ئەولەویەتەکانیانە".

 

 بڕیارە مانگی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە تورکیا بەڕێوەبچێت، ئەردۆغان و بە هەزاران لایەنگر و کادیری حزبەکەی، کە لە هۆڵێکی وەرزشی ئەنقەرە کۆببوونەوە وتی: تورکیا هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لەوەی بەهێز بمێنێتەوە و هێزی خۆی بەهێز بکات بۆ ئەوەی ملکەچی کۆیلایەتی سیاسی و ئابووری هیچ لایەنێک نەبێت.

 

هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا کە هاوکات سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانە، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو جیهانی ئیسلامی چاوەڕێی ئەوەن بزانن لە ١٤ی ئایاردا چی ڕوودەدات"، سەرباری ئەو هەموو دژایەتیەی پارتە کوردیەکان و زیندانی کردنی بە دەیان سەرکردە و چالاکوانی هەدەپە و شەڕی سەختی پەکەکە، سەرۆک کۆماری تورکیا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە لەو بوارانەدا.

 

خەرج کردنی بە ملیۆنەها دۆلاری باج و داهاتی ئەو وڵاتەی لەسەر دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکەی وەکو، لیبیا و سوریا و عێراق و ئازەربایجان و ئەرمێنیا و خازاکستان و یەمەن و چەندەها وڵاتی تر و لاوازکردنی ئابوری وڵاتەکەی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە تورکیا لە سایەی سەرۆکایەتی ئەردۆغان لە هەموو روویەکەوە پاشەکشەی کردوە.

 

ئەردۆغان ترسی لە هەڵبژاردن هەیە، دەیەوێت لە کۆتا ساتەکانی پێش هەڵبژاردن دوژمنێکی وەهمی دروستبکات و جەنگ لە دژی بەرپا بکات، لەم ساتەدا ئەو دوژمنە وەهمیە یەکێتی نشتیمانی کوردستانە.

 

بە کردنە ئامانجی سلێمانی، هەوڵی نمایشکردنی هێز و توانای خۆی دەدات و فۆکسی کێشەکانی بەلایەکی تردا دەبات، سیاسەتی دروستکردنی قەیران و دوژمنی وەهمی بۆ لەبیربردنەوەی قەیرانە کەڵەکە بووەکان بەکاردەهێنێت.

 

بێگومان ئەم هاژوهوژانەشی لە بەرژەوەندی هەندێک لایەنی ناوخۆیی عێراقن، کە بە هەمان شێوە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی ئابووری خۆیان و واژۆ کردنی ڕێککەوتنی زۆرەملێ و دۆڕانی کەیسی دادگای نێودەوڵەتی، بەکاری دەهێنن، بەڵام رۆژی هەڵبژاردن زۆری نەماوە و سندوقی دەنگدان سیاسەتی دوای مانگی ئایاری تورکیا دیاری دەکات و ئەو هاژوهوژانەش کۆتاییان دێت.