بازاڕکردن لە ژێر کاریگەری دڵەڕاوکێدا
نەرمین عوسمان محەمەد- نووسەر
دیاردەی بازاڕ کردن لەژێر کاریگەری دڵەڕاوکێدا لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە: شمەککڕینی خەڵک یاخود بازاڕ کردنیان بۆ رێژەیەکی زۆر لە کاڵا بە کتوپڕی بەهۆی ترسیان لە کەمبوونەوەی ئەو جۆرە کاڵایەنە، یاخود بە هۆی بەرزبوونەوی نرخیان یان بە هۆی روودانی قەیرانێکەوە، بۆ نموونە لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا، یان لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگەکاندا، یا لە کاتی قەیرانە ئابوورییەکان و روودانی کارەساتە سرووشتییەکاندا.
لە رووی مێژووییشەوە ئەم دیاردەیە نوێ نییە، بەڵکو رەفتارێکی بەکۆمەڵە کە هەمیشە هاوەڵی قەیرانە گەوەرەکان بووە، بە تایبەتی کاتێک ترس پەیوەست بووە بە کەمیی خواردن، یان بڕینی هاوکارییەکان، نموونەی ئەم دیاردەیەش لە کۆمەڵێک سەردەم و بۆنەی جیاوازادا روویانداوە، دیارترینیان جەنگە جیهانییەکانە، قەیرانی نەوت لە ساڵی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا ، قەیرانی دارایی جیهانی ساڵی ٢٠٠٨ ، نوێترین و دیارترین نموونەش لە بەردەمماندا سەردەمی پەتای کۆڕۆنایە ساڵی ٢٠٢٠، لەوسەردەمەدا شەپۆلێک بازاڕکردنی جیهانی بەرپابوو کە لەوەوپێش رووینەدابوو بە جۆرێک هەندێک کاڵا لە بازاڕەکاندا نەمان، وەکو پاککەرەوەکان وئارد و مەعکەڕۆنە و تەنانەت دەستەسڕی تەوالێتیش نەما.
بانگەواز بۆ هاوڵاتیان
ئەم قۆناغە بە دیارترین و فراوانترین دۆخی کڕینی تۆقێنەر لەسەردەمی نوێدا هەژمار دەکرێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی دیاردەکەوە لە هەموو جیهاندا بە خێرایی و دروستبوونی ترسێکی بەکۆمەڵ.
لەمڕۆشدا کە هەموو جیهان سەرقاڵی چاودێریکردنی رەوشی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیلە لەگەڵ ئێران و هەموو ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شڵەژاوە و جۆرێک لە شڵەژان و ترسیش رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەم ترسە زۆر بە زەقی لە بازاڕەکاندا بەدیدەکرێت بە جۆرێک زۆر خێزان دەبینیت تەنها لە دوو کەس پێکهاتوون، بەڵام کاڵا و کەل و پەلی سێ خێزانی گەورەیان کڕیوە، یان هەندێک کات لەبەردەم شوێنی دانانی هەندێک کاڵادا بە تایبەتی بابەتە خۆراکییەکان پاڵەپەستۆیەکی زۆر درووست دەبێت، یان کتوپر هەندێک لە بابەتەکان دیار نامێنێت، ئەمە وایکرد لە هەرێمی کوردستانیش بانگەواز ئاڕاستەی خەڵک بکرێت تا نەترسن و هەڵپەی شتکڕین نەکەن و ئەوانەی جارێک سەردانی بازاڕیان کردووە لە رۆژێکدا دووبارە سەردان نەکەنەوە و تکا لە کڕیاران کرا زیاد لە پێویستی خۆیان بازاڕی نەکەن، تا رێگە بە کڕیارانی دیکەش بدەن کەل و پەل و پێداویستییەکانیان بکڕن.
قۆناغە جیاوازەکان
راستە کورد نەتەوەیەکی شۆڕشگێڕ و ستەم لێکراوە و نەهامەتی و قات و قڕی و نەبوونی زۆری لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی خەباتیدا بینیوە، بەڵام هەمیشە بەهێز و ئیرادەی خۆی دەرچەیەکی بۆ ئەو نەبوونی و نەهامەتییە دۆزیوەتەوە، بۆیە ئێستا کە هێشتا ئەو جەنگە کاریگەریی لەسەر بواری ئابووریی ئێمە و داهاتی خۆراکیمان نەبووە، پێویست ناکات هاووڵاتیان خۆیان دووچاری دڵەڕاوکی و ترس و شڵەژان بکەن، بە گوشار خستنە سەر گیرفانیان لەلایەکەوە و گوشار خستە سەر بازاڕەکانیش لە لایەکی دیکەوە، چونکە بە پێی بنەماکانی دەروونناسی و مێژووی قەیرانەکانیش دەرکەوتووە هێمنی و دانایی باشترین رێگەن بۆ رووبەرووبوونەوەی جەنگ و دۆخە نەخوازراوەکان.