کاتێک کە کەزیەک دەبێتە پاراستن

ئالا فەرەح، ئەندامی ژنۆلۆژی لوبنان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە ناو ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆدا، کە هاوڵاتیانی کوردی تێیدا دەژین، سیاسەت و ململانێ بەیەکەوە گرێدراون و زمانی دەسەڵات زاڵە بەسەر هەموو وتارەکانی دیکەدا، زۆرجار لایەنێکی چارەنووسساز لە پرسی کورددا چاوپۆشی لێدەکرێت: شوناسی کولتووری، بە تایبەتی ئەو ئاماژە بچووکانەی کە واتای مانەوە و بەرخۆدان بەرجەستە دەکەن.

 

لەناو ئەم ئاماژانەدا، کەزی زیاتر لە تەنها ئیکسسواراتێکی نەریتی دیارە، نیشانەی سەربەخۆیی و یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ زیندووە و بەشێکە لە گێڕانەوەی گەلێک کە لە بەرامبەر هەوڵە بەردەوامەکانی سڕینەوەدا هەوڵدەدات بۆ پاراستنی ناسنامەکەی، کاتێک باس لە کەزی کوردی دەکەین، تەنها باسی ڕێگایەک بۆ بەستنەوە یان ڕازاندنەوەی قژ ناکەین، بەڵکو باس لە زمانێکی بێدەنگ دەکەین کە ژنانی کورد بۆ چەندین نەوە قسەی پێدەکەن، کەزی لەناو تاڵەکانیدا واتای سەربەخۆیی، ئارامی و هەندێکجار بەرەنگاربوونەوەی هەڵگرتووە.

 

ئەوەی ئەمڕۆ کورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە، تەنها لە ململانێی سەربازیی یان پەراوێزخستنی سیاسیدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ خودی پەیکەری ژیانی ڕۆژانەی، وەک زمان و جلوبەرگ و داب و نەریتی و تەنانەت ڕواڵەتی دەرەکی، کەزی کوردی دەبێتە دەربڕینێکی بێدەنگ، بەڵام قووڵ، دەربڕینی سەرپێچ، ڕەتکردنەوەی ملکەچبوون، ڕەتکردنەوەی وازهێنان لە ڕەگەکانیان و ڕەتکردنەوەی دەستبەرداربوون لە هەموو ئەو شتانەی کە نوێنەرایەتی ناسنامەکەیان دەکەن.

 

کەزی هەمیشە لە ژیاندا ئامادە بووە، یاوەری ژن و منداڵان و پیاوانیش بە هەمان شێوە بووە، لەگەڵ گۆڕانی سەردەمدا، واتای خۆی لەدەست نەداوە، بەڵکو ئاماژەکانی قووڵتر بووەتەوە، ئەمڕۆ نوێنەرایەتی ئیرادەیەک دەکات بۆ بەرگەگرتن، وەک بیرخستنەوەیەک ناتوانرێت شوناس بە فەرمان بسڕدرێتەوە، هەروەها ناتوانرێت بە ئاسانی بشکێنرێت.

 

پاراستنی ئەم جۆرە ئاماژانە نابێت وەک نۆستالژیا بۆ ڕابردوو سەیر بکرێت، بەڵکو وەک بەشێک لە خودی خەبات بۆ بوون سەیر بکرێت، ئاماژە کولتوورییەکان شتێکی خۆشگوزەرانی نین، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتین لە پاراستنی یادەوەری بەکۆمەڵدا، کاتێک ئەم ئاماژانە دەکرێنە ئامانج یان بچووک دەکرێنەوە، ڕێگە خۆش دەکات بۆ سڕینەوەیەکی فراوانتر و قووڵتر.

 

کەزی کوردی، لە سادەیی خۆیدا، ئەوەی وت کە وتارە سیاسییەکان درێژەکان نەیان توانی بیڵێن، ئەم گەلە هێشتا ئامادەیە و دەزانێت کێن، ڕەنگە کەزیەکە هاوسەنگی هێز نەگۆڕێت، بەڵام شتێکی زۆر گرنگتر دەپارێزێت، ئەویش ناسنامەیە.

 

لە سەردەمێکدا، کە نەخشەکان دەگۆڕدرێن و گێڕانەوەکان دەنووسرێنەوە، ئەم وردەکارییە بچووکانە وەک بەڵگەیەک دەمێننەوە لەسەر ئەوەی کە کورد هەرگیز لە مێژوودا تەنها تێبینی کۆتای نەبووە، بەڵکو هەڵگری چیرۆکێکە کە تا ئێستاش دەنووسرێتەوە.

 

لە وڵاتێکدا، کە شەڕ هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هەموو شتێکی داوە لە پەیوەندییەوە تا یادەوەری، کەزی کورد وەک شایەتحاڵێکی بێدەنگ دەمێنێتەوە کە شوناس تەنها دروشمێک نییە کە دەبێت بەرز بکرێتەوە، بەڵکو پراکتیزەیەکی بچووک و ڕۆژانەیە کە لەو دەستەوە دەست پێدەکات کە کەزی دەهۆنێتە و لە دڵدا کۆتایی دێت کە ڕەتیدەکاتەوە لەبیری بکات.

 

بۆ من هەرکاتێک کەزیەکی کوردی دەبینم، هەست دەکەم لە خودی سووریا دەچێت: تاڵێکی زۆر، تێکەڵاوبوون، هەندێکیان زۆر توند، بەڵام دواجار، یەک کەزییە، لەوانەیە هەندێک جار ئاڵۆز بێت، ڕەنگە پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەبێت، بەڵام بە ئاسانی هەڵناوەشێتەوە.