کاریگەری میدیای نوێ لەسەر خاسیەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی ژن

د. پاڤێ جەمیل - مامۆستای بەشی راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی

د. پاڤێ جەمیل - مامۆستای بەشی راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی

 

خاسیەتە دەرونییەکانی مرۆڤ دیاریدەکرێن بە کۆمەڵێک حەز و هەست و سۆزو پێداویستی و پاڵنەری کەسی کە گرێدراوی داب و نەریت و بابەتی پەروەردە لەسەرکراوەکانن لەگەڵ هەندێک پێکهاتەی فسیۆلۆجی مرۆڤن، هەروەها دەتوانین بڵێین کۆمەڵێک چالاکی مرۆڤن لەگەڵ تێکەڵاوبوونیان و کارلێککردنیان بە ژینگەی واقعی ژیانکردنیان، بەجۆرێک خۆگونجاندن بێت لە هەموولایەنەکانەوە.

لە گرنگترین خاسیەتە دەروونیەکانی ژن بوونی هەست و سۆزە لە دەروونیدا کە کاریگەری گەورەی هەیە لە سەر کۆی دەربڕین و سرووشتی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی، وەک مامەڵەکردنی بە بابەتەکانی ماڵداری و خێزان و منداڵ بەخێوکردن، هەروەها بە هۆکاری سرووشتی ژنێتی زیاتر گرنگی بە بابەتی تەندرووستی و جوانی و دیزاین و دەستڕەنگینی … هتد دەدات، هەربەهەمان هۆکار زیاتر لە پیاوان تووشی گرفت و کێشەی دەروونی جیاواز دەبنەوە لەوانە دوودڵی و خەمۆکی کە لە دیارترینیانە هەروەها سەرئێشەی بەردەوام بەهۆکاری قورسایی و زەحمەتی و هەژموونە ئاڵۆزە کۆمەڵایەتیانەی کە دەکەونەسەری، بە جۆرێک ناتوانێت هەستە پەنگ خواردووەکانی کە تووڕەیی و بێزاری و ڕقلێبوونەوەی لێدەکەوێتەوە لە هەستەکانی دەرنەبڕدرێن.

شارەزایانی بواری میدیا و دەروونزانی گرنگی بە زانینی سروشتی دەروونی ژنانیان بەهەند وەرگرتووە و بەردەوام ویستوویانە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکەن بەهۆکاری ئەوەی ژنان زیاتر بەرکەوتە و کاریگەرن بە ئامڕازە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی میدیا کە رۆڵیان هەیە لەسەر پەیامە میدیاییەکان بە جۆرێک میدیا ئاڕاستە دەکەن ئەو بابەتانە هەڵبژێرن بۆ بڵاوکردنەوە کە جێگەی گرنگی و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ژنانە، لە هەمانکاتدا لایەنی دەروونی پێکهاتەیەکی گرنگە کە لە ڕێگەیەوە کاریگەردەبێت بە بابەتە میدیاییەکان.

ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن کاریگەری گەورەیان هەیە لە درووستکردنی ڕۆشنبیری و زانیاری لای تاکەکان بەتایبەت ژنان کە لەزۆرێک باردا سەرچاوەی سەرەکی وەرگرتنی زانیاریە بۆیان کە لەتوانایدایە سەرباری زانیاریەکانی بێت، تایبەتمەندیان بگۆڕێت و کاریگەری لەسەر دنیابینین و هزری هەبێت.

ئامڕازەکانی میدیا کاریگەرییان هەیە لە پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پڕکردنەوەی پێداویستی تاکەکان، وەک پێداویستی زانیاری و بابەتی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و … ، کۆمیونیکەیشنی ژنان لە ڕێگەی ئامڕازە نوێیەکانی میدیاوە وەک میدیا کۆمەڵایەتیەکان کە لە ئێستادا ژنان خۆیان بە هەموو چین و توێژەکان تیایدا بەشدارن و بە ڕێوەی دەبەن و بەو ڕێگایەدا دەڕوات کە میدیای تەقلیدی نەیتوانیوە بیکات و دەستی بۆببات لە ئێستادا لە ڕێگەی گرووپەتایبەتەکانی ژنان ئەوپرسە تایبەتانە باسدەکرێن بێ سڵەمینەوە لە ناسینەوەیان یاخوود بوونی سانسۆر لەسەریان بەهۆکاری سرووشتی ئامڕازەکە کە ئەو تایبەتمەندیای تێدایە ژنان دەتوانن بە ناو و وێنەی خوازراو بەشداربن.

کە ڕۆچۆتە پرسەکانی ژنان بەتایبەت کار لەسەر ئازادی ژنان و ئەرک و مافەکانیان و شێوازی ژیانکردنیان و بوون بە خاوەن ئابوری سەربەخۆ و شێوازی سەربەخۆبونی بیر و بۆچوون دەکات هەروەها هاتنەدەرەوە لەو ڕێچکە چەقبەستووەی کە تیایدا چەندین سەدەیە تیایدا ماونەتەوە و نەتوانراوە دەستی لێبدرێت و باسی لەبارەوە بکرێت.

هەر لەم سۆنگەیەوە ژنان دەکەونە دۆخێکی سایکۆلۆژی لە ململانێ و شەڕ و ناکۆکی لە نێوان بیرووباوڕ و هزری ئازاد و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و لەلایەک داب و نەریت و بیرووباوەڕی پەروەردەکراو لەسەری کە هەمووپێکەوە دەبنە سەرلێشێواوی و شڵەژانی دەروونی و تەسککردنەوەی ئازادی تاکەکەسی وەک ژن.

بۆیە گرنگە ژنان پێش هەر هەوڵدانێکیان بۆ تاقیکردنەوەی بابەتی نوێ و نوێگەری لەڕووی ڕۆشنبیری و هۆشیاری لە بابەتەکان خۆئامادەکاری تەواوی لەلا درووست بووبێت بۆ توانینی خۆگونجاندن و سوود بینین لە بابەتەکان پاشان بەشداری بکات نەک لایەنە پێچەوانەکانی بە هەمان شێوەش میدیا ئاستی ڕۆشنبیری وەرگرەکانی لەبەرچاو بگرێت تا بتوانێت بابەتەکانی لەبەرژەوەندی وەرگر بێت.